سوپای سووریا: "یەپەگە/سەدەگە تیرۆریستانی داعش'ی لە بەندیخانەی شەدادی ئازاد کرد"
Ankara
ڕەققە - AA
سوپای سووریا ڕایگەیاند، ڕێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/سەدەگە لە بەندیخانەی شەدادی لە پارێزگای حەسەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، تیرۆریستانی داعش'ی ئازاد کردووە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، سوپای سووریا بڵاوی کردووەتەوە کە هێزەکانیان بە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە، پەیوەندییان بە هێزەکانی یەپەگە/سەدەگە کردووە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی بەندیخانەکە لە ئەستۆ بگرن و ئەوان ئەو بابەتەیان ڕەت کردووەتەوە.
سوپای سووریا ئاماژەی بەوەداوە کە هێزەکانیان چوونە ناو شارۆچکەی شەدادی و ڕایگەیاندووە: "دوای ئازادکردنی ئەندامانی داعش لە بەندیخانە لە لایەن سەدەگەوە، هێزەکانی سوپا چوونە ناو شارۆچکەی شەدادی لە دەوروبەری حەسەکە".
لە بەیاننامەکەی سوپای سووریادا هەروەها هاتووە، هێزەکانی سووریا دەستیان بە پشکنین و کێوماڵکردنی ناو و دەرەوەی شەدادی کردووە و ڕێکاری پێویست لە دەوروبەری بەندیخانە دەگرنە بەر.
هەروەها ڕاگەیاندراوە کە هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنەوەی بەندکراوانیش بەردەوامە.
سوپای سووریا لەو ڕاگەیاندراوەدا یەپەگە/سەدەگەی بە بەرپرسی ئازادکردنی بەندکراوەکان زانیوە.
بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان دەسەڵاتی دیمەشق و یەپەگە/سەدەگە کە بۆ ئاگربەست و تێکەڵبوونی هێزەکان واژوو کراوە، بڕیار دراوە کە دەسەڵاتی کەمپەکانی داعش لە لایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەوە ڕادەستی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بکرێت.
