سەیرانگەی گۆلێ لە پێنجوێن بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران
هاووڵاتییەکی شارۆچکەی پێنجوێن، ئارمان عزەت: ''پێنجوێن چەندین سەیرانگای جوان و دڵڕفێنی تیادا هەڵکەوتووە، لەوانە؛ نەوبووک، سێچاکان، بلکیان، قەڵادێ و لە هەموویشیان جوانتر سەیرانگای گۆلێ، کە سروشتێکی دڵڕفێن، سەرنجراکێش، سیحراوی هەیە".

As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن
گۆلێ، گوندێکە کەوتووەتە ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن سەربە پارێزگای سلێمانی، لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی پاشبەرد و لە باشوور لەگەڵ گوندی بەھێ، گەرمک و لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی بێماوای کۆن و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی قۆخی شاوڵێ.
بە قەدپاڵی ئەو شاخەی گوندەوارەکانی لێ گیرساونەتەوە، سەیرانگایەک هەیە کە بە هەوڵی خەڵکی گوندەکە، کراوەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی و هەر چوار وەرزی ساڵ لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم، ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشەوە گەشتیار سەردانی دەکەن.
سەیرانگای گۆلێ دەكەوێتە گوندی گۆلێ لە ناحیەی گەرمك بە دووری ٢٥ كیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای پێنجوێن (٩٦ كیلۆمەتر باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی)، ئەم سەیرانگایە بە سروشتە جوانە و دیمەنی چیا و رووەك و ئاوەكەیەوە سەرنجی گەشتیارانی بە لای خۆیدا راكێشاوە.
دیمەنی سەیرانگاكە، ئاو، چیا و شوێنی مەلەكردنی لە فۆتۆ و وێنەكاندا، دیمەنێكی زۆر سیحراویی و سەرنجڕاكێشە و گەشتیاران بە لای خۆیدا رادەکێشێت.
سەیرانگای گۆلێ پێکهاتووە لە چەند سەرچاوەیەک لە کانیاوی ئاو لەگەڵ چەمێکدا کە لە شاخەکانەوە دێنە خوار و بە دیمەنێکی سەوزاییدا دەرژێنە نێو گۆلێکەوە و سیحری جوانی ناوچەکە سەرجەم ئەو گەشتیارانە رادەکێشێت بۆ خۆی کە سەردانی ناوچەکە دەکەن و ئەمەش وا دەکات بە یەکجار گەشتکردن بۆی، دڵیان ئاو نەخواتەوە.
ئارمان عزەت کە خەڵکی پێنجوێنە و لەگەڵ هاوەڵەکانیدا کە لە سلێمانی و شارە جیاوازەکانەوە هاتوون بۆ ناوچەکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بەداخین لەوەی حکوومەت ئەم ناوچەیەی بەتەواوی پشتگوێ خستووە، بەتایبەت لە بابەتی کەرتی گەشتوگوزاردا. خەڵکی کوردستان دەزانن پێنجوێن شادەمارێکی هەرێمی کوردستانە، نەک لەو رووەوە کە دوو مەرزی سەرەکی لەسەرە، بەڵکو لە رووی کشتوکاڵیشەوە کە بەرهەمەکانی بە تەواوی عێراقدا بڵاو دەبێتەوە. بێجگە لە کەرتی بازرگانی و کشتوکاڵ، ئێمە دەتوانین گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزاریش بدەین".
پێنجوێن چەندین سەیرانگای جوان و دڵڕفێنی تیادا هەڵکەوتووە، لەوانە؛ نەوبووک، سێچاکان، بلکیان، قەڵادێ و لە هەموویشیان جوانتر سەیرانگای گۆلێ، کە سروشتێکی سەرنجراکێش و سیحراوی هەیە و خەڵکیش پێی ئاشنان. تەنانەت گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیشەوە روو دەکەنە ئەم ناوچەیە.
ئارمان عزەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەداخن لەوەی تا ئێستا حکوومەتی هەرێم ئاوڕێکی جددی لە سەیرانگاکە نەداوەتەوە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ نەگەیاندوونەتە ناوچەکە و دەڵێت: "شەقامی سەیرانگای گۆلێ تا ئێستایش گڵە، گەشتیار ناتوانێت بە ئاسانی بگاتە نێو سەیرانگاکە. بۆ پەڕینەوە بۆ قەیتەرانەکەی گۆلێ، ئەوا دەبێت بەسەر دوو داردا بڕۆیت کە خەڵکی گۆلێ خۆیان چاکیان کردووە. سەیرانگاکە بێ خزمەتە، هیچ روویەکی شارستانی تیادا نییە و پیس و پۆخڵی بەم ناوەدا بڵاو بووەتەوە کە ئەمەیش جێی داخە. لەم چەند ساڵەی دواییدا بوودجەیەکی زۆر کەمی بۆ تەرخان کرا. لە بوودجەکە تەنها پەیژەیەکی پێ دروستکرا و هیچی تر".
ئارمان عزەت گوتیشی: "سروشتی سەیرانگای گۆلێ بەبێ دەستکاریکردن ئێجگار جوان و دڵڕفێنە، جا ئەگەر بێت و دەستکاری و خزمەت بکرێت یان گرنگی پێبدرێت ئەوا زۆر جوانتریش دەبێت".
سەبارەت بەو گەشتیارانەی روو دەکەنە ناوچەکە، ئارمان گوتی: "خەڵک لە خوارووی عێراقەوە روو دەکەنە ئەم ناوچەیە لەبەر ئەوەی کەشێکی فێنکی هەیە. تا ئەو رادەیەی لە وەرزی هاویندا هەست بە گەرما ناکەیت لەم ناوچەیەدا. سروشتی قەیتەرانەکەی گۆلێ ئەوەندە جوانە کە خەم و خەفەتی مرۆڤ بە با دەکات. خەڵکێکیش دێن مەلەی تیادا دەکەن، بەداخەوە لەم سەیرانگایەدا کەپرێک نییە سەیرانکارەکان لەژێریدا دابنیشن. پێویست دەکات حکوومەت ئاوڕی جددی لێ بداتەوە. خزمەتکردنی ئەم ناوچانە هەم سوودی بۆ میللەت هەیە هەمیش بۆ حکوومەت".