موقتەدا سەدر: "بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و بەغدا رێکبکەون"
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند كە لە بڕی وەرگرتنی قەرز، ١٦ خاڵی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی لە عێراق خستووەتەڕوو.

Arbil
هەولێر ــ AA
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە یەكێك لە پێشنیازەكانیدا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی كە ئێستا بەرۆكی عێراقی گرتووە، داوایكردووە كە حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر چارەسەركردنی كێشە داراییە هەڵپەسێردراوەكان رێبكەون، لەنێویاندا دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان.
موقتەدر سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە، ژمارەیەك كەس بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بوودجە یان دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، باس لە پەنابردن بۆ وەرگرتنی قەرزی دەرەكیی یان ناوخۆ دەكەن و نووسیوویەتی:
" لە بری وەرگرتنی قەرز، پێویستە مووچەی پلە باڵاكان رێكبخرێتەوە و كەم بكرێتەوە، قەرزكردن لەم هەلومەرجەدا، قەیرانی دارایی و ئابووری عێراق دوو هێندە زیاتر دەكات و ئەوە چارەسەر نییە".
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە بڕی وەرگرتنی قەرز، ١٦ خاڵی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی لە عێراق خستووەتەڕوو و لە یەكێك پێشنیازەكاندا داوای وەرگرتنی كرێی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی كردووە، بەو مەرجەی لە دەستی كەسانی دەستپاكدا بێت و هەروەها داواشی كردووە بانكەكانی عێراق ئاسانكاری بۆ پێدانی قەرز بە خاوەن پرۆژەكانی بچووك و گەورەكان بكەن تا بتوانن پرۆژەكانیان جێبەجێ بكەن و پشكێك لەبەرامبەر ئەو ئاسانكارییانەی پێشكەشیان دەكرێت بدەن بە حكوومەت.
موقتەدا سەدر هەروەها داواشی كردووە كە كەرتی كشتوكاڵی لە عێراقدا گەشەی پێ بدرێت ئەوەیش لەڕێگای دابەشكردنی زەوی بەسەر جووتیاراندا.
هەر لە چوارچێوەی پێشنیازەكانیدا، سەركردەی رەوتی سەدر داوای ئاشكراكردنی ئەو گەندەڵكارانەی كردوووە كە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و پارتەكانیاندا سامانی عێراقیان بەهەدەرداوە و بۆ ئەوەی لێپچەوانەیان لەگەڵدا بكرێت تا پارە دزراوەكان بگێردرێنەوە بۆ وڵات و هەروەها داوای دەركردنی داگیركەر لە عێراق كردووە كە وەك خۆی دەلێت: "بووەتە هۆی لەدەستدانی ملیارەها دۆلاری عێراق".
هەر لە یەكێك لە خاڵە پێشنیازەكانیدا، موقتەدا سەدر داوای جێبەجێكردنی رێكەوتنی عێراق لەگەڵ چینی كردووە لە لایەن كەسانی دەستپاكەوە و ئاماژە بەوەیش دەكات كە ئەو رێككەوتنە باشترە لەوەی پەنا ببرێتە بەر رێكەوتنی شەرمهێنی دیكە و داواشی كردووە كە بانكەكانی عێراق لە گەندەڵكاران بپارێزرێت و كاری بانكی ناوەندی رێکبخرێتەوە.
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ئەوەشی نووسیووە: "كاركردنی بەردەوام لەپێناو سوودوەرگرتن لە سامانەكانی عێراق، بێگومان مەبەستم تەنیا نەوت نییە، بەڵكو مەبەستم سامانی دیكەیە كە دەبێت وەبەرهێنانی تیایدا بكرێت دوور لە دەستی گەندەڵكاران".
موقتەدا سەدر پێشنیازی ئەوەیشی كردووە كە باج و گومرگ و هەموو هاوشێوەكانیان لەدەستی دەستپاكاندا بێت لەبری ئەوەی بكەونە دەستی گەندەڵكاران و داواشی كردووە وەبەرهێنەران پاڵپشتی بکرێن بۆ ئەوەی لە كارەكانیان بەردەوام بن.
سەركردەی رەوتی سەدر لە یەكێك لە خاڵەكانی دیكەی پێشنیازەكانیدا داوای رێكخستنەوەی پلەبەندی مووچە، پوختكردن و كاركردن لەسەر رێكخستنی مووچەی خانەنشینانی كردووە و راشیگەیاندووە كە راییكردنی مامەڵەكانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاكانی دەوڵەت و خزمەتگوزارییەكان بە سیستەمی ئەلیكترۆنی بێت لەپێناو رێگرتن لە گەندەڵی.
هەر لە چوارچێوەی پێشنیازەكانیدا، موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە كە نەوت سامانی گەورەی وڵاتە، پێویستە بپارێزرێت و بەدووربێت لەدەستی گەندەڵكاران و دەبێت داهاتی نەوت بگەرێندرێتەوە بۆ دەوڵەت و جەختی لەوەشكردووەتەوە كە گرنگە وەبەرهێنان لەكەرتی گەشتوگوزاردا بكرێت.
لە كۆتا خاڵی پێشنیازەكانیدا، موقتەدا سەدر گوتوویەتی: "دەبێت حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر چارەسەركردنی كێشە داراییە هەڵپەسێردراوەكان رێبكەون، لەنێویاندا دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان".