قورئانەکەی گڵەزەردە کە مێژووی نووسینەوەی چوار سەدەی تێپەڕاندووە
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. عەدنان هەورامانۍ، مامۆستا لە کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی: "ئەم قورئانە ئێستا لە گڵەزەردە پارێزراوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قورئانە ئەوەیە هەمووی بە خەتی سولس (ثلث) نووسراوەتەوە".

Arbil
سلێمانی – AA
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی دووھەمین ڤیستیڤاڵی ئایینی زانکۆی سلێمانیدا کە لە ٢٧ی ئادارى ئەمساڵ بەرێوەچوو، زۆر دەستنووسی دێرینی قورئانی پیرۆز و ڕاڤەی قورئان کە لەلایەن زانایانی کوردەوە نووسراون، نمایش کران لەوانەیش کۆمەڵێک دەستنووسی دێرین و ڕاڤەی قورئانی پیرۆز بوو بە زمانی کوردی.
یەکێک لەو بەرهەمە ناوازە و پڕبەهایانەی لە پێشانگاكەدا نمایش کرابوو قورئانەکەی گڵەزەردەیە، کە مێژووی نووسینەوەکەی بە تەواوی نازانرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ چوار سەدە بەر لە ئێستا و، هەمووی بە خەتی سولس (ثلث) نووسراوەتەوە. قەبارەی قورئانەکە ٤٠ x ٢٤ سم و ئەستووری ٩ سم، بۆ هەموو لاپەڕەیەک ١٢ دێڕی گەورە و جوان بە خەتی (محقیق) و (ثلث) زۆر بە جوانی و کارامەیی بە مرەکەبی ڕەش نوسراوەتەوە. بۆ کۆتایی سورەت و سەرەتای سورەتێکی دیکە ڕەنگی سوور بەکارهاتووە. لە سەرەتای سورەتەکەوە هەتا کۆتایی ئایەتێک بازنەیەکی سوور و خاڵێکی ڕەش لە ناویدا دانراوە، ئەمەش بۆ جیاکردنەوەی ئایەتەکانە لەیەکتری.
ئەم قورئانە دەستنووسە دێرینە کە لەناو خەڵکیدا بە قورئانە گەورەکەی گڵەزەردە ناسراوە، لەم ساڵانەی دواییدا نوێکردنەوە و جوزئەبەند کراوە و بەرگی تێگیراوە و هەندێک لە لاپەڕەکانی کاغەزی بە کەتیرە پێوەنراوە.
لە لاپەڕەیەکی قورئانەکەدا نوسراوە؛ ئەمە نوسینەوەی (دایە خاسێ-یە، کە دایکی شێخ حەسەنی گڵەزەردەیە، زانای ئایینی و ئەستێرەناسی کورد و یەکێکە لە شێخانی تەریقەتی قادری و ساداتی بەرزەنجە) و گوتوویەتی: "ئەگەر کەموکورتیەک لە نوسینەوەکەیدا هەبوو، لێم ببورن، چونکە دەستێکم بە لانکی شێخ حەسەنەوە بووە و، دەستەکەی دیکەم بە نوسینەوە بووە".
سەبارەت بە مێژوو و تایبەتمەندییەکانی دەستنووسی قورئانە دێرینەکەی گڵەزەردە، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. عەدنان هەورامانۍ، مامۆستا لە کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و، ڕایگەیاند: "ئەم قورئانە یەکێکە لە قورئانە دەگمەن و ناوازەکانی کوردەواری، بەتایبەت شاری سلێمانی. هەتا لە کوردەواری خۆماندا کە سوێندخوراوە بە قورئانەکەی گڵەزەردە، ئەم قورئانەیە. ئەم قورئانە نزیکەی ساڵی ٢٠١٥ چوار ملیۆن دینارێکی تێچوو بۆ نۆژەنکردنەوەی لە بنکەی ژین، ئەم قورئانە مێژوو و بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار سەدە پێش ئێستا، مۆر و خەتمی شێخ حەسەنی گڵەزەردەی لەسەرە بەڕەحمەت بێت. ئەم قورئانە ئێستا لە گڵەزەردە پارێزراوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قورئانە ئەوەیە هەمووی بە خەتی سولس (ثلث) نووسراوەتەوە، بەشێوازێکی گشتیی قورئان بە خەتی نوسخ دەنووسرێتەوە، چونکە ئاسانترە. خەتی سولس تەنیا بۆ لەوحات، کڵێشەیەک و لاپەڕەیەک هەتا دوو لاپەڕە بەکاردێت، بەڵام هەموو قورئان بە خەتی سولس بنووسرێتەوە زۆر قورسە، ئەم قورئانە یەکێکە لەو قورئانانەی کە هەر هەمووی بە خەتی سولس نووسراوەتەوە".
سەبارەت بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قورئانەکە، د. عەدنان ڕایگەیاند: "خۆشبەختانە نۆژەنکردنەوەیەکی جوانی بۆ کراوەتەوە، بەڵام داخی گرانم بە حوکمی ناڕەحەتییەکانی ناوچەکە، چواردەوری کتێبەکە زۆری نەماوە، من پێشبینی دەکەم لە چواردەورەوە حاشیە نووسینێک وەک زەخرەفەیەکی تێدا بووبێت، بەڵام ئێستا نەماوە. ئەم قورئانە مرەکەبەکەی بە ڕەنگەی سوور و ڕەشەکەشیەوە هەرهەمووی ئەو موادە سروشتیانەی وڵاتی کوردەواری خۆمانە تێدا بەکارهێندراوە، کە لە چرایەک و فتیلەیەکی کۆندا ڕەشاییەکەیان کۆکردووەتەوە، لە دەستکەوانێکدا برنجی کوردی و دەنکە هەنار و گوڵاڵە سوورەیان تێکەڵ کردووە و پاش ماوەیەک شڵەقاندنی لە شووشەیەکی تایبەتدا بۆ ئەوەی کە ڕەنگەکە بڵاونەبێتەوە پەتی چاڵچاڵۆکەیان هێناوە، یان ئیسفینجێک شتێکیان هێناوە بۆ ئەوەی نووسینەکەی نەیداتەوە. ئەم مرەکەبەی ئێستا دەیبینن کە ئەوە چوار سەدەی بەسەردا تێپەڕیوە ئاسایی تەڕی بکەیت بڵاونابتەوە، واتا کوالیتی ئەو مرەکەبەی لەو ئاستەدایە".
ڕاشیگەیاند: "دروستکردنی وەرەقە و پەڕەکانیشی ئەوە با بۆخۆی بوەستێت کە بە چ قۆناغێکی قورسدا تێپەڕیوە، لەوە دەچێت بۆ ماوەیەکی زۆر کە گوڵە پەیبونیان کوڵاندووە و بۆ ئەوەی لاپەڕەکە لە سپێتیەوە مەیلەو بۆریەک وەربگرێت بۆ ئەوەی عەزێتی چاو نەدات، بە کورتی و بە کوردی ئەم قورئانانە مێژوویەکی لە مێژینەی ئەم وڵاتەی ئێمە نیشان دەدات کە چەند بە پەرۆش بوون بۆ پاراستی ئەم کلتوورە ئاینییە. وە تیایەتی ئافرەت نووسیوێتی لە کاتێکدا بێشکە و لانکەی ڕاژەندووە، بە دەیان داستان و نموونەی ئاوامان هەیە".
د. عەدنان باسی لەوە کرد کە نووسخەی ئەم قورئانە براوەتە ئەزهەر و خەڵاتی وەرگرتووە، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "لێرەوە نووسخە براوەتە ئەزهەر و لەوێ خەڵاتی وەرگرتووە. تیایەتی لە دەستی کەوتووەتە خوارەوە لەگەڵ لافاودا براوە، قورئانەکە ئێستا ماوە نووسینەکەی تێکنەچووە، بەڵام لاپەڕەکانی دیارە ئەو شوێنەی کە کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە و ماوەتەوە. ئێمەومانان دارای ئەم سەروەتە ئاڵتوونیەیەن کە بە پارە و بە سەروەت مەزەندە ناکرێت".
قورئاناکە لە سندوقێکی شووشەییدا پارێزراوە ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ئەو کتێبانەی کۆنن لاپەڕەکانیان مۆرانەی لێیداون شیاو نین بۆ دەستلێدان لەبەر هەڵوەرین پەڕەکانیان و، ترس لە توشبوون بە بەڵەکی و هەستیاری پێست. هەر بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لەو بەرهەمە دەستنووسانەی لە پێشانگاکەدا نمایش کرابوون وێنەیەکیان دانرابوو لە بری نووسخە ئەسڵییەکەی.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن