پەروەردەیی, تەكنەلۆجيا و زانست

نێچیرڤان بارزانی: "بەهێزترین سه‌رچاوه‌ی سرووشتی، بیركردنه‌وه‌یه‌"

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: "نەوەیەکی بەو شێوەیە دەبێتە ھێزی پێشخستنی کۆمەڵگە و سیاسەت و بەڕێوەبردن لە کوردستان. ئێوە وادەکەن کە حیزب و سیاسییەکان و کاربەدەستانی ئێستاش خۆیان پێشبخەن".

Hamit Hüseyin  | 19.09.2019 - نوێکردنەوە : 21.09.2019
نێچیرڤان بارزانی: "بەهێزترین سه‌رچاوه‌ی سرووشتی، بیركردنه‌وه‌یه‌"

Arbil

دھۆک - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند ھەموو پێکھاتەکانی عێراق دەبێ بە کردەیی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بڕیاردا ھاوبەش بن و ھیچ نەتەوە و پێکھاتەیەکی عێراق نابێت پشتگوێ بخرێت. ھێشتا تیرۆر و توندڕەوی و سەرھەڵدانەوەیان، مەترسی و ھەڕەشەیەکی ڕاستەقینەن لە ناوچەکە، بۆیە ھەوڵ و کۆششی ھاوبەش و کاری پێکەوەیی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پێویستە. باشترین ڕێگریش لە تیرۆر، دروستکردنی تەبایی و ڕێککەوتنی ناوخۆییە لە عێراقدا.


بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد حەلبووسی ،سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دکتۆر بەشیر حەداد ، بالیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ماتیوو تیوولەر ، پەرلەمانتارانی کوردستان و عێراق و بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و نوێنەر و کونسولی وڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی دەرچووانی یەکەم خولی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە پارێزگای دھۆک بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی:



خۆشحاڵم کە ئەم ئێوارەیە لە شاری دھۆکی خۆشەویست، بەشداری لە خۆشی و شادیی ئێوەدا دەکەم بەبۆنەی تەواوکردنی خوێندن و دەرچوونتان لە زانکۆ و دەسپێکردنی قۆناغێکی تازەی ژیان. پیرۆزبایی و دەستخۆشیتان لێ دەکەم، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دایکوباوکی خوێندکارانی دەرچووی خولی یەکەمی زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان دەکەم. ھاوکاریی ئەوان وایکردووە ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە قوتابییە بە سەرکەوتوویی لێرە ببینین. سوپاس و دەستخۆشی بۆ مامۆستایان و سەرۆکایەتی و ستافی زانکۆ کە ئەم گەنجە خۆشەویستانەی بەو شێواز و سیستەمە پێشکەوتووە پێگەیاندووە و بە ئاستێکی زانستیی بەرز لە زانکۆیەکی ھاوچەرخ دەردەچن و دەکەونە گۆڕەپانی کارکردن بۆ خزمەتکردنی کوردستان.

دەمەوێ سوپاسێکی تایبەتی ئەو ڤیژنە بکەم کە برای خۆشەویستم کاک مەسروور بارزانی ھەیبوو بۆ دامەزراندنی ئەم زانکۆیە.

خوێندکارانی خۆشەویست..

ئێوە شانسێکی زۆر باشتان ھەبوو کە توانیتان لە زانکۆیەکی وا بخوێنن. ئەو شانسە بەداخەوە بەر دایکوباوک و باپیرانتان نەکەوت، ئەوان خەباتیان کرد بۆ ئەوەی ئێوە و نەوەکانی داھاتوو شانسی باشیان ھەبێت. لەبەرئەوەش لەم ڕۆژەدا پێویستە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی ھەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرانی وڵاتەکەمان بگرین، چونکە بە خەباتی ئەوان و بە خوێنی شەھیدانمان کورستان گەیشتە ئەم ڕۆژە.

ئێوە قۆناغێکی گرنگی ژیانتان بەڕێکرد، ئێستا قۆناغێکی گرنگتر چاوەڕێتانە، کە قۆناغی خزمەت و بەشداریکردنە لە بەرەوپێشبردن و پێشخستنی وڵاتدا. قۆناغی سەلماندنی خۆتان و کەسایەتیتانە. قۆناغێکە بۆ نیشاندانی لێھاتوویی و تواناکانتان لە خزمەتکردنی وڵات و بەشداریکردنی کارا لە پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و بیرکرنەوەی باشتر، بۆ داھاتوویەکی ڕووناکتر بۆ وڵاتەکەمان.

ھیوادارم دەرفەتی کارکردنتان دەسکەوێت. پێویستە یەکەمجار بیر لە کاری جددی و بەرھەمدار بکەنەوە، نەک لە پۆست و پێگە. لەناو کاردا پۆست و پێگەی گەورە چاوەڕێتان دەکات. داوا لە ھەموو کۆمپانیاکانیش دەکەم بەپێی پێداویستی و توانایان، دەرگای کار بۆ نەوەی نوێی کوردستان بکەنەوە.

قوتابیانی خۆشەویست..

دوو ئامانجی سەرەکیی ئێمە، پێشخستنی پەروەردە و تەندروستی بووە. بەلای ئێمەوە ئەو دوو بوارە بنچینەی پێشکەوتنی ھەموو کۆمەڵگەیەکن. لەبەرئەوەش پشتیوانیمان لە ھەموو پڕۆژەیەک لەو دوو بوارەدا کردووە. ئەوەشمان بە ئەرکی خۆمان زانیوە، چونکە دەمانەوێ نەوەی ئێوە و نەوەکانی داھاتوو خۆشگوزەران و لە ئاست پێشکەوتنی جیھاندا بن. ھەر لەبەرئەوەش بە ئەرکی خۆمان زانیوە پشتیوانی لە زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان بکەین.

ئێستا کە بەرھەمی ئەو پڕۆژە پەروەردەییانە دەبینم زۆر دڵخۆشم. کە منداڵی زمانزان و وشیار دەبینم لە وڵاتەکەمان، کە دەرچووی ئاستبەرز و قسەشیرین و ڕەفتار بەڕێزی وەک ئێوە لە کوردستان دەبینم، ھەموومان بەیەکەوە دڵخۆشین. کە نەوەی ئەمڕۆ دەبینم بایەخ بە ژینگەپارێزی دەدەن، کە نەوەیەکی وشیار دەبینم لە خەمی گۆڕانی کەشوھەوای جیھاندان، زۆر دڵخۆش دەبم. کە دەبینم نەوەیەک لە پێگەیشتندایە زۆر باوەڕی بە خۆی و وڵاتەکەی ھەیە، زۆر دڵخۆشین بەمە.

نەوەیەکی بەو شێوەیە دەبێتە ھێزی پێشخستنی کۆمەڵگە و سیاسەت و بەڕێوەبردن لە کوردستان. ئێوە وادەکەن کە حیزب و سیاسییەکان و کاربەدەستانی ئێستاش خۆیان پێشبخەن.

دەرچووانی خۆشەویست..

ئێوە کە لە ناوەندێکی زانستیی گرنگی وەک ئەم زانکۆیە خوێندنتان تەواو کردووە، ھەموومان چاومان لەوەیە بە ئاستێکی زانستیی بەرز و بە بیر و بیرکردنەوەیەکی باشترەوە ئامادەی خزمەت بن. دایکوباوک و کەسوکار و وڵاتەکەتان، ئومێدیان لەسەر ئێوە بنیات ناوە و وەبەرھێنانیان لەسەر ئێوە کردووە.

ڕاستە، بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بە تەواوی سیمای وڵاتمان گۆڕیوە و ھەنگاوی گەورەمان ناوە لە بنیاتنانی ڕێگەوبان و تونێل و باڵەخانە و مۆڵ و پارک و فڕۆکەخانە و جۆرەھا پڕۆژەی بیناسازیدا، ڕاستە لەوڕووەوە ئێستا ھەرێمی کوردستان ھەمان ھەرێمی کوردستانی (١٥) ساڵ و (٢٠) ساڵ پێشتر نییە. بەڵام وەک لە وڵاتە ھەرە پێشکەوتووەکانی جیھانیش بە ئەزموون دەرکەوتووە، پێشکەوتنی ڕاستەقینە بە پلەی یەکەم بنیاتنانی مرۆڤ و بیرکردنەوەیەکی باش و پێشخستنی سەرمایە و توانای مرۆییە لە ھەر وڵاتێک.

بیرکردنەوە بنەمای پێشخستن و پێشکەوتنی جیھان بووە و ھەرواش دەمێنێتەوە. ئەوەی ئێمە تائێستا لە ھەرێمی کوردستان کردوومانە، بە کردنەوەی زانکۆی نوێ و گۆڕانکاری لە زانکۆکانی پێشتر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ھەلومەرجی نوێی ژیان و تەکنەلۆژیا، سەرەتایەکی باشە، بەڵام ئەرک و ھەوڵ و کاری زۆر زیاترمان لەپێشە.

گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە لەمەودوا دەبێتە ئەرکی ئێوەی خۆشەوەیست. ئێوە دەتوانن سیستەمی بیرکردنەوە لە ھەرێمی کوردستان ببەنە ئاستێکی بەرزتر. دەتوانن بە تواناکانی خۆتان گۆڕانکاری لە گوفتار و ڕەفتار و کاری کۆمەڵگەی کوردستاندا دروست بکەن.

گەشەپێدانی سامانی سروشتیی وڵات و بەکارھێنان و سوود لێوەرگرتن لێی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی وڵات و کۆمەڵگە، زۆر پێویستە. بەڵام دەبێ ھەمیشە چاومان لە سوودوەرگرتنی بەردەوام بێت لە توانای بیرکردنەوەی مرۆڤ، نابێ سەرچاوەی سروشتیی ناو مێشکی مرۆڤ خۆی، فەرامۆش بکرێت! بەھێزترین و کاریگەرترین سەرچاوەی سروشتی، خودی مرۆڤ و مێشک و بیرکردنەوەیەتی.

با نموونەیەک باس بکەم. لە سەرەتای پەیوندیمان لەگەڵ ھەندێک وڵات، بەر لە چەند ساڵێک، بە سەردانێکی فەرمی چووینە کۆریای باشوور. ئەو وڵاتە پێش و پاش دابەشبوونی، تووشی شەڕ و وێرانکاری و دۆخێکی ئابووری و تەنانەت برسییەتییەکی زۆر گەورە بوو. زۆر ھێزی ناوخۆ و دەرەکی، بەشدارییان لە وێرانکردنی ھەردوو بەشی کۆریای باکوور و باشووردا کرد. پاش وەستانی شەڕ و ھەندێ گۆڕانکاری و بڕیاری سیاسی و ئابووری، دوو وڵاتی زۆر لێک جیاواز لە باکوور و باشووری کۆریا گەشەیان کرد.

ئەوەی لە ئەزموونی ئەو وڵاتەدا زۆر بەرچاو بوو، ئەوە بوو: ھەر وڵات و گەلێک بایەخ بە خوێندن بدات و بزانێت گرنگترین سەرچاوەی سروشتی، بیرکردنەوەی باش و بەکارھێنانی مێشکی ھەر تاکێکی گەلەکەیەتی، دەتوانێ بەسەر ھەموو ناخۆشییەکاندا زاڵ بێت و پێشکەوێت و پێشبڕکێی پێشکەوتن لەگەڵ گەورەترین و پێشکەوتووترین وڵاتانی جیھاندا بکات.

لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت: ئایا ھۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ئەم گەلە چییە؟

کە ھەندێ لە کۆ‌مپانیاکانی ئەو وڵاتەمان بینی، لە شێوەی بیرکردنەوە و کارکردنیاندا بۆمان دەرکەوت کە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی و خوێندنی باڵا، کلیلی گەشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییانە. ئێستا بۆ ھەر گۆشەیەکی دنیا دەچیت، لەوانەیە ھیچ ماڵێک یا ئۆفیسێک نەدۆزیتەوە، بەرھەمی ئەو وڵاتەی تێدا نەبێت. ئێستا ئابووریی کۆریای باشوور لە ڕیزی پێشەوەی ئابوورییە باشەکانی جیھاندایە.

خۆشەویستان،

ئێوە و ھاوقۆنا غ و ھاوتەمەنەکانتان کە زانکۆ تەواو دەکەن، سبەی ھەر یەکێکتان لە بوارێکی ژیاندا دەبێ وەک پێشەنگێک کار بکات، ئیتر ئەرکی ئێوەیە پشت بە زانست و سەرمایەی مێشک و بیرکردنەوەی خۆتان ببەستن. بیر بکەنەوە و داھێنان بکەن. بیر بکەنەوە و ژیان و دەوروبەر و کۆمەڵگە باشتر بکەن.

ئامانج و پەیامی خوێندنی باڵا، ئامادەکردنی نەوەیەکی تازەیە بە شارەزایی و وشیارییەکی ھاوچەرخ و ئاستێکی زانستیانەی بەرز بۆ کارکردن. پێداویستییەکانی پێشکەوتنی وڵات و گەیشتن بە کاروانی جیھانی پێشکەوتوو، کار و ئەرکی ئێوەیە. دروستکردنی زەمینەی لەباریش بۆ ئێوە، ئەرکی ئێمەیە کە ئەم زانکۆیەی ئەمڕۆ تیایدا وەستاوین یەکێکە لەو ھەنگاوە پیرۆزانەی کە دەستپێکراوە و پەنا بەخوا بەردەوامیش دەبێت.

بەڕێزان…

خۆشحاڵم کە زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان کاری جددی لەسەر پێشخستنی توانا مرۆییەکان دەکات. زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان دەبێ ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستیی زۆر باشیان ھەبێت و بایەخێکی زۆر جددی بە لێکۆڵینەوە بدەن. لە داڕشتنی بەرنامە و پلانی بەڕێوەبردنی وڵات و ھەنگاونانی دروست بەرەو ئایندە، بەشداریی کارایان ھەبێت و یارمەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدەن. دەبێ ڕۆڵی گەورەیان لە جێگیرکردنی بەھا مرۆییەکانی دنیای پێشکەوتوو و فراونکردنی زانست و زانیندا ھەبێت.

ھیوادارم و دڵنیام زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان و ھەموو زانکۆکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، لە بەرنامە و پرۆگرامی خوێندنیاندا گرنگی بە کولتووری پێکەوەژیان و لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن و ئازادی و دیموکراسی و ژینگەپارێزی بدەن و ھاوکار بن لەوەی کوردستان بۆ ھەمیشە وەک لانەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ ھەموو پێکھاتەکانی ئەم وڵاتە بمێنێتەوە.

بەڕێزان..

بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا بتوانێت وڵات پێشبخات، دەبێ ئارامیی سیاسی و بەڕێوەبردنێکی ھاوبەش و نەرم ھەبێت. دەبێ ھاوبەشی لە پرۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا بەھێز بکەین. ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە ھەوڵ دەدەین تەباییی ناخۆیی لە کوردستان بپارێزین، ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدرالیی عێراق دروست بکەین. بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە ھەموو لایەن و حیزبە کوردستانی و عێراقییەکان دەکەین ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بن لەو کارەی کە دەستیپێکردووە.

ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ویستوومانە و ھەمیشە دەمانەوێت ژیان و ئاوەدانی و پێشکەوتن و ئاسوودەیی بۆ ھەموو لایەک ھەبێت، بەردەوام ھەوڵمان داوە لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراق لە ڕێگەی دیالۆگەوە بگەینە چارەسەری کێشەکان. لێرە ھەر بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە خواستی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی عێراق لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دووپات دەکەینەوە و پێشوازی لە ھەموو ئەو ھەوڵ و ھەنگاوانەش دەکەین لەو بوارەدا لەئارادان.

ئەزموون و سەربردەی گەلی کوردستان لەگەڵ حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق ھەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە تائێستا، ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، کە جگە لە دیالۆگ و لێکگەیشتن و ڕێککەوتن، ھیچ ڕێگەیەکی دیکە لە بەرژەوەندیی عێراق و گەلانی عێراقدا نەبووە و نابێت. ھەموومان دەبێ وانە لە ڕابردوو وەربگرین و پێکەوە بەرەو چارەسەر ھەنگاو بنێین.

ھەموو پێکھاتەکانی عێراق دەبێ بە کردەیی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بڕیاردا ھاوبەش بن و ھیچ نەتەوە و پێکھاتەیەکی عێراق نابێت پشتگوێ بخرێت. ھێشتا تیرۆر و توندڕەوی و سەرھەڵدانەوەیان، مەترسی و ھەڕەشەیەکی ڕاستەقینەن لە ناوچەکە، بۆیە ھەوڵ و کۆششی ھاوبەش و کاری پێکەوەیی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پێویستە. باشترین ڕێگریش لە تیرۆر، دروستکردنی تەبایی و ڕێککەوتنی ناوخۆییە لە عێراقدا.

ھەروەھا ئەرکی حکوومەتی فیدرالیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە پشتیوانی لە پێشکەوتن و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان بکەن و ئەو پێشکەوتن و ئارامییە فراوان بکرێت بۆ ھەموو شوێنێکی عێراق، بە لێکگەیشتنی ھەمەلایەنە و جێەجێکردنی دەستووریش دۆخی نائاسایی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کۆتایی پێ بھێنرێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێ دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولی یەکەمی زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان بکەم. دەستخۆشی لە دامەزرێنەران و مامۆستایان و ستافی زانکۆ دەکەم، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. دەستخۆشی لە ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە یارمەتیی ئەو زانکۆیەیان داوە و ھەر لە پێشکەوتن بەردەوامە، ھیوادارم ئەو پشتگیرییە ھەر بەردەوام بێت لە ھەموو لایەکەوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın