سياسەت

مەسرور بارزانی: "بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕیارێکی نایاساییە"

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، نابێت حکوومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی وسزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت.

Sarmand Hameed  | 27.04.2020 - نوێکردنەوە : 30.04.2020
مەسرور بارزانی: "بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕیارێکی نایاساییە"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، نابێت حکوومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی وسزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت و ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، جینین هینیس- پلاسخارت کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی مەسرور بارزانی، لە دیدارەکەدا کە نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، ئەدهەم ئیسماعیل ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستووەتە سەر بڕیاری نایاسایی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان کە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکوومەتی بەغدا و جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی رایگەیاند: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدامان کرد و نیازپاکی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور نیشاندا و چەندین پێشنیاریشمان بۆ چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو کە سەرەنجام لە کۆتایی ساڵی رابردوو، حکوومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالی گەیشتنە لەیەکگەیشتنێکی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بە جۆرێک کە حکوومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و حکوومەتی فیدرالیش بڕی 900 ملیۆن دۆلار وەک مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بەڵام بەداخەوە دواتر کاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی نەبوو".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە نابێت حکوومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت کە ئەمە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمە.

لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش، مەسرور بارزانی هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەربڕی لە سەر بنەمای هاوبەشیی و پابەندبوون بە دەستوور.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، ئەدهەم ئیسماعیل ستایشی رێکارەکانی خۆپارێزی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی زۆر سەرکەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın