عێراق یاداشتنامەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ھێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە ئاراستەی ئەمریکا و ئێران دەکات
- ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاسپارد، سکاڵا پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات.
Arbil
ھەولێر ــ AA
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند کە بڕیاریداوە ھەریەک لە باڵیۆزی ئێران و ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بکرێن، بۆ ئەوەی یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ھێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و بارەگاکانی پێشمەرگە لە ھەولێر ئاراستەیان بکرێت.
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی کرد کە تایبەت بوو بە لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە لەسەر عێراق.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کراوەتە لەسەر ئەوەی کە تەنھا دەوڵەت بە دەسەڵاتەکانی و بەپێی دەستوور مافی بڕیاردانی لەبارەی شەڕ و ئاشتی ھەیە و ھەر لایەنێک پێچەوانەی ئەوە کاربکات، ئەوە ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە حکوومەتی عێراق ھەوڵی تەواوی داوە، بۆ ئەوەی وڵات لە جەنگ و ململانێیەکان بە دوور بێت و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە حەشدی شەعبی بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی ئەمنی و دەبێت پارێزگاری لە چەکدارانی حەشد بکرێت، بەڵام نابێت رێگا بە ھیچ لایەنێک لەنێو حەشد بدرێت لە دەرەوەی یاسا ھەڵسوکەوت بکات.
ھەروەھا سەباح نوعمان ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریدراوە دەسەڵات بدرێت بە ھێزە ئەمنییەکان و ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ھێرشە سەربازییانەی کە بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن دەکرێنە سەر بارەگاکانیان، ئەوەش لەسەر بنەمای مافی وەڵامدانەوە و بەرگریی لەخۆکردن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ڕاشیگەیاندووە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، سەرجەم ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە ھێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان و نێردە دیپلۆماسییەکان دەستگیر بکرێن، ھەروەھا ئەنجامدەرانی ھێرشەکان ئاشکرا بکرێن و فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەرییان بۆ جێبەجێ بکرێت، چونکە ھیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاسپێردراوە، سکاڵا پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی ھەر دەستدرێژییەک کە دەکرێتە سەر عێراق، ھەروەھا باڵیۆزی ئێران و ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بانگھێشت بکات بۆ ئەوەی یاداشتنامەیەکی تووندی ناڕەزایەتیان ئاراستە بکات سەبارەت بەو ھێرشانەی کە کراونەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەکانی دیکە و بارەگاکانی پێشمەرگە لە ھەولێر.
