گەشتکردن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستی پێکردەوە
بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆسەر هەولێر لە کاتژمێر ١٠ی شەوی رابردوو تا ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بڕیاری راگرتنی سەرجەم گەشتەکان درابوو.

Arbil
هەولێر AA
دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ماوەی ١٤ کاتژمێر بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆسەر هەولێر، جارێکی دیکە گەشتەکان دەستیانپێکردەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەحمەد هۆشیار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "لە کاتژمێر نۆ و ٣٠ خولەکی شەوی رابردوو، دەنگی تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بیسترا، دەستبەجێ لەلایەن ئاسایشی فڕۆکەخانە دەستکرا بە پشکنین و بەدواداچوون و لە ئەنجامدا، سێ مووشەک دۆزرانەوە کە لە نزیک دیواری فڕۆکەخانە کەوتبوونە خوارەوە، دوای تەواوبوونی پشکنینەکان بڕیارماندا بۆ سەلامەتی گیانی گەشتیاران و هێڵە ئاسمانییەکان سەرجەم گەشتەکانمان لە کاتژمێر ١٠ی شەو بۆ ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ رابگرین".
ئەحمەد هۆشیار گوتی: "لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە سەرجەم گەشتەکان دەستیان پێکردووەتەوە و هیچ کێشەیەک نەماوە، دڵنیاییش دەدەین بە خەڵکی کوردستان، عێراق و سەرجەم گەشتیاران کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەژێر کۆنترۆڵدایە و هیچ کێشەیەک نەماوە".