عێراق

سەرەڕای زیاتر لە ٣٠٠ هێرشی دڕۆنی بەردەوام بۆسەر شارەکە بەڵام هێشتا بازاڕەکانی هەولێر زیندوون

بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ ھەردوو جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز دەکەونە یەک ڕۆژ، بۆیە بازاڕی دوورینی جلوبەرگی کوردی و دوکانەکانی چەرەزاتفرۆشی گەرمە.

Heman Hussein Yaseen  | 18.03.2026 - نوێکردنەوە : 19.03.2026
سەرەڕای زیاتر لە ٣٠٠ هێرشی دڕۆنی بەردەوام بۆسەر شارەکە بەڵام هێشتا بازاڕەکانی هەولێر زیندوون

Arbil

هەولێر - AA

لە کاتێکدا جەنگ و ململانێ لە ناوچەکەدا ھەیە و ھاووڵاتییان لە دۆخێکی ناسەقامگیریی دەروونییدا بەرەو ڕۆژانی هەردوو جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز دەچن، بەڵام بەشێک لە بازاڕەکان زیندوون و فرۆشیاران بە گەشبینییەوە باسی گەرموگوڕی بازاڕ دەکەن و بە پێچەوانەشەوە ھەندێکیان پێیانوایە جەنگ، ترس، دڵەڕاوکێ، پچڕانی کارەبا و نەبوونی گەشتیاریی ناوخۆ، بازاڕەکانی سست کردوو.

بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ ھەردوو جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز دەکەونە یەک ڕۆژ، بۆیە بازاڕی دوورینی جلوبەرگی کوردی گەرمە و بەرگدوورێکیش دەڵێت ئەوەندە جلوبەرگمان دووریووە، ئەمساڵ ھەر لەماڵ بێیتە دەرەوە ھاووڵاتییان بە جلوبەرگیی کوردییەوە دەبینیت.

ئەم پیشەوەرە سەرەڕای جەنگ و ناسەقامگیریی، دیدێکی گەشبینانەی ھەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ لە زۆربەی ساڵەکان بازاڕی دوورینی جلوبەرگ گەمتر بووە.

بەرگدوور، عەبدولسەمەد عەبدولخالق لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قەت باوەڕم نەدەکرد ئەمساڵ بازاڕ وابێت، سەرەڕای جەنگ و قەیرانی دارایی و ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکەش، کەچی بازاڕ گەرم و گوڕە و، پێشبینی دەکەم ئەمساڵ ھەر ھاووڵاتییەک لە دەرەوە ببینین جلوبەرگی نوێی کوردیی لەبەردابێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە پچڕانی کارەبا بۆ ماوەی ھەفتەیەک کاریگەریی نەرێنی لەسەر کارەکانمان ھەبوو، ھەر بۆیەش ئێستا کاتی زۆر زیاتر کار دەکەین تا بتوانین لە کاتی خۆیدا جلوبەرگی ھاووڵاتییان تەواو بکەین".

لەبارەی جۆری قوماشەکانیشەوە، عەبدولسەمەد عەبدولخالق گوتی: "ئەوەی ئێستا لە بازاڕ هەیە، قوماشی چینییە چونکە نرخەکە هەرزانترە، ئەگەرنا قوماشی تورکی هەیە کوالێتییەکەی زۆر بەرزە و نرخی کەمێک گرانترە، بۆیە خەڵک زیاتر قوماشی چینی دەستنیشان دەکات، هەروەها ئەمساڵ ھەموو تەمەنێک سەردانی کردووین بەڵام زیاتر گەنجەکان داوای مۆدێلی قاتی بە کەتاف و زنجیر دەکەن و، ھیوادارین بتوانین بۆ جەژن ھەموو جلوبەرگەکان بدەینەوە بە کڕیارەکانمان".

یەکێک لەو بابەتانەی کە لە جەژنەکاندا پێشکەشی میوانەکان دەکرێت، چەرەزاتە و ھاووڵاتییان لە ھەر دۆخێکدا ھەبن، کڕینی چەرەزات پشتگوێ ناخەن و ھاوشان لەگەڵ جۆرەکانی شیرنیی، سەر مێزی میوانەکانی پێ دەڕازێندرێتەوە.

چەرەزاتفرۆشێک کە ماوەی سێ دەیەیە سەرقاڵی پیشەکەیەتی، ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە فرۆشی وەک ساڵانی پێشوو بووە و بەھۆی بەرزی کوالێتیی بابەتەکانییەوە، کڕیارەکان بەردەوام سەردانی دەکەن.

چەرەزاتفرۆش سدیق سەلیم لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی سی ساڵە لەم پیشەیەدام، ئەمساڵ بازاڕمان وەک ساڵانی ڕابردووە، کڕیاران بەھۆی کوالێتی و گونجاوی کاڵاکانەوە سەردانەمان دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەی نرخ لە بابەتی فستقدا ھەیە، بۆ نموونە کیلۆی فستق دوو ھەزار دینار گرانبووە، ئەو گۆڕانکارییەش دەگەڕێتەوە بۆ گرانبوونی نرخی کۆنتێنەرەکان کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەپێی سیستەمی ئەسیکۆدا دیارییکراوە".

شوێنەکە پڕیەتی لە بابەتی جیاواز کە لە سەرانسەری جیھانەوە سەرچاوەیان گرتووە، وەک بابەتی فستق لە ئێران و ئەمریکا، فستقی تایبەتی عەنتاب لە تورکیا و فستقی عابید لە چین و ڕۆژانەش لە کاتژمێر ھەشتی بەیانی تا یەکی دوای نیوەشەو شوێنی کارەکەی کراوەتەوە و وەک خۆی دەڵیت: "ئێمە ڕۆژانە لە بەیانییەکی زووەوە دێینە دوکانەکەمان و بابەتەکانمان پێشکەش بە خەڵک دەکەین، ئێستا بەزۆری تێکەڵە خواستی لەسەرە، ئەویش سێ جۆری ھەیە، جۆرە باشەکەیان بریتییە لە تێکەڵەی فستق و گازۆ و باوی، جۆرەکانی دیکەش ناوکی کودی و دەنکە نۆکی تێکەڵکراوە کە ئەوانە نرخەکەیان ھەرزانترە بەراورد بە جۆری یەکەم".

بەپێچەوانەی ھەموو ئەوانەش عەتاڕێکی ناو بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی جەنگ و نەبوونی گەشتیاریی ناوخۆییەوە، بازاڕەکەیان لەوپەڕی سیستییدایە و ئاماژە بەوە دەکات کە نەبوونی شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕ ھۆکارێکی دیکەیە کە خەڵک ڕوو لە مۆڵە بازرگانییەکان بکەن.

عەتاڕ، فاروق عەبدولغانی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ بازاڕ چۆڵە، ھۆکارەکەیشی دۆخی دارایی و دۆخی جەنگ و نەبوونی گەشتیاریی ناوخۆیە، ئەوانە ھەموو ھۆکارن، ھەروەھا پێشتر بەس بازاڕی قەیسەری ھەبوو کە خەڵک پێداویستییەکانی لێ بکڕیت، ئێستا مۆڵەکان ھەیە و پاڕکینگی خۆی ھەیە و بە پێچەوانەوە لە بازاڕ شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل کەمترە".

فاروق عەبدولغانی گوتیشی: "جەژنی ڕەمەزانی پارساڵ بازاڕ باشتر بوو بەراورد بە ئێستا چونکە ئەوکات گەشتیاری ناوخۆ ھەبوو، ئێستا بەبۆنەی شەڕ و ناسەقامگیریی ناوچەکە گەشتیارانی ناوخۆ لە باشوور و ناوەڕاستی عێڕاقەوە کەمتر دێنە هەرێمی کوردستان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın