سهرۆكى ههرێمى كوردستان لهگەڵ شاندێکی باڵاى سهربازيى بهریتانیا کۆبووەوە
سهرۆكى ههرێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە گەورە راوێژکاری بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، مارشاڵ سامی سامپسۆن و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەریان کرد.

Arbil
هەولێر - AA
سهرۆكى ههرێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە گەورە راوێژکاری بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، مارشاڵ سامی سامپسۆن و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەریان کرد.
بە گوێرەی راگەیەنداوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشھاتەکانی شەڕی دژی تیرۆر و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی داعش، جموجووڵی چەکداری و چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی، ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، یارمەتی و ھاوکاریی بەریتانیا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەھێزکردنی سیستمی بەرگریی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، پتەوکردنی ھاوبەشی و ھاریکاریی زیاتری سەربازیی بەریتانیا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ رۆڵی بەریتانیا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ھاوکاری و پشتگیریکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ تێکشاندنی داعش، جەختی لە پێویستی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە بەردەوامیی ئەرک و پشتگیری و ھاوکاریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردن و نەھێشتنی یەکجارەکیی داعش و مەترسییەکانی کردەوە، ھەروەھا سوپاسی ھاوکاریی سەربازیی بەریتانیای بۆ ھەرێمی کوردستان لەڕووی مەشق و راھێنانی پێشمەرگە و رۆڵ و بەشداری و پشتگیری لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە کونسولی گشتیی بەریتانیا لە ھەولێر ئامادەی بوو، شاندی میوان ستایش و پێزانینان بۆ رۆڵ و قوربانییەکانی پێشمەرگە لە تێکشاندنی داعش دەربڕیووە، ھەروەھا گرنگیی بوونی میکانیزمێکی تۆکمەی ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بە پشتگیریی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەتایبەتی لەو ناوچانەی بۆشاییی ئەمنییان ھەیە دووپات کرایەوە و باس لە دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند بابەبێکی جێی بایەخی ھاوبەش کرا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن