عێراق

لێدوانەکانی ئەردۆغان لەبارەی زیاترکردنی ئاو بۆ عێراق لە میدیاکاندا گرنگی زۆری پێدراوە

- لێدوانەکانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی زیاترکردنی ئاو بۆ عێراق، لە میدیا کوردی و عەرەبییەکاندا گرنگی زۆری پێدراوە و کراوە بە مانشێتی ئەمڕۆی ھەواڵەکان.

Zana Natık Kerem  | 22.03.2023 - نوێکردنەوە : 22.03.2023
لێدوانەکانی ئەردۆغان لەبارەی زیاترکردنی ئاو بۆ عێراق لە میدیاکاندا گرنگی زۆری پێدراوە

ھەولێر – AA

لێدوانەکانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی زیاترکردنی ئاو بۆ عێراق لە میدیا کوردی و عەرەبییەکاندا گرنگی زۆری پێدراوە و کراوە بە مانشێتی ئەمڕۆی ھەواڵەکان.

دوێنێ سێشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە ئەوان پرسی ئاو وەک ناوەندێکی ھەماھەنگی دەبینن کە خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەش بکات و ئاشکراشی کرد کە ئەوان ئاگاداری کێشەی لەناکاوی ئاون کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە.

سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەیشدا کە بارانبارین لە تورکیا لە نزمترین ئاستدایە لە ماوەی ٦٢ ساڵی رابردوودا و گوتی: "بەھۆی گۆڕانکاری ئاو و ھەواوە بە قۆناغێکی وشکەساڵییدا تێدەپەڕین، سەرەڕای سەرجەم ئەو نەرێنیانە بۆ نەھێشتنی تەنگەژەکانی عێراق، بڕیارماندا بڕی ئەو ئاوەی کە لە رووباری دیجلەوە دەڕژێت، بۆ ماوەی مانگێک بەپێی توانا زیاد بکەین".

ئەم لێدوانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میدیا کوردی و عەرەبییەکاندا گرنگی زۆری پێدراوە و کراوە بە مانشێتی ئەمڕۆی ھەواڵەکان.

ماڵپەڕی کەناڵی رووداو بەم مانشێته‌ باسی لە لێدوانەکەی سەرکۆماری تورکیا کردووە "ئاوی دیجلە بۆ ماوەی مانگێک بۆ عێراق زیاد دەکرێت"

ماڵپەڕی کەناڵەکە ئه‌وه‌یشی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی ئاو، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "پرسی ئاو بە ناکۆکی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بەھاوئاھەنگی و لێکتێگەیشتن دەبێت. درک بە پێویستی زۆری عێراقییەکان دەکەین بە ئاو، سەرباری ئەمەش تورکیا بەدەست کاریگەریی گۆڕانی کەشوھەوا دەناڵێنێت و بەراورد بە ٦٢ ساڵی رابردوو، کەمترین ئاستی ئاوی بەردەستە. بۆ نەھێشتنی تەنگەژەکانی عێراق بڕیارماندا بڕی ئەو ئاوەی کە لە رووباری دیجلەوە دەڕژێت، بۆ ماوەی مانگێک بەپێی توانا زیاد بکەین''.

ــ ماڵپەڕی کەناڵی ٢٤ ئەم مانشێتەی بۆ لێدوانەکەی سەرکۆماری تورکیا داناوە "ئەردۆغان ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەردەداتەوە"

ماڵپەڕی کەناڵی ناوبراوە بڵاوی کردووەتەوە کە لەبارەی پرسی ئاو، سەرکۆماری تورکیا ئاشکرایکردووە "رێکاری بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق لە رووباری دیجلەوە بۆ ماوەی مانگێک دەستیپێکردووە، ئەمەشی وەک ھاوکارییەک بۆ دۆخی ناوچەکانی عێراق نیشاندا کە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەھۆی کەمی رێژەی بارانبارین و وشکەساڵییه‌وه‌ زیانی زۆریان پێگەیشتووە".

ــ ماڵپەڕی کەناڵی ئێن ئاڕتی ئەم مانشێتەی نووسیووە "لەبارەی ئاوی رووباری دیجلەوە تورکیا بەڵێنێکی بە عێراق دا"

ماڵپەڕی کەناڵی ئێن ئاڕتی لەبارەی لێدوانەکەی سەرکۆماری تورکیا لەباره‌ی زیاترکردنی ئاو بۆ عێراق بڵاویکردووەتەوە کە ئەردۆغان رایگەیاندووە ئاگادارن لە کەمبوونەوەی ئاوی عێراق و بەھەمانشێوە رێژەی بارانبارینیش لە تورکیا کەمیکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریانداوە بۆ ماوەی مانگێک رێژەی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی رووباری دیجلە بۆ عێراق زیاد بکەن.

ھاوکات بەشێک لە میدیا عەرەبییەکانیش، بەھانشێوە لە ھەواڵەکانی ئەمڕۆدا زیاتر گرنگیان بە لێدوانەکەی سەرکۆماری تورکیادا لەباره‌ی زیاترکردنی ئاو بۆ عێراق.

میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەوڵدەدات پرسی ئاو لەگەڵ عێراق چارەسەر بکات و بۆ ئه‌م مەبەستەش بەڵێنی بەردانەوەی ئاو زیاتری بۆ عێراق داوە.

دوێنێ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لە میانیدا لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوویەوە.


لە میانی کۆبوونەوەکانی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و محەمەد شیاع سوودانی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ تاوتوێکران لەنێویاندا، دۆسیەی ئاو، ھەروەھا پرسەکانی ئاسایشی سنوور، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ھاریکاریی ئابووریی نێوان ھەردوو وڵات.


ماوەی چەند ساڵێکە عێراق بەھۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و کەم بارانییەوە، رووبەڕووی قەیرانی ئاو بووەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın