عێراق, هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ٢٠٢١

بەغدا.. خۆپیشاندەرانی دژبە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وێنەی مستەفا کازمی لێدەکەنەوە

لایەنگرانی ئەو هێز و قەوارە سیاسییانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق رەت دەکەنەوە، وێنەی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمییان لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا لێکردەوە، لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراق دەڵێت: "دەربڕینی ناڕەزایەتیی مافێکی رێگەپێدراوە".

Sarmand Hameed  | 20.10.2021 - نوێکردنەوە : 20.10.2021
بەغدا.. خۆپیشاندەرانی دژبە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وێنەی مستەفا کازمی لێدەکەنەوە

Iraq

بەغدا - AA

لایەنگرانی ئەو هێز و قەوارە سیاسییانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق رەت دەکەنەوە، وێنەی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمییان لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا لێکردەوە، لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراق دەڵێت: "دەربڕینی ناڕەزایەتیی مافێکی رێگەپێدراوە لە چوارچێوەی یاسادا".

شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند، دەیان خۆپیشاندەری ناڕازیی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، وێنەکانی مستەفا کازمییان لە دیوارەکانی نزیک ناوچەی سەوز لێکردەوە.

ناوچەی سەوز کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بەغدا و باڵەخانەی حکوومەت و پەرلەمان و نێردە دیپلۆماتییەکان لەخۆدەگرێت، لە رووی ئەمنییەوە تەواو پارێزراوە.

هێزە سیاسییە شیعەکان و گرووپە چەکدارەکان، حکوومەتەکەی کازمی و لایەنی بیانی (مەبەستیان ئەمریکایە) بە ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەخت تۆمەتبار دەکەن و داوای دووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگی سەرجەم دەنگدەرانی عێراق دەکەن.

لە بەرامبەردا حکوومەت و چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی ئاماژە بەوە دەدەن کە هەڵبژاردنی پێشوەخت کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بووە.

لای خۆیەوە گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرنی عێراق ئەنجامیدا، گوتی: "ناڕەزایی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە، ئەوانە مافی خۆیانە ناڕەزایەتییان هەبێت بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا بێت".

چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران رابگەیەندرێت.

بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانی سائیرون باڵی سیاسیی رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بووە بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە و لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستهێناوە.

هاوکات لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی ٣٨ کورسی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نوری مالیکی ٣٤ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوە.

هاوپەیمانی فەتح کە چەتری سیاسیی گرووپە چەکدارەکانە، تەنها ١٦ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێناوە لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا بە بەدەستهێنانی ٤٨ کورسی بووە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın