عێراق

بەنگلادیشییەکان بەروبوومی وڵاتەکەیان لە هەولێر بەرهەم دەهێنن

Heman Hussein Yaseen  | 01.06.2023 - نوێکردنەوە : 02.06.2023
بەنگلادیشییەکان بەروبوومی وڵاتەکەیان لە هەولێر بەرهەم دەهێنن

Arbil

هەولێر - AA - هێمن حوسێن

لە گوندی عارەبکەند سنووری پارێزگای هەولێر هاووڵاتییەک پارچە زەوییەکی بەکرێ داوەتە چوار کرێکاری بەنگلادیشی و لەوێ سەوزەواتی وڵاتەکەیان لێ دەچێنن کە لەڕووی قەبارە، شێوە و تامەوە لە سەوزەوات و بەروبوومەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازە.

بەنگلادیشییەکان بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستانن و کرێکاری دەکەن، بۆیە فێری زمانی کوردی بوون و توانیوویانە لە پاڵ کرێکاری لە گوندی عارەبکەند زەوییەکی کشتوکاڵی بەکرێ بگرن و سەوزەی تایبەت بە خۆیانی لێ بەرهەم بهێنن.

خاوەنی زەوییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر لە زەوییەکە گەنمیان چاندووە، بەڵام کاتێک چەند کەسێکی بە رەگەز بەنگلادیشی داوایان کردووە زەوییەکە بە کرێ بگرن بۆ ئەوەی سەوزەواتی تایبەت بە بەنگلادیشی لێ بچێنن، ئەویش زەوییەکەی پێیانداوە و لەئێستاشدا لەو شوێنە سەوزەواتی وڵاتی بەنگلادیش بەرهەم دێت.

زەوییەکە کراوەتە چەند پارچەیەک کە چەند جۆرێک سەوزەواتی جیاوازی لێ دەچێنرێت کە بریتیین لە سڵق، بیبەر، باینجان، کولەکە و چەند جۆرێکی دیکە کە سەرەتا تۆوی ئەو سەوزەواتانەیان لە بەنگلادیش هاوردە کردووە و لە زەوییەکە چاندوویانە و ماوەی ساڵێکە درێژە بە کارەکەیان دەدەن و وەک خۆیان دەڵێن کڕیاری تایبەتیان هەیە بۆ بەروبوومەکانیان.

خاوەن زەوییەکە، مەولود فاروق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵی پار ئەو چەند کرێکارە بەنگلادیشە هاتنە گوندەکەمان و داوایان کرد پارچە زەوییەک بە کرێ بگرن بۆ ئەوەی سەوزەواتی تایبەت بەخۆیانی لێ بچێنن، منیش لەو چەند دۆنمە زەوییەی خۆم، پارچەیەک زەوییم بە کرێیەکی هەرزان پێیاندا بۆ ئەوەی کشتوکاڵی تایبەت بەخۆیانی لێ بکەن و ماوەی ساڵێکە لێرە خەریکی کشتوکاڵین".

گوتیشی: "لە وەرزی هاویندا، بەروبوومەکانی وەک کولەکە، تەماتە، باینجان، خەیار و بیبەری لێ دەچێنن و لە وەرزی زستانیشدا، سڵق و تووری لێ دەچێنن، بەڵام هەموو بەرهەمەکان شێوە و قەبارە و تامی لەگەڵ بەرهەمەکانی ناوچەکە جیاوازە و کڕیاری تایبەتی خۆیانیان هەیە".

خاوەن زەوییەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە شێوازی کشتوکاڵکردن لەنێوان خەڵکی عێراق و بەنگلادیش تەواو جیاوازە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەوان بۆ چاندن و رنینەوە پشت بە هیچ ئامێرێک نابەستن، هەروەها سوود لە هەموو گیا و سەوزەواتەکان وەردەگرن لە کاتێکدا هەندێک گیا هەن کە خەڵکی عێراق لە رێگای دەرمانی قڕکەرەوە لەناویان دەبات.

مەولود فاروق گوتیشی: "ئەو کرێکارە بەنگلادیشیانە زیاتر کارەکانیان بەدەست دەکەن و ئامێر بەکارناهێنن، هەروەها ئەو جۆرە گیایانەی کە ئێمە لە رێگای دەرمانی قڕکەرەوە لەنێویان دەبەین، ئەوان لێیدەکەنەوە و دەیفرۆشنەوە و کڕیاری تایبەتیشیان هەیە، هەروەها بەروبوومەکانیشیان ئاوی کەمتری پێویستە بە جۆرێک ئێمە بۆ پێگەیشتنی سەوزەواتەکان هەموو رۆژ کرداری ئاودان بۆ زەوییەکەمان دەکەین، بەڵام ئەوان هەفتانە یەک جار زەوییەکە ئاو دەدەن".

لە نزیک زەوییەکە بیرێکی ئاوی پاک هەیە، هەم خاوەن زەوییەکە و هەم کرێکارە بەنگلادیشییەکان سوودی لێ وەردەگرن و سەوزەکانییان پێ ئاو دەدەن.

کرێکارە بەنگلادیشییەکان، رۆژانە کرێکاری خۆیان دەکەن و هەفتانەش چەند جارێک سەردانی زەوییە کشتوکاڵییەکە دەکەن بۆ چاککردن و ئاودان و دواتریش لێکردنەوەی بەروبوومەکان.

یەکێک لە کرێکارە بەنگلادیشییەکان کە پێشووتر لە بەنگلادیش کاری جووتیاری کردووە و ماوەی چەند ساڵێکە لە هەولێر کرێکاری دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەتا چوونەتە بەنگلادیش تۆوی ژمارەیەک سەوزەواتیان هێناوە و لەسەر زەوییەکە چاندوویانە و ماوەی ساڵێکیشە درێژە بە پیشەکەیان دەدەن.

کرێکاری بەنگلادیشی، خەیرول ئیسلام بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە مانگی شوبات دەست بە چاندن دەکەین و مانگی تشرینی دووەم تەواو دەبین، بە گشتی بە درێژایی ساڵ کاری کشتوکاڵی دەکەین، زیاتر بەروبوومەکانی وەک سڵق، بیبەر، کولەکە، خەیار، باینجان و بامیە دەچێنین، بەڵام بابەتەکانی ئێمە بەنگلادیشییە و لەگەڵ سەوزەکانی ئێوە لەڕووی قەبارە، تام و شێوەوە جیاوازی هەیە، بۆ نموونە باینجانی بەنگلادیشی رەنگی سپییە لە کاتێکدا باینجانی ئێرە رەنگی رەشە، هەروەها کولەکەی بەنگلادیشی کێشی یەک دانەی نزیکەی ١٠ کیلۆ دەبێت، هەروەها بامیەکان قەبارەیان جیاوازە لەگەڵ بامییەکانی لێرە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی تامیشەوە جیاوازییەکی زۆریان هەیە".

گوتیشی: "ئێمە کڕیاری تایبەت بە خۆمان هەیە، هەندێکیان بەنگلادیشی و بیانین، بەڵام هەندێکیان عەرەبن و لە شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق پەیوەندیمان پێوە دەکەن و دێن بەرهەمەکانمان لێ دەکڕن، هەروەها رۆژانی هەینیش لە بازاڕی نیشتمان لە سەنتەری شاری هەولێر بەشێک لە بەرهەمەکانمان نمایش دەکەین و لە رۆژانی دیکەشدا بەسەر مۆڵ و مارکێتە تایبەتەکاندا دابەشیان دەکەین".

یەکێکی دیکە لە کرێکارە بەنگلادیشییەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێکی زۆر لەو گیایانەی کە لێرە لەناو دەبرێن، ئەوان سوودی لێ وەردەگرن و بۆ خواردن بەکاری دەهێنن.

کرێکاری بەنگلادیشی، شەهاب رەجاک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەڕەرای چاندنی سەوزەکان و پێگەیشتن و فرۆشتنەوەیان لە بازاڕدا، هەروەها هەندێک سەوزەی خۆڕسک هەیە کە لە میانی کشتوکاڵکردندا لە تەک سەوزەکان دەڕوێن، لێرە لە رێگای دەرمانی قڕکەرەوە لەنێویان دەبەن، بەڵام ئێمە بۆ خواردن سوودیان لێ دەبینین و هەندێکجار کڕیارەکانیش خواستیان لەسەرە بۆیە لەلای ئێمە هیچ گیایەک لەنێو نابرێن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن