لە هەولێر بەردی بناخەی پەیمانگەی ئەزهەر دانرا
بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ڕێورەسمی دانانی بەردی بناخەی پەیمانگەی ئەزهەر و ئاهەنگی دەرچووانی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتاربێژانی هەولێر بەڕێوە چوو.

Arbil
هەولێر - AA
لە ڕێوڕەسمێدا، کە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی بەڕێوەچوو، بەردی بناخەی پەیمانگەی ئەزهەر لە هەولێر دانرا.
ڕێورەسمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی ئیسلام بەڕێوەچوو و تێدا سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد.
بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایان ئایینی لە مێژوودا، گوتی: "مامۆستایانی ئایینی، ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا گێڕاوە، هەروەها لە پێشخستنی زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیشدا، ڕۆڵێکی کارایان هەبووە. بەشێکی زۆری سەرکردە و ڕێبەران و شاعیر و نووسەرانی کورد، کەسایەتیی ئایینی و مەلا و زانای ئایینی ئیسلام بوون کە ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویدا هەبووە".
سەرۆکوەزیران بارزانی گوتیشی، "ئەمڕۆش کە بەردی بناخەی پەیمانگەی ئەزهەرمان دانا، هیوادارین ببێتە هاندەرێکی دیکە بۆ زیاتر پێگەیاندنی زانایانی ئایینی بە گیانی میانڕەویی کە زانکۆی ئەزهەری شەریف لە جیهانیی ئیسلامیدا پێی ناسراوە . سوپاسی زانکۆی ئەزهەر دەکەم بۆ هاریکاریی و هاوئاهەنگیکردنی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و پشتیوانیکردنی ئەم پەیمانگەیە".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی گەلی کوردستان و میسریش کرد و لەم بارەیەوە گوتی: "پەیوەندییەکی مێژوویی لە نێوان میسر و ئەزهەر و کوردستان هەیە. خۆتان دەزانن لە سەردەمی سەرکردەی کورد سەلاحەددینی ئەییوبی، ژمارەیەکی زۆری کورد ڕوویان لە میسر کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون و کەسایەتیی بە ناوبانگ و زانا و شاعیر و نووسەر و پیاوی گەورە و ناسراویان لێ هەڵکەوت. یەکەم ڕۆژنامەی کوردیش بە ناوی کوردستان، ١٢٧ ساڵ لەمەوبەر لە قاهیرە دەرچووە. هەروەها سەلاحەددین ئەییوبی ڕۆڵێکی دیاری لە پێشخستنی زانکۆی ئەزهەر و فراوانکردنیدا هەبوو، دواتر سەدان قوتابی کورد لەو زانکۆیەدا خوێندنیان تەواو کردووە و تەنانەت شوێنێکی تایبەتیش بە قوتابیانی کورد لە زانکۆی ئەزهەردا هەبووە بە ناوی (رواق الاکراد). بۆیە هیوادارین قوتابیانی کورد لە زانکۆی ئەزهەر وەک هەمیشە نموونەی قوتابی زیرەک و ڕەوشت بەرز بن و بە باشترین شێوە، سوود لەو دەرفەتە ببینن کە بۆ خوێندن لەو زانکۆیە پێیان دراوە".
لە کۆتاییدا، ڕوو لە مامۆستایانی ئایینی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی گوتی: "دەبێ هەوڵی جددی مامۆستایانی ئایینی بۆ ئەوە بێت كە ئەو ڕێز و پێكەوەژیانی لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) هەبووە كە هەموو لایەك یەكترییان قەبووڵ كردووە و هەموو خواپەرستان جێگەیان بووەتەوە، ئێستا كوردستان بە شانازییەوە بووەتە شوێنی نیشتەجێبوون و بەیەكەوەژیانی هەموو ئایین و ئایینزاكان. هیوادارم ئەم كولتوورە بەردەوام بێت، مامۆستایانی ئایینی بەردەوام بن لە ڕێنماییكردنی ئێمە و ئەم كۆمەڵگەیە بەرەو كوردستانێكی ئارامتر، سەقامگیرتر، ئاوەدانتر".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن