جەنگ پڕۆسەی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان تووشی ئاستەنگ کردووه
پسپۆڕی دەروونیی و ڕاهێنەری پەروەردەیی، دکتۆر یوسف عوسمان: "ئەگەرچی بڕیارەکە ناچارییە بەڵام کاریگەریی زۆری لەسەر کوالیتی پەروەردەیی و هەروەها سایکۆلۆژیای منداڵێک دهبێت كه بەناچاریی ڕۆژانە چەندین کاتژمێر پێویستە سەیری شاشە بکات".
Arbil
ھەولێر – AA
لەگەڵ دەستپێکی جەنگ لە نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران، پڕۆسەی خوێندن لە سەرجەم قۆناغەکان بە زانکۆ و پەیمانگاکانیشەوە، لە ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا.
ئەگەرچی جەژنەکانی ڕەمەزان و نەورۆز لە جەرگەی پشوودا بوون، بەڵام "سەلامەتی قوتابیان و خوێندکاران" لە جەنگەکەدا وایکرد کە ھەرکام لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕێکاری تایبەت بگرنە بەر و ڕاوەستانی پڕۆسەی خوێندن ڕابگەیەنن و بە شێوەی ئۆنڵاین درێژە بە خوێندن بدرێت.
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ئادار، بە شەش مووشەکی ئێران، بارەگایەکی ھێزەکانی پێشمەرگە لە نزیک شارۆچکەی خەلیفان سەر بە پارێزگای ھەولێر کرایە ئامانج و بە ھۆیەوە شەش پێشمەرگە شەھید بوون، ھاوکات ھێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیش بۆ سەر سەنتەری شارەکانی ھەولێر و سلێمانی بەردەوامە.
بەردەوامی جەنگەکە، ئەو مشتومڕەی ھێناوەتە کایەوە کە بەردەوامی خوێندنی ئەمساڵ لە ھەرێم بە چ ئاراستەیەک دەبێت، بۆیەش ھەردوو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە کۆبوونەوەیەکدا، تاوتوێی دۆخەکە و بڕیاری نوێیان ڕاگەیاند.

ھەرچەندە پێشتریش وەزیری پەروەردە ئالان حەمەسەعید ڕایگەیاندبوو کە ئەگەری درێژکردنەوەی پشوو لە کاتی بەردەوامی جەنگ ھەیە بەڵام ئاماژەشی بەوەدابوو کە وەک ڕێکارێکی ئەلتەرناتیڤیش، ئەوا دەکرێت خوێندن بەشێوەی ئۆنڵاین سەرانسەری لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
ھەر بۆیەش ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و تۆێژێنەوەی زانستی لەگەڵ وەزارەتی پەروردە لە کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشدا، بڕیاریاندا کە بۆ پاراستنی خوێندکاران و قوتابیان بە ھۆی بەردەوامی دۆخی جەنگەوە، خوێندن ئۆنڵاین دەبێت.
ھەریەک لە پسپۆڕێکی دەروونی و ڕاھێنەری پەروەردەیی لەگەڵ مامۆستایەکی ناوەندەکانی خوێندن، ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە بڕیاری خوێندن بە شێوەی ئۆنڵاین لەم دۆخەی ئێستا شەڕدا، ڕێکارێکی بەپەلەی پێویست بوو بۆ پاراستنی گیانی قوتابییان و مامۆستایان بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە وێڕای پاراستنی گیانی قوتابییان و مامۆستایان بەڵام لێکەوتەی نەرێنیشی لێ دەکەوێتەوە.
- خوێندنی ئۆنڵاین، تاکە ڕێگاچارە لەپاڵ ئاستەنگ و گرفتەکان
لەم بارەیەوە پسپۆڕی دەروونیی و ڕاھێنەری پەروەردەیی، دکتۆر یوسف عوسمان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەکێک لە لێکەوتەکانی جەنگ، کاریگەرییە لەسەر پرسی پەروەردە و فێر کردن.
بە بڕوای ئەو پسپۆرە دەروونییە، لە کاتێکدا دایکان و باوکان ھاندەدرێن کە ڕێگا نەدرێت منداڵان زۆر سەیری شاشەکان بکەن، بەڵام ئێستا دەبێت ھانبدرێن کە منداڵان ڕۆژانە چەندین کاتژمێر سەیری شاشە بکەن.
دکتۆر یوسف عوسمان باسی لە لێکەوتەکانی جەنگ لەسەر پرسی پەروەردە و فێرکردن لە دۆخی نائاسایی کرد و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "ئێمە دەزانین شەڕ نەھامەتییە و لە شەڕدا ھەموو جومگەکانی کۆمەڵایەتی تێکدەچیت و ناتوانیت پلانێک دابنێی کە ئاسۆیەکی ڕوونی ھەبێت و زۆرجار ھەیە پێیدەڵێن تەنگەتاویی، لەم پڕۆسەی خوێندنەشدا، ھەم وەزارەتی پەروەردە و ھەم وەزارەتی خوێندنی باڵا تووشی کۆمەڵێک ئاستەنگ بوونەتەوە بەوەی کە ئایا ئەم پڕۆسەیە بە چ شێوازێک ئاراستە بکەن، پڕۆسەی خوێندن لە کاتی جەنگ و لە کاتی ئاشتیدا دوو شتی جیاوازن، مەبەست ھەر ئەوە نییە کە قوتابییەکان نەچنە پۆلەکانی خوێندن، بەڵکو زۆرجار ھەیە سەلامەتی ئەو شوێنانەش دەبێتە مشتومڕێکی سیاسیی یان دەوڵەتی کە ئەوان ناتوانن بڕیار لەسەر دۆخەکە بدەن".
ئەو باس لە ھەستیاری لە پرسی پەروەردە دەکات و دەڵێت: "لەم دۆخەدا دەتوانیت ھەر سێکتەرێک ھەبێت چاکی بکەیتەوە کە زیانی پێبگات، بەڵام پەروەردە ناتوانرێت چاکی بکەیتەوە چونکە ئەمە پێی دەڵێن زیانی عەقڵی، ھەر کەموکوڕییەک لە پڕۆسەی خوێندن زیانێکی عەقڵی وکولتووری و ڕۆشنبیری دروست دەکات، ئێستاش ئەو کەسانەی کە لە شەڕی نێوان عێڕاق و ئێران خوێندنیان لەدەستداوە کاریگەرییەکانی ھەر ماوە و تووشی گرفتێکی گەورە بوونەتەوە".

- ئینتەرنێت، ئامێری پەیوەندی و کارەبا ئاستەنگییەکی دیکەن لەبەردەم پڕۆسەکەدا
خوێندنی ئۆنڵاین لە ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ھەموو ڕەھەندە ئەرێنی و نەرێنییەکانی، پێشتر لە کاتی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تاقی کراوەتەوە.
بەو پێیەی کە ژێرخانی ئینتەرنێت لە ھەرێمی کوردستان ئەو تایبەتمەندییەی تێدایە کە بتوانرێت خوێندن بە ئۆنڵاین بەردەوام بێت و بەشێکی زۆر ھاووڵاتیان دەستیان پێی ڕادەگات بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ھەموو ھاووڵاتییەک بتوانێت ئەو ڕێنماییە جێبەجێ بکات و ئەوەش گرفت و ئاستەنگی خۆی ھەیە.
لەم بارەیەوە ئەو پسپۆڕەی دەروونی و ڕاھێنەری پەروەردەییە دەڵێت: ''ھەندێک بڕیار ھەیە بەدەست ھیچ کەسێک نیە و بڕیارێکی ناچارییە، ئەمە ھیچ کاتێک نابێتە دیفاکتۆ بەڵکو تەواوکردنی ساڵە، ئەمە یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە زۆرجار نەبووەتە بەدیل، چونکە بەدیل ئەوەیە ھەموو ئەو جومگانە تەواو بکەیت کە لە قوتابخانە ھەیە، کاتێک لە ماڵەوەیە ئەوانە ھیچ نامینێت و تەنیا بەردەوامبوونی خوێندنەکەیە جگە لە جومگەکانی دیکە''.
دکتۆر یوسف عوسمان گرفت لە ھێڵەکانی ئینتەرنێت، نەبوونی ئامێری پەیوەندی لە ھەندێک لە خێزانەکان و ھەروەھا کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا بە گرفت لەبەردەم پڕۆسەکە دەزانێت و گوتی: "ھێڵی ئینتەرنێت زۆر لاوازە و ڕەنگە نەگاتە شوێنە دوورەدەستەکان و ھەروەھا ھەندێک خێزان ھەیە سێ منداڵیان لە قوتابخانەیە و ڕەنگە نەتوانن ھەموو پێداویستییەکانییان بۆ دابین بکەن و ئەمەش تووشی گرفتێکی گەورەی ئابووری دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بوون و نەبوونی کارەبا کاتی دیارنیە، بۆ نموونە لە قوتابخانەیەک مامۆستایەک لە کاتێکی دیاریکراو دێتەسەر ھێڵ و بەشێک لە قوتابییەکان لەم کاتەدا کارەبا یان ئینتەرنێتیان نیە، کەواتا ئەمە گرفتێکی گەورەیە و دەبێت پێشتر ئەوانە ھەمووی ئامادەکاریی بۆ کرابێت ئینجا قوتابییەکان بنێردردێنە ماڵەوە، ھەروەھا وا باشە ھەموو قوتابییەکان لە ژوورێکی ئەلیکتڕۆنیدابن و بە شێوەی زیندوو یەکتر ببینن نەک وانەی تۆمارکراو و ھەر کەس بۆخۆی سەیری بکات''.
- کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵێک کە ڕۆژانە بۆ چەندین کاتژمێر سەیری شاشە بکات
کاریگەرییەکانی بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بۆ خوێندنی ئۆنڵاین لەسەر دەروونی منداڵیش بە بڕوای دکتۆر یوسف ڕەھەندێکی گرنگی پرسەکەیە و لەم بارەیەوە گوتی: "لەبارەی بەکارھێنانی ئەم ئامێرانە، ئێمە دەبینین زۆرجار دایک و باوکەکان ئامۆژگاریی منداڵەکانییان دەکەن کە زۆر کەم لە پێش شاشە شینەکان دابنیشن، کەچی ئێستا ھەمان منداڵ ناچار دەکەیت ماوەیەکی زۆر بە فەرمیی بە دیار شاشەوە دابنیشێت، ئێمەش لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە باسی ئەوە دەکەین کە منداڵ تا قۆناغی ھەشتی بنەڕەتیش ئەگەر ڕۆژانە دوو کاتژمێر بەرامبەر شاشە شینەکان بێت ئەوا ڕادێت، واتا فێر دەبێت و دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی ئەم منداڵە و ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا دەبێتە ھۆی ئالوودەبوون و ئێمەش ئالوودەیان دەکەین، ھەروەھا دایک و باوکەکەش ناچارە لە قسەکانی خۆی پەشیمان بێتەوە کە پێی گوتووە نابێت زۆر بەرامبەر شاشە شینەکان دابنیشیت".
بەو پێیە دکتۆر یوسف عوسمان پێی وایە کە، لە بەردەوامی دۆخەکە، منداڵ کەسایەتییەکی گۆشەگیر و نا کۆمەڵایەتیی دەبێت، ھەروەھا کەسێکی ھەڵچوو و توڕەدەبێت و وەک نموونەیەک بۆ ئەو دۆخە گوتی: "دیراسەیەک لە ھەولێر کراوە بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە و کە شەڕ دەکەن و پەنا بۆ شتی دیکەی توندوتیژی دەبەن، دەرکەوتووە ڕۆژانە لە چوار کاتژمێر زیاتر بە دیار شاشە شینەکانن و ئەوانە وزەیەکی نەرێنی کۆدەکەنەوە و لە دەرەوە بەتاڵی دەکەنەوە و دەبێتە ھۆی ھەڵچوون و شەڕکردن، زۆرجاریش دەرکەوتووە ئەوانەی زۆر بە دیار شاشەکانەوەن ئینتیمای نیشتمانیی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و خێزانییان نامینێت".
- بۆچوونی مامۆستایان لەم دۆخەدا
ھاوکات مامۆستایەکی یەکێک لە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ پاراستنی گیانی قوتابییان و مامۆستایان، ئۆنڵاین سیستەمێکی باشە بەڵام دەبێت کێشە و گرفتەکانی بەردەم پەیڕەوکردنی سیستەمەکە چارەسەر بکرێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە خەڵکی شوێنە دوورەدەستەکانی وەک گوند و لادێکان ڕووبەڕووی قەیرانی خراپی ھێڵی ئینتەرنێت دەبنەوە و لە ھەمانکاتیشدا ڕەنگە خێزانەکانی ئەو شوێنانە بەھۆی گرفتە داراییەکان نەتوانن ئامێرەکانی پەیوەست بەم سیستەمە دابین بکەن.
مامۆستا تەحسین محەمەد لەمبارەیەوە گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان خوێندنی ئۆنڵاین وەک ئامراز و ھۆکارێکی فریاگوزاریی دادەندرێت، ئەمە کارێکی دروستە، بەڵام سەرەکیترین گرفتەکانی ئەم سیستەمە بریتییە لە نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی وەک کارەبا و ئینتەرنێت کە لە زۆربەی شوێنەکانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە گوندەکان بەردەست نیە و، ئەمەش ھۆکارێکە بۆ سەرنەکەوتن یان دواکەوتنی قوتابی لە قوناغەکانی خوێندن و تێنەگەیشتن لە وانەکان، ھەروھا وانە نەگوتنەوە لەلایەن ھەمان مامۆستای قوتابییەکە، ئەمەش دیسان ھۆکارێکی دیکەیە لەبەردەم تێگەیشتنی قوتابییەکان".
مامۆستا تەحسین گوتیشی: "لەم دۆخەدا کۆمەڵێک ئاسانکاریی کراوە و تا ئاستێک سوودی دەبێت و بەرچاوڕوونییەکە بۆ قوتابییان کە قوتابخانە حکوومییەکان دەتوانن سوود لە پلاتفۆرمی قوتابخانەکان، یان سوود لە گرووپە ئەلیکترۆنییەکانی قوتابخانەکان وەربگرن بۆ پێدانی ئەرکی ماڵەوە لەلایەن مامۆستایان، وێڕای ھەبوون و پەخشکردنی وانەکانی ھەموو قۆناغەکانی خوێندن لە ھەرسێ تەلەڤیزیۆنی پەروەردەیی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و چەند کەناڵێکی دیکە".
- زیانەکانی ئەم پڕۆسەیە لەسەر قوتابییان
سەبارەت بە کاریگەریی و زیانەکانی ئەم پڕۆسەیە لەسەر قوتابییان، مامۆستا تەحسین محەمەد گوتی: "قوتابییەکان زۆرترین زیان لەم پڕۆسەیە دەبینن، بەھۆی ئەوەی کاتێکی زۆر لەبەردەم شاشەکان بەسەردەبات کە ئەمەش دژی ئامۆژگارییەکانی دایکان و باوکانە، ھەروەھا نەبوونی کێبڕکێ لە نێوان قوتابییەکاندا کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر حەزی فێربوون و خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا پچڕانی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی کە قوتابییان لە میانی دەوامی قوتابخانەکان ھەیانە، یەکێکی دیکەیە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پڕۆسەکە".
ئەو مامۆستایە ئاماژە بەوەش دەکات کە بەھۆی ئەوە دۆخەکە لەناکاو بوو، مامۆستایان ئامادەکاریی پێشوەختەیان نەبووە و ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان و لەمبارەیەوە گوتی: "خۆ ئامادەنەکردنی مامۆستایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە و وانەگوتنەوە بە شێوازی ئۆنڵاین کاریگەرییەکی دیکەی نەرێنی لەسەر پڕۆسەکە ھەیە چونکە ھیچ زانیارییەکانی پێشوەختە نەبووە و ڕاھێنان بە مامۆستایان نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە بەشێک مامۆستایان دووربن لە بواری تەکنەلۆژیا و ئەم جۆرە پڕۆگرامانە لەسەرووی ھەموویانەوە ھەردوو سایتی (ئی-وانە) و (ئی – قوتابخانە) ئەمەش وا دەکات نەتواندرێت بە باشی سوودی لێ وەربگیرێت ئەمە جگە لەوەی لۆدێکی زۆر لەسەر ئەم دوو سایتە دروست دەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە پاراستنی گیانی تەنھا یەک قوتابی یان یەک مامۆستا گرنگترە لە ھەژمارنەکردن و دواکەوتنی ساڵێکی خوێندن".
