ئەمساڵ برنجی قەرەجاداغ سەربە پارێزگای ئورفا بەرهەمی زۆرە
- ساڵی رابردوو لە قەزای سیڤەرەک هەزار و ٩٥٠ دۆنم و ئەمساڵیش دوو هەزار و ٣٥٠ دۆنم زەوی کراون بە مەرەزە.

Şanlıurfa
ئورفا - AA
برنجی قەرەجاداغ کە لە قەزای سیڤەرەک سەربە پارێزگای ئورفا بەرهەمدەهێنرێت و ناوبانگێکی باشی هەیە، ئەمساڵ بەرهەمی زۆرە و ئەمەش جووتیارانی خۆشحاڵ کردووە.
نووسینگەی مافی داهێنان و مارکە بازرگانییەکانی تورکیا لە مانگی ئاداری ٢٠١٨دا، ناوی برنجی قەرەجاداغ وەک مارکەیەک تۆمار کرد و لەئێستاشدا کۆکردنەوەی بەرهەمی چەڵتۆکەکەی لە ناوچەی قەرەجاداغ، بەردەوامە.
ئەم برنجە لە وەرزی بەهاردا بە بەفری تواوەی کوێستانەکان ئاو دەدرێت و دوای پێنج مانگ، چەڵتوکەکەی کۆدەکرێتەوە و لە کێڵگە چۆڵەکاندا هەڵدەخرێت تا وشک دەبێتەوە. دواتر دەنێردرێت بۆ کارگەکان و لەوێ کاری پاكکردنی چەڵتوکەکە و لە قوتونانی ئەنجام دەدرێت. بەم شێوەیەش ئامادە دەبێت بۆ لێنان لە چێشتخانەکاندا.
ساڵی رابردوو لە قەزای سیڤەرەک هەزار و ٩٥٠ دۆنم و ئەمساڵیش دوو هەزار و ٣٥٠ دۆنم زەوی کراون بە مەرەزە.
یەکێک لە ئەندازیارە کشتوکاڵییەکانی قەزاکە بە ناوی رەمەزان شەکەر لە میانی لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە برنجی قەرەجاداغ، تام و چێژێکی تایبەتی هەیە و ئەوەی بە خواردنی ئەم برنجە راهاتبێت زەحمەتە بتوانێت برنجی دیکە بخوات، گوتیشی: "برنجی قەرەجاداغ، تام و بۆن و چێژێکی تایبەتی هەیە. بە بەفری تواوەی کوێستانەکان چەڵتوکەکەی ئاو دەدرێت، بەم هۆیەشەوە بەرهەمدارتر دەبێت، ساڵی رابردوو نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی لە ناوچەی قەرەجاداغ کرا بە چەڵتوک و لە هەر دۆنمێکیشدا، نزیکەی ٤٠٠ کیلۆگرام برنج بەرهەم هێندرا، ئەمساڵ بەرهەمەکە زیاترە و لە هەر دۆنمێکدا، نزیکەی ٥٠٠ کیلۆگرام برنج بەرهەم هێندراوە، ئەمەش رەوشێکی دڵخۆشکەرە بۆ جووتیاران، هیوادارین رۆژبەڕۆژ ژمارەی پێوانەییمان زیاتر ببێت".
- "تامێکی جیاوازی هەیە"
یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی چەڵتوک، بە ناوی جەلال ئاڵتای لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە بەرهەمهێنانی برنج کارێکی پڕ لە زەحمەتە و گوتی: "ساڵی رابردوو لە ١٥٠ دۆنم زەویدا برنجم چاند، بەڵام ئەمساڵ نزیکەی ٣٠٠ دۆنم زەویم کرد بە برنج. چاوەڕوانین بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەممان بەشێوەیەکی باش زیاد بکات. برنجی قەرەجاداغ لەبەر ئەوەی لە زەوییەکی بەرزدا دەچێندرێت و بە ئاوی بەفراو ئاو دەدرێت، تامێکی جیاوازی هەیە و ئامانجیشمانە برنجەکەمان بە هەموو جیهان بناسێنین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن