عێراق

هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت

- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی لەگەڵ شاندی دانوستانکار لەگەڵ حکوومەتی فیدرال کۆبوویەوە و بڕیار درا کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت.

Fakhradin Ibrahim Mohammad   | 30.06.2020
هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغدا، کۆبوویەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، تیشکی خستە سەر سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدرال و پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شاندی دانوستانکار جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تیایدا پارێزراو بێت.

راشیگەیاندووە کە ھەرێمی کوردستان داکۆکی و پێداگیریی لە مافە رەواکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەکات و هەرگیز سازشیان لەسەر ناکات.

هەفتەی رابردوو به‌ئامانجی درێژدەدان بە دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال، تایبەت بە چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان، شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی جێگری سەرۆكوەزیران، قوباد تاڵه‌بانی سەردانی بەغدایان کردبوو.

دۆسیەكانی نەوت و شایستە‌ داراییە‌كانی هەرێمی كوردستان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان شاندی دانوستانکار و حکوومەتی فیدرال بوون.

شاندی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ هەریەکەی لە سەرکۆمار بەرهەم ساڵح، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و کۆنسولی وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا کۆبوونەوە و روونكردنەوەیان لەسەر دۆخی دانوستانەکان و هەڵوێستی هەرێم لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ئاشکرا کردووە.

تا ئێستا سێ گەڕی گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و کابینەی نوێی عێراق ئەنجام دراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە و دەگوترێت، هەر دوو لایەن ئیرادەی گەیشتن بە رێککەوتنیان تێدایە، بۆیەش هیچ وادەیەک بۆ کۆتایی پێ هێنان بە گفتوگۆکان رانەگەیەندراوە، بەڵام وردەکارییەکانی تەکنیکی کە کەڵەکەبووی ساڵانی پێشوون، راگەیاندنی رێککەوتنی دوو لایەنی لە کورت مەودادا ئەستەم کردووە.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın