عێراق

"لە سەدا 93ی ئەو تاوانانەی لە هەولێر ئەنجامدراوە ئاشکرا کراوە"

- پۆلیسی هەولێر: "لە سنووری پارێزگای هەولێر لە میانی شەش مانگدا، پێنج هەزار و 992 تاوان تۆمارکراوە کە پێنج هەزار و 568یان ئاشکرا کراون و تۆمەتباران دراونەتە دادگا بەڕێژەی لەسەدا 93".

Hawkar Yaseen   | 21.09.2020
"لە سەدا 93ی ئەو تاوانانەی لە هەولێر ئەنجامدراوە ئاشکرا کراوە"

Arbil

هەولێر - AA

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماری کار و چالاکییەکانی بۆ 19ی کانوونی دووەم تا یەکی ئابی ئەمساڵی بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە کە وێنەیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە لەو ماوەیەدا لە سنووری پارێزگای هەولێر، پێنج هەزار و 992 تاوانی جۆراوجۆر تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و 568 تاوانیان ئاشکرا کراون و تۆمەتباران دراونەتە دادگا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر توانیویانە 655 تۆمەتبار لە هەموو تاوانە جیاوازەکان کە باندی (دزی، کوشتن، ساختەکاری، سپیکردنەوەی دراو و تاوانی دیکەی) لەنێودابووە دەستگیربکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە پۆلیسی هەولێر لەو شەش مانگەدا، 751 دەرۆزەکەریان دەستگیرکردووە لەنێو سەنتەری شار و ترافیکلایتەکاندا کە خۆیان بە نەخۆش و کەمئەندام پیشانداوە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک، بەگوتەی پۆلیس دەرۆزەکەرێک دەستگیر کراوە کە "لە میانی سێ رۆژدا، 13 ملیۆن دیناری کۆکردووەتەوە".

پۆلیسی پارێزگای هەولێر راشیانگەیاندووە "93 تۆمەتبار کە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق داواکرابوون و فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە لە هەولێر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون و رەوانەی ئەو شوێنانە کراونەتەوە کە لێوەی داواکراون.

پۆلیسی هەولێر ئاماری کاروچالاکییەکانی دیکەی ئەو شەش مانگەی بەم جۆرە بڵاوکردووەتەوە:

دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی دوو هەزار و 43 نێرگەلە، دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی 28 تۆن دەرمانی ماوە بەسەرچوو، 70 شوێن کە زیادەڕۆییان کردبووە سەر موڵکی گشتی تێکدراون، 73 ئوتومبیل دەستی بەسەرداگیراوە کە لەسەر شەقامەکان هۆکاری هەراسانکردنی هاووڵاتیان بوون، 148 سەرپێچیکاری جۆراوجۆر دەستگیرکراون و سزای یاسایی دراون و هەزار و 284 شوێنیش بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی ناوخۆ و تەندروستی داخراون.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın