حەماس گومانی ھەیە لە کوژرانی جێگری فەرماندەی گشتی عیزەددین قەسام
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، عیزەت ڕەشق: "ھیچ متمانەیەک لە ڕاستی بانگەشەکەی داگیرکەر لەبارەی کوژرانی جێگری فەرماندەی گشتی لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس، مەروان عیسا نییە و قسەی کۆتاییش لەوبارەیەوە لای عیزەددین قەسامە".
Gazze
غەززە ــ AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، عیزەت ڕەشق گومانی ھەیە لە ڕاستی بانگەشەکەی ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی جێگری فەرماندەی گشتی لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس، مەروان عیسا.
دوێنێ سێشەممە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، دانیال ھاگاری ڕایگەیاندبوو: "دوای ھەڵسەنگاندنی زانیارییە ھەواڵگرییەکان، دەتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا کە دوو ھەفتە لەمەوبەر لەلایەن ھێزەکانمانەوە ئەنجامدراوە، جێگری فەرماندەی گشتی لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس، مەروان عیسا کوژراوە".
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، عیزەت ڕەشق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "ھیچ متمانەیەک لە ڕاستی بانگەشەکەی داگیرکەر لەبارەی مەروان عیسا نییە و قسەی کۆتاییش لەوبارەیەوە لای عیزەددین قەسامە".
عیزەت ڕەشق ڕاشیگەیاندووە: "بانگەشەکەی داگیرکار لەبارەی کوژرانی مەروان لەم کات و ساتەدا، ئامانج لێی پەردەپۆشکردنی ئەو قەیرانانەیە کە ڕووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو بوونەتەوە، ھەروەھا شکستی سوپای داگیرکەر لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە شەڕی غەززە نیشان دەدات".
تا ئێستا لیواکانی عیزەددین قەسام، ھیچ ڕاگەیاندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.