سلێمانی.. ناشتنی داڵێک
- بەئامانجی راکێشانی سەرنجی هەموولایەک بۆ پاراستنی ژینگە و ئاژەڵ، پەلەوەر و باڵندە کوێیەکان، رێکخراوی سروشتی کوردستان رێوڕەسمێکی سەرنجڕاکێشی بۆ ناشتنی داڵێکی مردارەوبوو ئەنجامدا.
 
                As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
بەئامانجی راکێشانی سەرنجی هەموولایەک بۆ پاراستنی ژینگە و ئاژەڵ، پەلەوەر و باڵندە کوێیەکان، رێکخراوی سروشتی کوردستان رێوڕەسمێکی سەرنجڕاکێشی بۆ ناشتنی داڵێکی مردارەوبوو ئەنجامدا.
رێکخراوی سروشتی کوردستان کە کار دەکات بۆ پارستنی ژینگە و سروشتی کوردستان، دوای ئەوەی داڵێک کە لەلایەن راوچییەکەوە بە ساچمەی ژەهراوی بریندارکرابوو، چارەسەریی پێویستی بۆ دەکرێت، بەڵام بەهۆی قوڵی برینەکەیەوە داڵەکە مرداردەبێتەوە و بۆ راکێشانی سەرنجی هەموو لایەکیش بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، رێکخراوەکە رێوڕەسمێکی بۆ ناشتنی لاشەی داڵەکە لە دارستانێکی نزیک سلێمانی رێکخست.
لە رێوڕەسکەدا کە میدیاکاران و هەندێک لە ژینگەدۆستان ئامادەی بوون باڵندەکە نێژرا و دواتر هاوسەرۆکی رێکخراوەکە، رەنج عەتا گوتیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە ئامانج لەو جۆرە چالاکییە ئەوەیە کە چیتر ژیانی باڵندەکان لە هەرێمی کوردستان بپارێزن، بەتایبەت ئەو جۆرانەی کە زۆر دەگمەنن وەک ئەو داڵەی ئێستا.
رەنج عەتا راشیگەیاند کە ئەوان پەیامیان بۆ هەریەک لە راوچیەکان، پۆلیسی دارستان و دادگاکانە و گوتی: "داوا لە راوچییەکان دەکەین کە خۆیان بەدوور بگرن لە ناشرینکردنی سروشت، پەیامی جددیمان بۆ پۆلیسی دارستان و دادگاکان ئەوەیە کە بەجددیتر کار بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و دادگاییکردنیان".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان تا ئێستا بۆیان دەرنەکەوتووە کە ئایا ئەو داڵە لەبەرچی هەوڵی راوکردنی دراوە، لەکاتێکدا نە گۆشتەکەی دەخورێت، نە زیان بە دەغڵو دان و ئاژەڵانی ماڵی دەدات و گوتی: "لەماوەکانی پێشوودا پڵنگ، ورچ، کونەپەپوو کوژراون و مەراسیمی هاوشێوەمان ئەنجامداوە بۆیان".
داڵەکە لە شوێنێکی دوور لە قەبرستانی مردووکان لە سەروو شەقامی شەست مەتری سلێمانی، نێژرا.
 
             
 
             
                                    