هونەر و كلتوور

هەولێر.. یەکەمین پێشانگای قاوە و چوکلات کرایەوە

- بەشداربوو لە پێشانگاکە، مەموزین سەعید: "بەشێک لە داھاتەکانمان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێر تەرخان دەکەین".

Heman Hussein Yaseen  | 29.12.2021 - نوێکردنەوە : 31.12.2021
هەولێر.. یەکەمین پێشانگای قاوە و چوکلات کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەمین پێشانگای قاوە و چوکلات لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بەشداری ژمارەیەک کۆمپانیا کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.

لە پێشانگاکەدا، ٢٠ کۆمپانیای بواری قاوە و چوکلات بەشدارن و بەشداربووان بەرهەمەکانیان نمایش کردووە و لەبەردەم هەر کۆمپانیاییەکی بەشدار، بۆنێکی جیاوازی قاوە دەکەیت و لەهەر فنجانێکیش، تامێکی جیاوازی قاوەی هەیە و سەردانیکاران دەتوانن تامی جۆرەها قاوە بکەن.

یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگاکە، پێیوایە کردنەوەی ئەم پێشانگایە زیاتر بۆ ناساندنی قاوەیە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەشێک لە داهاتی ئەم پێشانگایە بۆ زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر تەرخان دەکرێت.

بەشداربوو لە پێشانگاکە، مەموزین سەعید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانج لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە، زیاتر ناساندنی کولتووری قاوەیە بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان، چونکە خەڵک کەمتر ئاشنایە بە قاوە بەراورد بە چا، قاوەکانیش ھەندێک لە تورکیا و ھەندێک لە ئیتاڵیا و ھەندێکێش لە شاری ھەولێر خۆیان ئامادەی دەکەن و قاوەکەی ئێمەیش زیاتر لە ٣٩ تامی ھەیە".

مەموزین سەعید گوتیشی: "لەم پێشانگایەدا، ٢٠ کۆمپانیا بەشدارن و ئێمەیش بۆیە ئەم کاتەمان ھەڵبژارد، چونکە بەشێک لە داھاتەکانمان تەرخان دەکەین وەکو قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێر".

فەرهاد موراد، یەکێک لەو هاووڵاتییانەی سەردانی پێشانگاکەی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم قاوەکانی تام کردووە و پێیوایە هەر جۆرە و تامێکی تایبەتی خۆی هەیە.

فەرھاد موراد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکەمجارە ئەم پێشانگایە لە ھەولێر دەکرێتەوە و ئەمەش کارێکی باشە، قاوە خواردنەوە چێژ و تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ئێستا خەڵک بە گشتی رووی لە قاوەی جۆری قەزوان کردووە، ئێمە لەو شاخانەی خۆمان بەروبوومی خۆماڵییمان زۆرە و لەوانەش قەزوان بەشێکە لەو بەروبوومە، پێویستە خەڵک سوودی لێ وەرگرن و زیاتر گرنگی بە بەروبووم و بەرھەمی ناوخۆیی بدەن".

فەرهاد موراد گوتیشی: "لێرە سەردانی هەموویانم کردووە، هەر شوێنێک تامێکی جیاوازی هەیە و لە هەموویان رازیم، هەرچەندە لێرە خەڵک لە کۆنەوە زیاتر خەریکی چا خواردنەوە بووە، بەڵام چەند ساڵێکە قاوە بووەتە شتێکی باو و خوارنەوەیشی زۆر بە سوودە".

یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی پێشانگاکە کە خاوەنی براندێکی خۆیەتی و ئاماژە بەوە دەکات کە لە جیهاندا، ١٢ جۆری برژاندنی قاوە هەیە، بەڵام ئەو سێ جۆری دیکەیشی زیاد کردووە و تام و بۆنی قاوەکەی بووەتە بڕاندێکی تایبەت بە خۆی.

یوسف عارف، خاوەن قاوەخانەی یوسف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شێوازی قاوەکان لە کوردستان زۆرە، ئەوەی ئێمە دروستی دەکەین، تایبەتە و بڕاندێکی خۆمانە، چەند مانگێکە ھاتوومەتە بازاڕ و جۆرەکانی لەسەر ستانداردی کوردی دروستی دەکەم، تامی دیکەیشم زۆرە".

لەبارەی بەکارهێنانی کام جۆری قاوە و شێوازی ئامادەکردنەکەیشی، یوسف عارف گوتی: "بۆخۆی زیاتر جۆری تورکی بەکاردێت، چونکە خەڵکی ئێمە چا خۆرە و قاوەی تورکی تامی بەرەو شیرینی دەچێت بۆیەش خواستی لەسەرە، بەڵام من لە هەندێک جۆریش قاوەی بەڕازیلی بەکاردەهێنم کە شێوازی برژاندنەکەی گرنگە و ئەمەش بۆن و تامەکەی دیاریی دەکات".

یوسف عارف گوتیشی: "لە ھەموو دونیا ١٢ شێوازی برژاندن ھەیە و من کردوومەتە ١٥ شێواز، چونکە ھەر برژاندنێک بەشێوەی خولەک، بۆنی خۆی ھەیە و ئەزموونی چەند ساڵەم وایە کە ئەو جۆرە تامەی بدۆزمەوە کە تاڵییەکەی ھەندێک کەم بکاتەوە و لەبری ئەو چەوری بدات بە قاوەکە، خۆشبەختانە گەیشتمە ئەو قۆناغەی کە شێوازێکی تایبەت بەخۆمم ھەبێت".

29.12.2021

هەولێر.. یەکەمین پێشانگای قاوە و چوکلات کرایەوە

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەمین پێشانگای قاوە و چوکلات لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بەشداری ژمارەیەک کۆمپانیا کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın