سلێمانی.. دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانیکردن بە شوێنەواری مێژوویی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی باندێکی بازرگانیکردن بە شوێنەواری مێژوویی دەستگیر کرد.

As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی باندێکی بازرگانیکردن بە شوێنەواری مێژوویی دەستگیر کرد.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی رێکخرا و لە میانیدا، دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانیکردن بە شوێنەواری مێژوویی و سکەوە راگەیەندرا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی یاسین سەمیع ئاماژە بەوە دا کە رۆژی هەینی، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دوای دەستخستنی زانیاری ورد لەسەر باندێک کە هەڵدەستن بە بازرگانیکردن بە کەرەستە و شوێنەواری مێژوویی لە دوای چاودێریکردنی وردی گرووپەکە، تواندرا سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگیر بکرێن و دەستیشبگیرێت بەسەر ئەو کەلوپەلانەی بەنیازی فرۆشتن و مامەڵەپێوەکردنیان بوون کە بریتین لە سکەی مێژوویی و چەند کەلوپەلێکی تری دێرین کە خۆی لە گۆزە، پارە و کەلوپەلی ناوماڵدا دەبینیەوە.
بەپێی زانیارییەکان سکەکان خۆی لە سکەی ئیسلامی جۆراوجۆر، سکەی ساسانی تەخت، سکەی فەرهادی، سکەی زیوی، سکەی ساسانی و سکەی ئیسلامی زیویدا دەبینێتەوە کە دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە بەشێێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، باس لە تاوانێکی کوشتن لە شاری سلێمانی کرا و لەم بارەیەوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی یاسین سەمیع رایگەیاند، رۆژی هەینی دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە دەست ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، سەبارەت بە کارێکی تاوانکاری کوشتنی هاووڵاتییەکی شاری سلێمانی، دوای ئەوەی تیمەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، دەستبەجێ دەست کراوە بە کاری لێکۆڵینەوە لەبەرامبەر ئەنجامدەرانی تاوانەکەدا.
ئاشکراشی کرد کە هێزەکانی ئاسایش توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا سەرەداوی کوشتنی هاووڵاتییەکە بدۆزنەوە و بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەکان، تاوانبارەکە دەستگیر بکەن و رادەستی دادگای بکەن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن