جيهان

ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی

-لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی دیموکرات لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور، جۆ بایدن سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

Hakan Çopur  | 01.03.2020 - نوێکردنەوە : 02.03.2020
ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی

Washington DC

واشنتۆن-AA 

کێبڕکێکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامن.

لە 3ی شوباتەوە هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتەکانی ئەمریکا دەستیان پێکردوە، لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی دیموکرات دا، ویلایەتی کارۆلینا چوارەم ویلایەت بوو کە هەڵبژاردنی تیادا ئەنجامدرا.

یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن کە لە هەڵبژاردنی ویلایەتەکانی یۆوا، نیو هامسفێر و نێڤادا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنابوو، توانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ویلایەتەدا سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی "AP"ی ئەمریکی بایدن بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکان سەدا ٥١ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بووەتە براوەی بێڕکابەر، تا ئێستاش هەژمارکردنی دەنگەکان بەردەوامە.

لە دوای بایدن، بێرنی ساندەرس کە لە هەڵبژاردنەکانی دوو لەو سێ ویلایەتەی پێشتر هەڵبژاردنیان تیادا کرابوو سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، بە بەدەستهێنانی سەدا ١٨ی دەنگەکان لە ریزبەندی دووەمدا هات.

لە دوای ئەویش گەورە سەرمایەدار تۆم ستەیەر بە بەدەستهێنانی سەدا ١٥ی دەنگەکان ریزبەندی سێیەمی بەدەستهێنا.

پارتی کۆماریش وەک نیشانەیەک بۆ پشتیوانی کردنی کاندیدی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام نەدرێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی ئەمریکا لە 3ی شوباتەوە دەستی پێکردووە.

لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی دیموکرات لە ویلایەتی ئیۆوا بە جیاوازییەکی زۆر کەم پیت بوتیجەج توانی لە بێرنی ساندەرس بەرێتەوە.

بەڵام لە دوو هەڵبژاردنەکەی دواتردا کە لە ویلایەتەکانی نیو هامسفێر و نێڤادا بەڕێوەچوون ساندەرس توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

پارتی دیموکرات لە ١٤ ویلایەت کە دیارترینیان کالیفۆڕنیا، تەکساس، مینێسۆتا، کۆلۆرادۆ، کارۆلینای باکوور و ڤێرجینیان هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام دەدات.

بڕیاریشە لە سێی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوە بچێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın