هەولێر.. رووداوێکی هاتوچۆ ١٢ قوربانی لێکەوتەوە
لە هەولێر، لە ئاکامی رووداوێکی هاتوچۆ و خۆپێداکێشانی ئۆتۆمبێلێک بەو کەسانەی کە لە شوێنی رووداوەکەدا گردببوونەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و نۆ کەسی دیکە بڕینداربوون.

Arbil
هەولێر - AA
لە هەولێر، لە ئاکامی رووداوێکی هاتوچۆ و خۆپێداکێشانی ئۆتۆمبێلێک بەو کەسانەی کە لە شوێنی رووداوەکەدا گردببوونەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و نۆ کەسی دیکە بڕینداربوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییەی کە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتۆچۆی هەولێر، فازڵ حاجی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگای سەرەکی هەولێر مەخموور لە نزیک پیرداود، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری میتسۆبۆشی لانسەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی لە جۆری ئۆپڵ رادەکێشا، بەهۆی پێچکردنەوەیان بەئاراستەی گەڕانەوە بۆ هەولێر، دەبنە هۆی داخستنی شەقامەکە.
دواتر ئۆتۆمبێلێکی جۆری کۆرۆلا تاکسی خۆی بەهەردوو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەدا دەکێشێت و لە ئاکامدا شوفێری هەرسێ ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون.
وەک فازڵ حاجی ئاماژەی پێکردووە، دوای رووداوەکەش خەڵک بۆبەهاناوەچوونی بریندارەکان و بەشێکیشیان بۆ سەیرکردنی رووداوەکە لەسەر شەقامەکەدا گردببوونەوە، دوو ئۆتۆمبێل کە یەکێکیان لە جۆری شیڤڕۆڵێت ئەڤیۆ لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکەی نەناسراو کە پێدەچێت زۆر خێرا بووبن، خۆیان بەناو ئەو خەڵکەکەدا کردووە کە لە شوێنی رووداوی یەکەمدا گردببوونەوە.
لە ئاکامی هەردوو رووداوەکەدا، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسی دیکەش برینداربوونە، هاوکات زیانی زۆری ماددی بەر پێنج ئۆتۆمبێل کەوتووە.
ساڵانە بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستاندا دەیان کەس دەبنە قوربانی و بەرپرسانی هاتوچۆش بەشێکی زۆری هۆکاری ئەو رووداوانە بۆ خێرایی لە لێخوڕین و پابەندنەبوونی شوفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەگەڕێننەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن