ژيان

بەفر گەشتیاران بەرەو چیای کۆڕەک رادەکێشێت

لەسەر چیای کۆڕەک نزیکەی 40 سانتیمەتر بەفر باریووە، پلەی گەرماش لە زۆربەی کاتدا دەگاتە ژێر سفر، بەڵام رێژەی گەشتیاران بۆ ئەو شوێنە گەشتیارییە لە وەرزی زستاندا دانابەزێت.

Hemin Hüseyin  | 24.12.2016 - نوێکردنەوە : 25.12.2016
بەفر گەشتیاران بەرەو چیای کۆڕەک رادەکێشێت

Arbil

هەولێر - AA

بەھۆی هاتنی وەرزی سەرما وسۆڵەوە، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە رێگای تەلەفریکەوە روو لە چیای کۆڕەک دەکەن و بەشێکیش لەو گەشتیارانە، شەوانە لە ڤێلاکانی سەرچیاکە دەمێننەوە.

رۆژە پشووەکان زیاتر گەشتیاران دەباتە نێو دیمەنە جوان و بەفرینەکانی سەرچیای کۆڕەک و گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە لە 9 مانگی ئەمساڵدا رێژەی گەشتیاران زیاتر بووە لە ساڵی رابردوودا هاوکات کارمەندێکی ناوچە گەشتیارییەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 سانتیمەتر بەفرباریووە و ژمارەی گەشتیارانیش لە رۆژە پشووەکان ئاشکرا دەکات.

لە ناوچە گەشتیارییەکەی سەرچیای کۆڕەک ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەبینرێت بە جلی زستانەوە خەریکی یاری و تۆپەڵە بەفرینە و خواردنەوە گەرمەکانن.

کارمەندی ناوچە گەشتیارییەکە، ژیان حەیدەر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە رۆژانە پێشوازی لە گەشتیاران دەکەین و ئەمساڵیش بە هۆی بەفربارینەوە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار روویان لە چیای کۆڕەک کردووە و لێرە لە کەشوهەوایەکی ئارامدا، کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن".

سەبارەت بە ژمارەی گەشتیاران و رێژەی بەفربارین لەو ناوچەیە، ژیان حەیدەر گوتی: "بەگشتی رۆژانی پشوو نزیکەی 3 هەزار گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەکە دەکەن و رۆژانی دیکەش رێژەکە دادەبەزێت و ئەمساڵیش تاکو ئێستا نزیکەی 40 سانتیمەتر بەفر باریووە".

ژیان حەیدەر گوتیشی: "بە بەراورد بە ساڵی پار، ژمارەی گەشیاران روو لە زیادبوونە و ئەمساڵ لەگەڵ یەکەمین بەفربارین لەم ناوچەیە گەشتیاران بە جۆش و خرۆشەوە روویان لە چیای کۆڕەک کرد و پێشبینی دەکەین لە ماوەی داهاتوودا رێژەیەکی بەرچاو لە گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەکە بکەن".

هاوکات گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو مانگی 9ـی ئەمساڵ، رێژەی گەشتیاران 1 ملیۆن و 100 هەزار گەشتیاربووە و ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، رێژەکە زۆر زیادی کردووە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، نادر روستی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی هاتنی وەرزی زستان، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو،ئەمساڵ رێژەی گەشتیار زۆر زیادیکردووە و بەجۆرێک لە 9 مانگی ئەمساڵدا رێژەی گەشتیاران 1 ملیۆن و 100 هەزار گەشتیاربووە لە کاتێکدا تەواوی ساڵی 2015 رێژەی گەشتیاران نەگەیشتە 1 ملیۆن کەس".

نادر روستی گوتیشی: "لەماوەی رابردوودا کۆمەڵێک کارمان ئەنجامداوە وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان، بۆ ئەوەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بتوانن چالاکی ئەنجام بدەن و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی عێراق بکەن بۆ هێنانی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان".

نادر روستی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان پلانیان هەبووە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و هاوکات رایدەگەیەنێت ئەگەر کەرتی تایبەت هاوکاریان بکات ئەوا فێستیڤاڵی سەر بەفر ئەنجامدەدەن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە وەکو دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم پلانمان هەبووە بۆ راکێشانی گەشتیار و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری، ئەگەر کەرتی تایبەت هاوکار بێت رەنگە لە ماوەی داهاتوودا فێستیڤاڵی سەربەفر و کۆمەڵێک چالاکی هونەری ئەنجام بدەین".

چیای کۆڕەک یەکێکە لە چیاکانی ھەرێمی کوردستان و ٢ ھەزار و ١١٥ مەتر بەرزە لەسەر رووی ئاستی دەریاوە و دەکەوێتە سنووری قەزای رواندزی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە رێگای تەلەفریکەوە گەشتیاران روو لەسەر ئەو چیایە دەکەن.

تەلەفریکەکان لە خاڵی دەستپێکردنەوە تا خاڵی کۆتایی بە مەودای 4 کیلۆمەتر لەماوەی 20 خولەکدا گەشتیاران دەگوازنەوە سەر چیاکە و بەهەمان رێڕەویش گەشتیاران دێنە خوارەوە.

لەسەر چیای کۆڕەک نزیکەی 40 سانتیمەتر بەفر باریووە، پلەی گەرماش لە زۆربەی کاتدا دەگاتە ژێر سفر، بەڵام ژمارەی گەشتیاران بۆ ئەو شوێنە گەشتیارییە لە وەرزی زستاندا کەم ناکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın