نێچیرڤان بارزانی: "دەستخۆشی لە تەواوی ئەندامانی ھەڵبژاردەی عێراق دەکەم کە خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە ڕاستی"
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەرکەوتنی ھەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦، ڕایگەیاند، ئەم دەستکەوتە مێژوویییە کە دوای (٤٠)ساڵ چاوەڕوانی ھاتە دی، مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ ھەموو عێراقییەکان.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە دوای (٤٠)ساڵ چاوەڕوانی، سەرکەوتنی ھەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦، ھاتە دی.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەرکەوتنی ھەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "بە بۆنەی سەرکەوتنی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦، کە لە مەکسیک بەرامبەر بە ھەڵبژاردەی بۆلیڤیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بەگشتی، وەرزشوانان و یاریزانانی ھەڵبژاردەکە دەکەم".
ڕاشیگەیاندووە: "ئەم دەستکەوتە مێژوویییە کە دوای (٤٠)ساڵ چاوەڕوانی ھاتە دی، مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ ھەموو عێراقییەکان. دەستخۆشی لە تەواوی ئەندامانی ھەڵبژاردەکە دەکەم کە بە ماندووبوون و دڵسۆزیی خۆیان، خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە ڕاستی".
ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ ھەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی کۆمەڵەی مۆندیالدا خواستووە و ڕایگەیاندووە: "ئومێدەوارم ئەم سەرکەوتنە ببێتە ھەوێنی تەبایی و خۆشی بۆ ھەمووان".
ئەمڕۆ چوارشەممە، ھەڵبژاردەی عێراق، دوای ٤٠ساڵ وەک دوایین ھەڵبژاردە گەیشتە یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦، دوای ئەوەی لە دوایین یاریی پاشکۆی کۆتایی جامی جیھانییدا بە ئەنجامی (٢-١) لە ھەڵبژاردەی بۆلیڤیای بردەوە.
