"کێشەکە لەگەڵ ئێران چارەسەر نەبێ مانگی ئایار هەڵەبجە لە ئاوی خواردنەوە بێ بەش دەبێت"
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، کاوە عەلی: "لەمساڵدا ئەگەر کێشەکانی کەمئاوی چارەسەر نەکرێت لە مانگی ئایارەوە ناتوانرێت ئاوی خواردنەوە بۆ هەڵەبجە دابین بکرێت".

As Sulaymaniyah
هەڵەبجە - AA - رەوا حاجی
بەرپرسانی ئیداری لە هەڵەبجە هۆشداری دەدەن لەوەی کە ماوەیەکی تر نەتوانن ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان دابین بکەن.
پارێزگای هەڵەبجە ماوەیەک تووشی کەم ئاوی هاتووە و لەئێستادا ئەو سەرچاوانەی ئاوی پارێزگاکە دابین دەکەن کەمیان کردووە کە خۆیان لە سێ سەرچاوەدا دەبیننەوە.
ئەمساڵ بەهۆی کەمی باران بارینەوە، ئاوی ژێرزەوی و رووبار و چەمەکان لە عێراق و ئێراندا بە تەواوی کەمیان کردووە، ئەمەش قەیرانێکی تری ئاوی لە ناوچەکەدا دروستکردووە.
پارێزگای هەڵەبجە لەڕێی سێ پرۆژەوە، ئاوی خواردنەوەی بۆ دابینکراوە، ئەوانیش پرۆژەی ئاوی هانە ژاڵەیە لەسەر رووباری سیروان، بیرەکانی نێو شاری هەڵەبجە و پرۆژەی ئاوی سەرچاوەی زەڵم.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، کاوە عەلی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە ئێران دروستکردنی بەنداوی داریانی بە کۆتا گەیاندووە و لەئێستادا بەشێکی ئاوی ناوچەکە کەمی کردووە بەو هۆیەوە.
کاوە عەلی لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای هەڵەبجە گوتی: "چەند ساڵێکە بەرپرسانی ئێران سەرقاڵی دروستکردنی چەند بەنداوێکن لەوانە بەنداوی داریان کە لەئێستادا بەهۆی پڕکردنی ئاو بەنداوەکەوە، ئاستی ئاوی رووباری سیروان بەتەواوی دابەزیوە و ئەمەش کاریگەری کردۆتە سەر خاڵەکانی وەرگری ئاو لە پرۆژەی ئاوی هانە ژاڵە کە خۆی لە دوو خاڵی وەرگردا دەبینێتەوە".
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وەک هۆکارێکی تری کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لە پرۆژەکانی هەڵەبجە راگەیاند کە پێشتر بەهۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧ لە دەربەندیخان و دەورووبەری، ئاوی بەنداوەکە بەردرایەوە تاوەکو سیانەی بکەنەوە، ئەمەش وای کرد خۆی لەخۆیدا ئاستی ئاوی دەربەندیخان کەم بکات و ساڵانە لە مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا کێشەی کەم ئاوی بەرۆکی هەڵەبجە بگرێت و بەشێوازی جیا چارەسەر دەکرا و هۆشداری ئەوەش دەدات کە لەمساڵدا ئەگەر کێشەکانی کەمئاوی چارەسەر نەکرێت لە مانگی ئایارەوە ناتوانرێت ئاوی خواردنەوە بۆ هەڵەبجە دابین بکرێت.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات کە لە دەسەڵاتی پارێزگادایە لەو بڕە پارەیەی کە بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە پرۆژەی تایبەت بە ئاو و ئاودێری بنیات بنێت و کێشەکانی کەمئاوی چارەسەر بکات.
پرۆژەی ستراتیجیی دابینکردنی ئاوی خوارنەوەی پارێزگای هەڵەبجە لە گوندی هانە ژاڵە لە ساڵی ٢٠١٣ بە بەهای ١٧٤ ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای سانگ یۆنگی کۆرییەوە جێبەجێکراوە کە خۆی لە سێ وەرگری ئاودا دەبینێتەوە کە لەنێو رووباری سیرواندا جێگیرکراون و لەئێستادا تەنیا دوو لەو خاڵە وەرگرانە کار دەکەن و خاڵی سێیەم کار ناکات کە لە قوڵایی زیاتردایە و توانای دابینکردنی ئاوی دەبێت لە ئەگەری کەمبوونەوەی زیاتری ئاوی رووبارەکەدا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن