عێراق.. لە خۆپیشاندانەکانی ناسرییە شەش کەس بوونه قوربانی
- لە خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە، سەنتەری پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، یەک پۆلیس کوژراوە و پێنج خۆپیشاندەریش برینداربوون.

Arbil
ھەولێر ـ AA
لە خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە، سەنتەری پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، یەک پۆلیس کوژراوە و پێنج خۆپیشاندەریش برینداربوون.
دوێنێ یەکشەممە بۆ سێیەم رۆژ، خۆپیشاندان لە شاری ناسرییە بەڕێوەچوو کە تیاییدا گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان روویدا.
لەمبارەیەوە ئەفسەرێک لە پۆلیسی زیقار بە پلەی نەقیب کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە، لە ئاکامی ئەو گرژییهی کە دوێنێ یەکشەممە لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویدا، یەک پۆلیس کوژراوە.
ئەفسەرەکە باسی لەوەشکرد کە لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ لە شاری ناسرییە، ھێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژ، گوللەی راستەقینە و پلاستیکیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکارھێناوە.
ھاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە شایەتحاڵەکانەوە دەستی کەوتووە لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ یەکشەممە لە شاری ناسرییە، پێنج خۆپیشاندەر برینداربوون.
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکان بە ناوی ئیحسان ھیلالی کە داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانی دژبە حکوومەت کردبوو لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، لە رۆژی ھەینی رابردووهوه خۆپیشاندان لە شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار ئەنجامدەدرێت کە تا ئێستاش درێژەی ھەیە.