نهمرود، مێژوو بهبێ لاماسۆ
شاری شوێنەواریی کالح یان نەمرود یەکێکە لەو شوێنەوارانەی کە مێژووییەکی دێرینی لە عێراقدا ھەیە، لێرە لە مێزۆپۆتامیا چەندین جار مێژوو نووسراوەتەوە، بەڵام ئەوەی داعش لە دوای ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ کردی سڕینەوەی بەشێک لەو مێژوو و شارستانییەتە بوو،

Ninawa
ھەولێر-AA
شاری شوێنەواریی کالح یان نەمرود یەکێکە لەو شوێنەوارانەی کە مێژووییەکی دێرینی لە عێراقدا ھەیە، لێرە لە مێزۆپۆتامیا چەندین جار مێژوو نووسراوەتەوە، بەڵام ئەوەی داعش لە دوای ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ کردی سڕینەوەی بەشێک لەو مێژوو و شارستانییەتە بوو، ئەوەی قەڵەم و قەمیش نووسییەوە، داعش بۆمبڕێژی کرد، ئێستا نەمرود بێ پەیکەری سەلامەت ماوەتەوە، شوێنەوارێکی تەقێنراوەیە.گەنجێک گوتی داعش پێیگوتوون ئەو پەیکەرانە ھێمای ھاوەڵدانانن بۆ خوا بۆیە دەبێت بڕووخێنرێن.
لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی نەینەوای راگەیاند و لەو رۆژەوە ئیدی داعش رۆژانە ئەو خاکەی پێشتر کۆنتڕۆڵی کردبوو لەدەست دەدات.
ئەگەرچی داعش پاشەکشە دەکات و شکستی گەورە دەھێنێت، بەڵام شوێنەوارەکانی و ئەو کارانەی کە کردوونی تادێت زیاتر لەبەردەم خەڵکی و راگەیاندنەکانی دونیا ئاشکراتر دەردەکەوێت، تێکدانی شوێنەوارەکانی ئەو ناوچانەشی لە ژێر چنگیدا بوون یەکێکە لەو دیارترین کاولکارییانەی ئەم رێکخراوە و چەکدارەکانی بەسەر کولتوور و کەلەپوور و مێژووی عێراقدا ھێنایان.
شەشی ئاداری ٢٠١٥، حکوومەتی عێراق رایگەیاند داعش شاری شوێنەواریی کالح یان نەمردووی تێکداوە، دواتر لە نیسانی ھەمان ساڵ داعش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تایبەت بوو بەوێرانکردنی چەندین پارچە شوێنەوار لە مۆزخانەی مووسڵ و دەروازەی نرگال لە شاری مووسڵ.
شاری شوێنەواریی نەمرود دەکەوێتە باشووری مووسڵ و ٣٠ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، بەگەوھەرێکی گەورەی شارستانیییەتی ئاشووری دادەنرێت، شارەکە لەسەر گردێکی بەرزە و شوێنێکی فراوانە کە شوێنەوارێکی زۆری تێدابووە.
لێرە لەناو شاری شوێنەواریی نەمرود کە شوێنێکی وێرانە و خاپوور کراوە ئێستا، چەندین پارچە پەیکەری زەبەلاح ھەن کە پارچە پارچە بوون و کەوتوونەتە سەر زەوی و بێناز لەبەر باران و رەحمەتی کەشوھەواوە ھەڵدەکات.
لەسەر گردێکی بەرز و لە شوێنێکەوە چووینە ناو شارەکە، گۆڕەپانێکی فراوان، چەند پەیکەرێکی گەورەی گای باڵدار کە دەموچاوی مرۆڤییان پێوەیە لەسەر زەوییەکە بەشکێنراوی و پارچە پارچەکراوی دەبنیرێن، ئەمان نووسینی بسمارییان لەسەر نووسراوە، چەندین وێنە و نیگاری دیکەش ھەن کە جێی تێڕامان و تەماشاکردنن.
ئەوەی بێتە ئەم شوێنە دەزانێت داعش لێرەوە تێپەڕی، یەکێک لە ھاووڵاتییانی ئەو شوێنە پێیگوتیین کە داعش چەند چەکدارێکی خۆی راسپارد بۆ لەناوبردنی ئەم پەیکەر و شوێنە شوێنەوارییە و کە لێیان پرسیون بۆ وا دەکەن ئەو چەکدارانە لە وەڵامدا گوتوویانە ئەوانە نیشانە و ھێمای ھاوەڵدانانن بۆ خوا.
نەمرود یەکێکە لە پاشاکانی سەرزەوی کە بەشێک لە کتێبە پیرۆزەکان باسییان لێوەکردووە، ئەم پاشایە کوڕی کوشی کوڕی حامی کوڕی پێغەمبەر نوحە دروودی خوای لەسەر بێت، بەدامەزرێنەری بنەماڵەی دەسەڵاتدار لە بابل و ئەکاد دادەنرێت، دەگوترێت ئەم دامەزرێنەری مەملەکەتی بابلە، نەمرود یەکێکە لەو پاشایانەی باسی خواوەندبوونی خۆی کردووە و گوتوویەتی ئەو دەتوانێت خەڵک بمرێنێت و زیندوو بکاتەوە، چی بوێت بیکات و چی نەوێت نەیکات، نەمرود یەکێکە لەو چوار پاشایەی ناوی لە قورئاندا ھاتووە.
کۆتایی نەمرود لەسەر دەستی مێشوولەیەک بووە ھەروەک خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی لێوە کردووە و لە ئایینی ئیسلامدا وەکو پەند تەماشا دەکرێت کە مێشوولەیەکی بچووک چووەتە ناو لووتییەوە و بەدرێژایی ٤٠٠ ساڵ دەبوو بەنەعل و شتی تر لە لووتی بدات بۆ ئەوەی ئەو مێشوولەیە بێدەنگ بێت تا لە کۆتاییەکە کوشتی.
نەمرود پاشای شوێنێک بووە لە عێراق کە بەخاکی شەنعار دەناسرێت و شارەزایان پێیان وایە ئەو شوێنە نزیکە لە بابلەوە. لە قورئاندا باسی کراوە و بەبێباوەڕ ناوی براوە. لە ئینجیلیشدا بەپاشایەک ناوزەد کراوە کە ویستوویەتی بەرامبەر بەخواوەند رابوەستێت. لە تەوراتیشدا بەبێ وردەکارییەکی ئەوتۆ ناوی براوە، باس لەوە دەکرێت ئەم مەملەکەتەکانی بابل، ئەکەد، ئوری دامەزراندووە لە عێراق.
یەکێک لەو گەنجانەی لەو ناوچەیە بوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە دڵتەنگیی خۆی و خەڵکی ناوچەکە بۆ لەدەستدانی ئەو شوێنەوارانەی نەمرود نیشاندا و گوتی: "بەداخەوە داعش زۆر شتییان وێران کرد، بەڵام نەدەبوو مێژوو بسڕەوە، ئەوان ئەوەیان کرد کە نەدەبوو بیکەن، ئەوان جوانترین پەیکەرەکانییان لەناوبرد، ئەو شوێنە خۆش و جوانەیان لەناوبرد کە مێژووی وڵاتێکە، ئێستاش ئاوا ئەم شوێنەیان کرد بەوێرانەیەک کە کەس بێزی نایەت جارێکی دیکە بۆی بێتەوە، چونکە بێ دڵتەنگی ناچینە دەرەوە ھەرچەندە باش بکرێتەوە".
دەگوترێت شاری شوێنەواری نەمرورد لەلایەن شا شلمنسەری یەکەمەوە دروست کراوە، بەپێی زاناکانی شوێنەوارناسی لەم ناوچەیە دەیان کیلۆ زێڕ ھەیە کە ھی چەند پاشایەکی ئاشووری بووە و پێشتر چەند جارێک چەندین پارچەی گەوھەر و بەردی بەنرخ و گران بەھا و پارچەی زێڕی گەورە دۆزراونەتەوە و، یەکێکە لەو شوێنانەی بۆ ئەوە پاڵێوراوە رێکخراوی یونسکۆ بیخاتە لیستی کەلەپووری جیھانییەوە.
دیارترین ئەو ھێما شوێنەوارییانەی ھەن بریتییە لە پەیکەری گای باڵدار کە دەموچاوی مرۆڤییان پێوەیە و بە"لاماسۆ" دەناسرێن و لەسەر دەروازەی کۆشکی ئاشوور ناسر باڵی دووەم پاشای ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری ھەبووە.
دامەزراندنی ئەم شارە شوێنەوارییە بۆ سەدەی سێزدەھەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە و ناوی شارەکە لەلایەن زانایانی شوێنەوارناسییەوە لە ساڵی ١٨٢٠ براوە، دواتر چەندین کاری چنە و ھەڵکۆڵینی تێدا کراوە و لە ساڵی ٢٠٠٣ تووشی بەتاڵانبردن بوویەوە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ داعش شارەکەی تەقاندەوە و زیانی زۆری پێگەیاند.
لە ساڵی ١٩٨٨ ئاڵتوونی نەمرود دۆزرایەوە کە ٦١٣ پارچە زێڕ و ئاڵتوون وگەوھەری لە زێڕ دروستکرابوو، ئەو زێڕ و ئاڵتونە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی دوو ھەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی کورت لە مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق لە بەغدا دانرا پێش ئەوەی کوێت لەلایەن عێراقەوە داگیربکرێت لە ١٩٩٠ و دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی عێراق زێڕ و ئالتوونەکەیان شاردەوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ لە بانکی ناوەندی عێراق دۆزرایەوە .
شارە شوێنەوارییەکە نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە گوندی سەلامییەوە دوورە، لێرەدا شوێنەواری دەیان کەرپووچی کۆن و پاشماوەی ئەو خانووانە دەبینرێت کە لێرە بەپێوە بوون پێشتر و داعش ھەمووی لە رێگەی بۆمبەوە تەقاندنەوە.
داعش بەتەنھا زیانی بۆ مرۆڤەکان نەبوو، ئەوان پەیکەرەکانیشیان بەبیانووی جیاواز لەناوبرد، شوێنەوارەکانیشیان بەھێما و ئاماژەکانی کوفر دەدەنا، ھەر بۆیە زوو کەوتنە وێزەی شکاندن و لەناوبردنییانەوە کە بەبۆچوونی شارەزایانی شوێنەوارناسی ئەو زیانانەی داعش بەشوێنەوارەکانی پارێزگای نەینەوای گەیاند بەپارە مەزەندە ناکرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن