عێراق

لە ھەولێر رێوڕەسمێک بۆ رۆژی جیھانیی منداڵان بەڕێوەچوو

Heman Hussein Yaseen  | 01.06.2023 - نوێکردنەوە : 04.06.2023
لە ھەولێر رێوڕەسمێک بۆ رۆژی جیھانیی منداڵان بەڕێوەچوو

Arbil

هەولێر - AA

بەبۆنەی رۆژی جیھانیی منداڵان، ماڵی تورکمانیی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی تورکمان لە وەزارەتی رۆشنبیریی ھەرێمی کوردستان بە هاوبەشی چەند رێکخراوێکی بواری منداڵان، رێوڕەسمێکیان ئەنجامدا کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بەشداربوون و بەشدارییان لە چەند بڕگەیەکی رێوڕەسمەکەدا کرد.

منداڵان لەم رۆژەدا بە جلوبەرگێکی نوێ و رەنگاوڕەنگ دەستە دەستە لە ھۆڵی رێوڕەسمەکەدا دەبینران و دوای گۆرانی گوتن و شیعر خوێندنەوە، دواتر لەسەر مێزێکی درێژ دانیشتن کە کاغەز و پێنووسی رەنگاوڕەنگی لەسەر دانرابوو بۆ ئەوەی ئەو وێنەیەی لە ھزر و خەیاڵیاندا ھەیە، بیکێشن.

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی و هونەریی تورکمان لە وەزارەتی رۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیلان ئاڵتی بەرماغ ئاماژە بەوە دەکات کە بە مەبەستی بونیادنانی نەوەیەکی نوێ لە پێکهاتە جیاوازەکان، ساڵانە لەم رۆژەدا چەندین چالاکی تایبەت بەم بۆنەیەوە بەڕێوەدەبەن.

گەیلان ئاڵتی بەرماغ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ئەوەی نەوەیەکی داھاتوو بونیاد بنێین، ساڵانە لە ماڵی تورکمان چەندین رێوڕەسم و ئاھەنگی تایبەت بۆ منداڵان لە پێکھاتە جیاوازەکان ئەنجام دەدەین، ئەو منداڵانە نەوەی دواڕۆژن بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بێبەش نەبن لە ژیانی منداڵیی خۆیان، ئەوا پێویستە ئێمە مافەکانییان بۆ فەراھەم بکەین".

گوتیشی: "وەزارەتی رۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی تایبەت بە رۆشنبیریی و هونەریی تەرخانکردووە، جگە لە چالاکیی بۆنەکان، ئەوا ساڵانەش لە وەرزی هاویندا چەندین خولی تایبەت بە فێربوونی زمان و میوزیک بۆ منداڵان دەکرێتەوە".

ژمارەیەک رێکخراوی بواری منداڵان بەشداربوون لە بۆنەکەدا و سەرپەرشتی چەند بڕگەیەکی رێوڕەسمەکەیان دەکرد کە یەکێک لەوانە بڕگەی وێنەکێشان بوو، یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە بەشداریپێکردنی منداڵان لە وێنەکێشان و بەکارهێنانی رەنگی جیاواز، بۆ ئەوەیە کە بیری منداڵ بجووڵێنرێت و کاریگەری ئەرێنی لەسەر خودی منداڵەکە هەیە.

پەرێز سەعید لە رێکخراوی بەهرەمەند بۆ هۆشیاری منداڵان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەکو رێکخراوی بەھرەمەند بەشداربووین بە وێنەکێشان و ناساندنی وێنەکێشان بۆ ئەوەی بیری مندڵان بجوڵێنین و بزانین تا چەند بە رەنگەکان ئاشنان، چونکە بێگومان بەشدارییکردنییان لەم بۆنە و رێوڕەسمانە کاریگەری لەسەر دەروون و کاراکردنی بیری منداڵ هەیە، چونکە ناساندنی رەنگ شتێکی کەم نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هانییان دەدەین بۆ ئەوەی فێری وێنەکێشان بن و بزانن کام رەنگ لە کوێی وێنەدا بەکاردەهێنن".

بەپێی ئەنجامی کۆنفڕانسی جیھانیی بۆ پاراستنی مافی منداڵ لە ساڵی ١٩٢٥دا، رۆژی یەکی حوزەیرانی ھەموو ساڵێک بۆ وەک رۆژی جیھانیی منداڵان دەستنیشانکراوە و لەم رۆژەدا رێکخراوەکانی تایبەت بەم توێژە، چەندین چالاکی جۆراوجۆر بە مەبەستی فەراھەمکردنی ژیانێکی خۆشتر بۆ منداڵان ئەنجام دەدەن و ساڵانەش وەک تەواوی وڵاتانی جیھان لە ھەرێمی کوردستانیش لەم بۆنەیەدا چەندین چالاکی ئەنجام دەدرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın