جيهان

میانمار.. کوژرانی ١٤ پۆلیس لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە

هێرشی سێ گرووپی چەکداری نەژادی بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ویلایەتی شان لە میانمار، کوژرانی لانی کەم ١٤ پۆلیسی لێکەوتەوە.

Ömer Faruk Yıldız  | 10.04.2021 - نوێکردنەوە : 10.04.2021
میانمار.. کوژرانی ١٤ پۆلیس لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە

Kuala Lumpur

کوالا لامپور - AA

لە ئاکامی هێرشی سێ گرووپی چەکداری نەژادی پشتیوانیکار لە خۆپیشاندەرانی دژ بە کودەتا لە میانمار بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ویلایەتی شان، لانی کەم ١٤ پۆلیس کوژران.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی The Irrawaddy، سوپای هاوپەیمانی دیموکراسی نیشتمانیی میانمار (MNDAA)، سوپای ئازادی نیشتمانیی تانگ (TNLA) و ئەندامانی سوپای ئاراکان، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس.

لەو هێرشەدا لانی کەم ١٤ پۆلیس کوژراون و، دوو پۆلیسی دیکە بێ سەروشوێن بوون.

دوای هێرشەکە سوپای میانمار هەڵیکوتاوەتە سەر دوو گوندی نزیک لاشیۆ، بە هۆیەشەوە لانی کەم ٣٠٠ هاووڵاتی مەدەنی ماڵ و حاڵیان جێهێشت.

هەریەک لە سوپای ئاراکان، سوپای ئازادی نیشتمانیی تانگ و سوپای هاوپەیمانیی دیموکراسیی نیشتمانیی میانمار، لە راگەیەنراوێکیاندا کە لە ٣٠ی ئاداردا بڵاویانکردەوە، ئاماژەیان بەوە کردبوو ئەگەر سوپای میانمار کۆتایی نەهێنێت بە توندوتیژییەکانی بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ سوپا هەیانە تێکدەدەن و دەچنە ریزی خۆپیشاندەرانەوە.

گرووپە چەکدارەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا ئاگربەستیان لەگەڵ سوپای میانماردا واژوو کردبوو.

لە لایەکی دیکەوە، بانگەشەی ئەوە کرا کە سوپای میانمار لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکراوی چینەوە چاودێری خۆپیشاندەران دەکات.

گۆڤاری Janes International Defence Review کە لە بەریتانیا دەردەچێت، لە هەواڵێکیدا باسی لەوە کرد لێکۆڵینەوەیان لەو تۆمارە ڤیدیۆیە کردووە کە تیادا دەردەکەوێت لە شاری ماندالیای میانمار فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سەربە سوپا بەسەر خۆپیشاندەراندا فڕیون.

بانگەشەی ئەوە کرا کە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا دەرکەوتوون دروستکراوی کۆمپانیای تەکنەلۆجیا و زانیاریی ئاسمانیی چینن کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی پیشەسازی بەرگریی چینی.

هەروەها رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە دووی ئاداردا لە هەواڵێکیدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە سوپای میانمار بەمەبەستی چاودێری کردنی خۆپیشاندانەکانی دژ بە کودەتا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکراوی ئیسرائیلی بەکارهێناوە.


- کودەتا سەربازییەکەی میانمار
دوای ئەوەی گرووپە سیاسییەکانی نزیک لە سوپای میانمار بانگەشەی بوونی ساختەکارییان لە ھەڵبژاردنەکانی ٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا کرد، و لە دوای ھەڵکشانی گرژییەکان لە وڵاتەکە، سوپا رۆژی ١ی شوبات دەستی بەسەر دەسەڵاتدا لە میانمار گرت.

سوپا، وەزیری دەرەوە و سەرکردەی راستەقینەی وڵاتەکە ئاونگ سان سوو چی و ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و کادیری پارتی دەسەڵاتی دەستگیرکرد و باری نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێک راگەیاند.

ھاوکات نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی کودەتاکەیان کرد و تورکیاش لە سەرووی ئەو وڵاتانەوە بوو کە بە توندی ناڕەزایەتی نیشاندابوو. ئەمریکا، کەنەدا و بەریتانیا سزایان خستە سەر ئەو بەرپرسە سەربازییانەی کە رۆڵیان لە کودەتاکەدا ھەبووە.

میانمارییەکان لە ٦ی شوباتدا، بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın