عێراق

ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان بەرز ڕاگیرا

لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، ٣٦ھەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە کرایەوە.

Zana Natık Kerem  | 16.03.2024 - نوێکردنەوە : 18.03.2024
ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان بەرز ڕاگیرا

Arbil

ھەولێر ــ AA

ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئازار، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، ٣٦ھەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە کرایەوە.

کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە کاتژمێر ١٠ و ٥٥ خولەکی ڕۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە رێگای فڕۆکەی جەنگییەوە بە بۆمبی کیمیایی ئەنجامدرا و لە ئاکامدا، زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی و ساڵانەش لەم ڕۆژەدا ھاووڵاتییان بۆ ماوەی پێنج خولەک بۆ ماتەمینی و یادکردنەوەی ئەو کارەساتە دەوەستن.

ئەمڕۆ شەممە لە سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ماوەی پێنج خولەک وەستان بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی کیمیارانی ھەڵەبجە بەڕێوەچوو.

ھاوکات ھەر یەک لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی بە جیا پەیامی خۆیان لە ٣٦ھەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە بڵاوکردەوە.

لەوبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە: "کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک تاوان و جینۆساید و ئەنفال و زیندەبەچاڵکردن کە زۆر دڕندانە دەرھەق بە گەلی ستەملێکراوی ئاشتیخواز و ژیاندۆست و مرۆڤپەروەری کوردستان کراوە، تەنیا گوناھیشی ئەوە بووە لە وڵاتی خۆیدا داوای ماف و ژیان و ئازادی و شکۆمەندی کردووە، ئەگەر ھیچ دادپەروەرییەک ھەبوایە، تەنیا جینۆسایدی ھەڵەبجە بەس بوو بۆ ئەوەی ھەموو مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بناسرێن".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەم یادەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ھەڵەبجە و ھەڵەبجەیییەکان و تەواوی قوربانییانی جینۆساید و ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە قەرەبوو بکرێنەوە، لە ھەموو بوارەکانیشدا باشترین خزمەت بکرێن و ھاتووە: "بۆ ئەمە پێویستە حکوومەتی عێراق ھەموو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان و دادپەروەری بۆ قوربانییان جێبەجێ بکات، لەسەر ئاستی جیھانیش دەبێ کار بکرێت بۆ ئەوەی ھەرگیز ڕێگە نەدرێت تاوان و کۆمەڵکوژیی ئاوا لە ھیچ شوێنێک دووبارە ببنەوە"‌.

لای خۆیەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە، "جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەھیدانی ھەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی ڕەوا و دەستووریی خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەش تەواو بکەن".

ھاوکات وەزارەتی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٣٦ھەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە بڵاویان کردووەتەوە، تیایدا داوایان کردووە کە ڕێکارە یاسایی و کارگێری و داراییەکانی بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجە تەواو بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە ببێتە مایەی بووژانەوە و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری شارەکە و فەراھەمکردنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ دانیشتووانە تێکۆشەر و قوربانیدەرەکەی.

ڕاشیان گەیاندووە: "داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە ئەم تاوانە لەسەر ئاستی جیھانی بە جینۆساید بناسرێت و لە ھەمان کاتدا داوا لە حکوومەتی عێراقیش دەکەین کە ھەرچی زووە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە و پابەند بێ بە ناوەڕۆکی ماددەی (١٣٢)ی دەستووری عێراق بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانی جینۆساید و ھەموو زیانلێکەوتووانی سەرجەم ناوچە کارەساتبارەکانی کوردستان".

٣٦ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨دا، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق شاری ھەڵەبجەیان بە گازی کیمیایی بۆردومان کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستدا و سەدان ھاووڵاتی دیکەیش برینداربوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın