لە رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوواندا.. "ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان چارەنووسی زیاتر لە ٤٠٠ کەس یەکلایی کراوەتەوە"
گوتەبێژی نێردەی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق، هیبە عەدنان: "ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١ پێمان دەڵێن کە هەزار و ٨٠٠ داواکاریمان سەبارەت بێسەروشوێنبوان بەدەست گەیشتووە و لەو ژمارەیەش ٧٧٦ کەسیان چارەنووسیان یەکلایی کراوەتەوە".
Arbil
هەولێر - AA هێمن حوسێن
لە رۆژی جیهانی بێسەروشوێنبوواندا کە دەکەوێتە ٣٠ی ئابی هەموو ساڵێک، گوتەبێژی نێردەی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق، هیبە عەدنان ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی رابردوودا، هەزار و ٨٠٠ داواکارییان سەبارەت بە بێسەروشوێنوان بەدەست گەیشتووە و چارەنووسی ژمارەیەک لەو داواکارییانە یەکلایی کراوەتەوە، هاوکات بەرپرسی راگەیاندنی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان، ئەڤین یاسین ئەوە دەخاتەڕوو کە لە ساڵی رابردوودا، توانیوویانە لە کۆی هەزار داواکاری، چارەنووسی ٧٠٠ کەس یەکلایی بکەنەوە.
گوتەبێژی نێردەی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق، هیبە عەدنان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "بێسەروشوێن ئەو کەسەیە کە خێزانەکەی چارەنووسی نازانێت، هۆکارەکان زۆرن، ئەگەر باسی عێراق بکەین کە ژمارەیەکی زۆر بێسەروشوێن هەیە و ژمارەیەکی زۆریش لە خێزانەکان بەدوای کەسەکانیاندا دەگەڕێن، ململانێی چەکداریی و کاری توندوتیژی بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بێسەورشوێن هەبێت کە ژمارەیان بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێنرێت".
هیبە عەدنان گوتیشی: "ئێمە لە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور سەدان داواکاریی بێسەروشوێنبوانمان بەدەست گەیشتووە، ئەگەر باسی ساڵی ٢٠٢١ بکەین، ئامارەکان پێمان دەڵێن کە هەزار و ٨٠٠ داواکاریمان بەدەست گەیشتووە و لەو ژمارەیەش دۆسیەی ٧٧٦ کەسیان چارەنووسیان یەکلایی کراوەتەوە".
لەبارەی ئامارەکانی حەوت مانگی رابردووشدا، لەبارەی کەسانی بێسەروشوێن لە عێراق، گوتەبێژی نێردەی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق، هیبە عەدنان گوتی: "لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ تا ئێستا، ٧٦٩ داواکاریمان بەدەست گەیشتووە و لەو ژمارەیەش لە میانی هەماهەنگیمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و خێزانەکان توانیوومانە چارەنووسی ٤٢٣ کەس یەکلایی بکەینەوە".
یەکێک لە ئەرکەکانی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، سەردانیکردنی بەندیخانە، نەخۆشخانە و کەمپی ئاوارە و پەنابەرانە، لەبارەی سەردانەکانیشیاندا، هیبە عەدنان گوتی: "لەگەڵ بەندیخانەکان، کەمپەکان و نەخۆشخانەکان لە پەیوەندیداین سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بێسەروشوێنان و چاودێریکردنی رەوشی هاووڵاتییان لەو شوێنانە، ئێمە رێپێدراوین بە سەردانیکردنی گرتووخانەکان بە مەبەستی زامنکردنی مامەڵەی شیاو لەگەڵ گیراوەکان کە بێبەشن لە ئازادییەکان، هەروەها بۆ دابینکردنی بارودۆخێکی گونجاو بۆ ژیانیان، ئەوا بەردەوامین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان".
بەرپرسی راگەیاندن لە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان، ئەڤین یاسین باس لە جۆرەکانی بێسەروشوێنبوون دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆچبەران کێشەیەکی گەورە بۆ خێزانەکانیان دروست دەکەن بەهۆی پێنەدانی زانیاری بە کەسوکارەکانیان.
ئەڤین یاسین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بێسەروشوێن ئەو کەسەیە کە بەهۆی جەنگ یان کۆچکردن یان هەر هۆکارێکی دیکەوە بێت، چارەنووسی نادیارە، بێگومان کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە ساڵی ١٩٨٠ەوە لە عێراق کار دەکات، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی بێسەروشوێنی هەیە کە بە سەدان هەزار کەس دەژمێردرێن".
کەسوکاری بێسەروشوێنبووان لە یەکەمین هەنگاودا، فۆڕمێکی زانیاریی تایبەت بە کەسی ونبوو پڕ دەکەنەوە و بەردەوامیش لەگەڵ کۆمیتەکە لە پەیوەندیدا دەبن و لە هەر زانیارییەکی نوێ ئاگادار دەکرێنەوە و لەبارەی داتا و ئاماری بێسەروشوێنبووانی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، ئەڤین یاسین گوتی: "لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا، هیچ ئامارێکی دروستمان لەلانییە لەبارەی بێسەروشوێنبووانی جەنگی عێراق-ئێران، جەنگی کەنداو، شەڕی ناوخۆ و شەڕکانی ئەم دواییە".
هۆکارێکی دیکەی بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییان، کۆچکردنە و بەم دواییەش چەند کۆچبەرێک لە کەناراوەکانی یۆنان، فەڕەنسا و ئیتاڵیا ژێرئاوکەوتن و هەندێکیشیان چارەنووسیان نادیارە و لەمبارەیەوە ئەڤین یاسین گوتی: "کۆچبەرەکان کێشەیەکی گەورە بۆ خێزانەکانیان دروست دەکەن، چونکە زۆرجار لە رێگا بێسەروشوێن دەبن و هیچ زانیارییەک لەسەریان نازاندرێت لە کاتێکدا پێویستە خێزانەکان پەیوەندیمان پێوە بکەن و هەندێک زانیارییمان لەسەر کەسی بێسەروشوێن بوو پێبدەن".
بەرپرسی راگەیاندن لە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان، ئەڤین یاسین لەبارەی ئاماری داواکارییەکانی کەسوکاری بێسەروشوێنبووان لە ساڵی رابردوودا گوتی: "بە گشتی لە ساڵی رابردوو زیاتر لە هەزار خێزان تۆمارکراون کە کەسێکیان ونبووە، لەو ژمارەیەش توانیوومانە چارەنووسی زیاتر لە ٧٠٠ کەس یەکلایی بکەینەوە، هاوکات لە سەری ئەمساڵەوە تا ئێستا ٧٠٠ دۆسیەمان هەبووە و توانیوومانە چارەنووسی زیاتر لە ٤٠٠ کەس یەکلایی بکەینەوە".
ئەو بەرپرسەی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو بە مەبەستی چاودێریکردنی رەوشی گیراوان سەردانی بەندیخانەکان دەکەن کە زۆرجار نامە لەنێوان گیراوان و خێزانەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان تیمی تایبەتمان هەیە سەردانی گرتووخانەکان دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا شوێنی گرتن و حەوانەوە و خواردن و بابەتی تەندروستییان چۆنە، هاوکات زۆرجار ئاڵوگۆڕی نامەکان دەکەین لەنێوان بەندییەکان و خێزانەکانیان".
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ژمارەیەکی بێبەرامبەری پەیوەندیکردنییان دابین کردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەهەر حاڵەتێکدا بتوانن پەیوەندی بە کۆمیتەکەوە بکەن و لەمبارەوە ئەڤین یاسین گوتی: "پێشتر چەند ژمارەیەک هەبوون بۆ ئەوەی خەڵک پەیوەندیمان پێوە بکات، ئێستا هەموو کراوەتە یەک ژمارە کە بریتییە لە ٨٠٠٢٢٢٢٢ ئەو ژمارەیە کارایە و بێبەرامبەرە، هەر کەسێک دەتوانێت لە رێگای ئەو ژمارەیەوە پەیوەندیمان پێوە بکات".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
