عێراق

مستەفا کازمی: "ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە بە راوێژکاریی"

- سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی: "ھێزەکانی سوپا، پۆلیس، حەشد، پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و دەزگای ھەواڵگریی بەشداربوون لە شەڕی دژبە تیرۆر".

Zana Natık Kerem  | 11.04.2021 - نوێکردنەوە : 11.04.2021
مستەفا کازمی: "ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە بە راوێژکاریی"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە ھێزەکانی سوپا، پۆلیس، حەشد، پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و دەزگای ھەواڵگریی بەشداربوون لە شەڕی دژبە تیرۆر و ئاماژە بەوەیش دەکات کە لەئێستادا، ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، راوێژکاریی و مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکان.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، مستەفا کازمی لە یەکەم کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا ئەنجامدرا گوتەیەکی پێشکەشکردووە و رایگەیاندووە کە ستایشی رۆڵی ھێزەکانی دژەتیرۆری عێراق دەکات لەشەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش و گوتی:

"تیرۆر بووەتە بەرەنگارییەکی جیھانیی و عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرەنگارییەدا کردووە".

گوتیشی: "عێراقییەکان یارمەتی ھەموو وڵاتانی جیھانیان داوە بۆ رزگاربوون لە تیرۆر و ئەو سەرکەوتنەش کە بەسەر تیرۆردا تۆمارکرا، لە کۆتاییدا سەرکەوتنی عێراق بوو".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشداوە کە پێویستە عێراقییەکان شانازی بەوە بکەن کە بە نوێنەرایەتی ھەموو جیھان شەڕی دژبە تیرۆریان کردووە و گوتی:

"ھێزەکانی سوپا، پۆلیس، حەشد، پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و دەزگای ھەواڵگریی بەشدارییان لەشەڕی دژبە تیرۆر کردووە، بەڵام ھێزەکانی دژەتیرۆر رۆڵێکی گەورە و گرنگیان لە پاکسازی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا هەبووە".

گوتیشی: "لە میانی چەند مانگی رابردوودا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کۆتاییمان بە بوونی بەناو ویلایەتی دیجلە ھێنا کە ئەو ئۆپەراسیۆنەیش لە لایەن ھێزەکانی دژەتیرۆر ئەنجامدرا و دووەم گەورە کەسی نێو رێکخراوی تیرۆریستی داعشمان کوشتووە".

مستەفا کازمی راشیگەیاند، "لەئێستادا ھەوڵەکانمان بۆ توندوڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و کۆنترۆڵکردنی ھەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا و رێگرتن لە دەستوەردانی بیانی خستووەتەگەڕ".

سەبارەت بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، ئەوا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گوتی: "بەھۆی گفتوگۆی ستراتیجییەوە، لەئێستادا، ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، راوێژکاریی و مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانە".

گوتیشی: "لە میانی ھاوکارییەکانی نێودەوڵەتیی و ھەرێمیی، ھەوڵەکانمان بۆ لەناوبردنی تۆڕەکانی پاڵشتیکردنی دارایی بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان خستووەتەگەڕ".

مستەفا کازمی لە کۆتاییدا گوتی: "عێراق رۆڵی مێژوویی خۆی لە ناوچەکە و جیھان بەو ئاراستە دەگێرێت کە ببێتە پردی پەیوەندیی لە نێوان ھەموواندا".

ئەمڕۆ شەممە یەکەم کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێووەچوو کە لە لایەن دەزگای دژەتیرۆرەوە رێکخرابوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın