هونەر و كلتوور

مووسڵ.. لە سەكۆكەى جەواهيرى-وە دەنگى مۆسيقا بەسەر دەنگى كاولكارى سەركەوت

لە شاری مووسڵ، بۆ یەکەم جار لە دوای ئازادکردنی شارەکە لەژێر دەستی رێکخراوی تیرۆaریستی داعش، بە فەرمی نمایشێکی مۆسیقی لەسەر شانۆی ئەلرەبیع کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە پشتگوێخراوە، بەڕێوەچوو.

Ismael Adnan Yaqoob  | 09.04.2021 - نوێکردنەوە : 11.04.2021
مووسڵ.. لە سەكۆكەى جەواهيرى-وە دەنگى مۆسيقا بەسەر دەنگى كاولكارى سەركەوت

Ninawa

مووسڵ - AA

لە شاری مووسڵ، بۆ یەکەم جار لە دوای ئازادکردنی شارەکە لەژێر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمی نمایشێکی مۆسیقی لەسەر شانۆی ئەلرەبیع کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە پشتگوێخراوە، بەڕێوەچوو.

شانۆی ئەلرەبیع، کە لە ساڵی ١٩٦٩وە دامەزراوە و بە میراتێکی کولتووری شارەکە دادەنرێت، سەکۆکەی میواندارێتی گۆرانبێژە بەناوبانگە عەربەکانی وەکو وەردە جەزائیری، سەباح فەخری و شاعیرانی وەکو محەمەد مەھدی جەواھیری و نەزار قەبانی کردووە.

نمایشەکە، لەلایەن تیپی ئۆرکێسترای وەتەر-وە پێشکەشکرا. ئەم تیپە مۆسیقییە لەلایەن رادیۆی ئەلغەد-وە دامەزراوە و لە ٣٦ میوزیکژەنی گەنج لە سەرجەم پێکھاتەکانی پارێزگای نەینەوا پێکدێن.

ئامانجی ئەم تیپە، لە نمایشەکە ھاندانی خەڵکە بۆ رۆشنبیری مۆسیقی و بانگەشەکردنە بۆ ھونەر لە قۆناغی دوای داعش. دامەزراندنی یەکەم ئۆرکێسترا لەناو شاری مووسڵ ھانی میوزیکژەنە گەنجەکان دەدات بەھرەکانیان بخەنەروو و پەرەی پێبدەن.

حەکم ئەنەس، کە ئەندامێکی تیپەکەیە لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی ئاشکراکرد کە گرنگترین ھۆکارەکانی ھەڵبژاردنی شانۆی ئەلرەبیع، وەکو خاڵێک بۆ دەستپێکرنی ئۆرکێسترای وەتەر، ئەوەیە کە کەسانی دێرینی عێراقی و عەرەبی لە جەواھیری-وە بۆ سەباح فەخری و بۆ وەردە جەزائیری لەم شانۆیە بوونیان ھەبووە و گوتی "بینیی ئەم شوێنە گرنگە لە مووسڵ بەو پێیەی کە تاکە شانۆیە، بەم ئاستەی کاولکارییە زۆر دڵتەنگی کردین. کەسانێک سەریان سووڕمابوو لەوەی چۆن لەسەر شانۆیەکی رووخاو نمایشێکمان پێشکەشکردووە".

ئەنەس، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجێکی دیکەیان لە نمایشەکە، راکێشانی سەرنجی حکوومەت و لایەنە بەخشەرەکانە بۆ ئەوەی دەست بە نۆژەنکردن و بونیادنانەوەی ئەم شوێنە مەزنە بکەن و گوتی، "رەنگە کەسانێک بپرسن خانوو و نەخۆشخانەکان رووخاون و ئەوان پێویستترن بۆ یونیادنانەوە. ئێمە لە بایەخی ھیچ بەشێکی دیکە کەم ناکەینەوە و ھەموو بەشێکی شارەکە گرنگی خۆی ھەیە. بۆیە ئومێدەوارین ئەم شانۆیە بونیادبنرێتەوە لەبەر گرنگیی بۆ شاری مووسڵ و عێراق بە شێوەیەکی گشتی و بۆ گواستنەوەی کولتووری مووسڵ بۆ دەرەوەی وڵات".

سەبارەت بە پێکھاتەی ئۆرکێستراکە، ئەنەس، ئەوەی ئاشکراکرد کە ئۆرکێستراکەیان میوزیکژەنی تەمەن جیاواز، ئایین جیاواز و لە ھەردوو رەگەز لە خۆدەگرێت و گوتی، "ئەمە پەیامێک دەربارەی رووداوەکانی شەڕ و ئاوارەبوون و زیانگەیاندن. ئێمە لە رێگەی ئۆرکێستراوە دەمانەوێـت پێکهاتەی مۆزائیکی جوانی مووسڵ بگەڕێنینەوە. وەکو بینیتان ژەنیارەکان لە تەمەنی ١٢ ساڵانەوە دەستپێدەکەن و بۆ تەمەنی ٣٠ و ٣٢ دەڕوات. میوزیکژەنەکان لە ئاینی کریستیان، موسڵمان و ئێزدی و سەرجەم پێکھاتەکان پێکدێن. ئەمە لە خۆیدا پەیامێکە بەوەی مووسڵ ھێشتا باشە و کۆمەڵگەی ھێشتا باشە و ئەمە بەڵگەیەکە لەسەر ھەموو ئەمانە".

ئەندامێکی دیکەی ئۆرکێستراکە بە ناوی محەمەد ئەحمەد، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، جەختی لەوە کردەوە کە ئۆرکێسترای وەتەر لە کۆمەڵە گەنجێکی پارێزگای نەینەوا پێکدێت کە ھەموو ئاین و پێکھاتەکان لەخۆدەگرێت و گوتی،"ئۆرکێستراکە، بە کورتی بریتییە لە عێراقێکی بچووک لە شێوەی تیپێکی مۆسیقی لە پارێزگای نەینەوا. دەنگی مۆسیقا، ھەموو کات بەرزترە لە دەنگی کوشتن و وێرانکردن".

ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ھەوادارە و شارەزاییەکی باشی لە مۆسیقادا نەبووە و لە رێگەی پڕکردنەوەی ئەو فۆرمی پێشکەشکردنە ئەلیکترۆنییەی کە رادیۆی ئەلغەد رایانگەیاندبوو ناوی تۆمارکردووە و گوتی، "ھاتین بۆ تاقیکردنەوە، لە بەردەم لیژنەیەکی مۆسیقی کە مایسترۆ محەمەد مەحموود سەرۆکایەتی دەکرد. ئێستا لەسەر شانۆی ئەلرەبیع مۆسیقا دەژەنین. ئێرە شانۆیەکی گەورەی شاری مووسڵ-ـە بەڵام بە تەواوەتی وێرانکراوە و بۆ ئەوە بەجێھێڵدراوە کە دەنگی مۆسیقا سەرکەوێت بەسەر دەنگی کاولکاری و وێرانکاریدا".

سەبارەت بەو پارچە مۆسیقایانەی کە پێشکەشیان کردووە، ئەحمەد، ئەوەی ئاشکراکرد کە پارچە مۆسیقای مایسترۆ محەمەد مەحموود و کولتووری مووسڵ و فۆلکلۆری پارێزگای نەینەوا-یا ژەنیوە و گوتی، "بەشێوەیەکی گشتی زیاتر لە پارچەیەکی جیاوازمان ژەنیوە. ھەر پارچەیەک ناوەڕۆکێکی تایبەتی خۆی ھەیە و مانایەکی تایبەتی بە پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵ ھەیە".

حەکەم رەبیع، کە بچووکترین میوزیکژەنی ئۆرکێستراکەبوو، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو-ی گوت،"من ناوم حەکەم-ـە، تەمەنم ھەشت ساڵە و بچووکترین میوزیکژەنم لە ئۆرکێسترای وەتەر. ئەمڕۆ لە شانۆی ئەلرەبیع لە شاری مووسڵ نمایشێکی مۆسیقیمان پێشکەشکرد".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın