شێخ باز کەریم: "داوا لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەکەم سەردانی ماڵەکەم بکات"
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار گرووپ، شێخ باز کەریم: "ھیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لەناو ماڵەکەمەدا نەبووە و داوا لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەکەم، سەردانی ماڵەکەم بکات و لە نزیکەوە راستییەکان ببینێت".

Arbil
ھەولێر ــ AA
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار گرووپ، شێخ باز کەریم لەبارەی دەنگۆی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە ماڵەکەیدا کە بەھۆی ھێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران زیانی زۆری بەرکەوتووە رایگەیاند "ھیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لەناو ماڵەکەمەدا نەبووە و داوا لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەکەم، سەردانی ماڵەکەم بکات و لە نزیکەوە راستییەکان ببینێت".
شێخ باز کەریم ئەم گوتەیەی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ھات کە لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حاکم زاملی ساز کرد.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار گرووپ داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر پێکبھێنێت.
شێخ باز کەریم لەبارەی دەنگۆی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە ماڵەکەیدا کە بەھۆی ھێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران زیانی زۆری بەرکەوتووە گوتی: "ھیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لەناو ماڵەکەمەدا نەبووە و داوا لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەکەم سەردانی ماڵەکەم بکات و لە نزیکەوە راستییەکان ببینێت".
راشیگەیاند کە بە دەرخستنی راستییەکان لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکە، نیگەرانییەکانمان دەڕوێتەوە و ئاسودە دەبن و گوتیشی: "لەئێستادا ئامانجمان ھێورکردنەوەی رەوشەکەیە".
لای خۆیەوە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حاکم زاملیی رایگەیاند کە عێراق، ھەڕەشە نییە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ و ئاماژەی بەوەیش دا کە عێراق پەیوەندیی باشی لەگەڵ سەرجەم وڵاتان ھەیە.
حاکم زاملی باسی لەوەش کرد کە عێراق بەشێوەیەکی گشتیی بووەتە ئامانجی زۆرێک لە وڵاتانی و ھەندێک نانەوێت عێراق سەقامگیر بێت و گوتی: "پێویستە وڵاتانی دراوسێ لەوە تێبگەن کە عێراق نەک ھەڕەشە نییە بۆسەریان، بەڵکو دەرگای عێراق بۆ کاری وەبەرھێنان بەڕووی وڵاتانی دراوسێ کرایەوە و پێویستە وڵاتانی دراوسێی رێز لە عێراق بگرن".
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەیش دا کە عێراق پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ھەیە و گوتی: "عێراقییەکان رەتی دەکەنەوە کە بڕیارەکانمان پەیوەندییان بەھیچ وڵاتێکەوە ھەبێت و ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جیاوازە لە خولەکانی پێشووتر و عێراق خاوەن سەروەریی و بڕیاری خۆیەتی".
ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە پێکھاتووە لە جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا و ھەریەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، نایف مکیف شممەری، عەتوان عەتوانی، عەباس زاملی و ھەرێم کەمال ئاغا گەیشتە ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لە میانیدا سەردانی ئەو شوێنانەی کرد کە رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لە ئاکامی ھێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر شاری ھەولێر کرانە ئامانج و لە نزیکەوە زیانەکانی ھێرشەکەیان بینی.
ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر
بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستان، بەرەبەیانی ١٣ی ئەم مانگە، ١٢ مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، ھێرشە مووشەکییەکەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەوەنەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئاماژە بەوەشکرابوو "بێدەنگی کومەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانە، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە".
ھێرشەکە لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی سەرکۆنە کرا.