عێراق

تەرمی ٥ لە خنکاوانی رووداوەکەی دەریای ئیجه‌ گەیشتنەوە سلێمانی

دوای ئەوەی کە ١١ی ئەم مانگە ١١ کەس لە ئاوی دەریاچەی ئیجه‌دا خنکان و چەند کەسێکی تر بێسەروشوێن بوون، ٥ لە خنکاوەکان هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بوون، ئەمڕۆ تەرمەکانیان گەیشتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لەوێوە هەریەکەو بۆ زێدی خۆی بەڕێکران.

Rewa Mahmood Hasan  | 25.01.2020 - نوێکردنەوە : 25.01.2020
تەرمی ٥ لە خنکاوانی رووداوەکەی دەریای ئیجه‌ گەیشتنەوە سلێمانی

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

دوای ئەوەی کە ١١ی ئەم مانگە ١١ کەس لە ئاوی دەریاچەی ئیجه‌دا خنکان و چەند کەسێکی تر بێسەروشوێن بوون، ٥ لە خنکاوەکان هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بوون، ئەمڕۆ تەرمەکانیان گەیشتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لەوێوە هەریەکەو بۆ زێدی خۆی بەڕێکران.

پێش نیوەرۆی چوارشەممە ٢٢ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٠، لە وڵاتی یۆنان و لە باڵیۆزخانەی عیراق لەو وڵاتە، کاروباری یاسایی بۆ گێڕانەوەی تەرمی ٥ پەنابەر بەکۆتا هاتن، کە لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی یەختێکدا لەناو دەریای ئیجه‌، ڕۆژی ۱۱ی ئەم مانگە گیانیان لەدەستدا.

تەرمەکان رۆژی ٢٣ی کانوونی دووهەم، بەڕێکران بۆ دۆحەی پایتەختی قەتەر و شەوی رابردوو ٢٤ی کانوونی دووهەم سەعات ٨:٣٠ تەرمەکان گەیەندرانەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی.

لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، سەرۆکی رێکخراوی لووتکە ئاری جەلال، کە بەهاوکاری چەند کەسایەتییەک ئەرکی گێڕانەوەی تەرمی ئەو پەنابەرانەیان بۆ هەرێمی کوردستان لەئەستۆگرتبوو، ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد بۆ گێرانەوەی تەرمی ئەو ٥ کەسەی خنکاون و راشیگەیاند کە ئەوان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دۆزینەوەی بێسەرو شوێنەکانی تری رووداوەکە.

ئاری جەلال گوتی، "بەداخەوە لە رووداوی ١١ی ئەم مانگەدا لە دەریاچەی ئیجەدا چەند کەسێک بێسەروشوێن بوون و ٥ کەس لەوانەی گیانیان لەدەست داوە و تەرمەکانیان دیارە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن، دوای ئەوەی نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران بەشێوەیەکی فەرمی سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە، کار بۆ ناسینەوەی تەرمی ٥ کەس کراوە، تەرمەکان گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان و ئێستا رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە".


- "لە رووداوەکەدا ١٥ کەسی تر بێسەروشوێنن"

لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئاری جەلال ئاماژە بەوە دەکات ١٥ کەسی تر لە رووداوەکەدا بێسەروشوێنن و ئەوان کار دەکەن بۆ گەڕان بەدوای ئەو ١٥ کەسەی بێسەروشوێنن و دەڵێت، "نموونەی DNA لەکەسوکاری بێسەروشوێنەکان وەرگیراوە و ئاراستەی پۆلیسی کەناراوەکان دەکرێت لەو وڵاتانە، تاکو بتوانن چارەنووسی ئەو پەنابەرانە بێسەروشوێنانە دیاری بکرێت".

کۆسرەت عەبدوڵا ئیبراهیم کە یەکێکە لەو گەنجانەی قەڵادزێ لە رووداوی نقوومبوونی یەختەکەدا دیار نەماوە و ئێستا کەسوکارەکەی بەدوایدا دەگەرێن.

سەفەر عەبدوڵا ئیبراهیم کە برای ناوبراوە، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم کرد کە کار بکەن بۆ دۆزینەوەی سۆراخی براکەی و گوتی، "ئێمە هەموو دەقەیەکمان مردنێکە لەچاوەڕوانی کەسوکارو وگەنجەکانماندا، تاکو بیانگەڕێننەوە، لەکاتێکدا ئەوان لەبەر بێکاری و دانەمەزراندنیان روویان کردۆتە هەندەران. پێم وانیە هیچ کەسێک لە خۆشیدا گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە".

١١ی ئەم مانگە لە کەناراوەکانی شارۆچکەی چەشمەی سەر بە پارێزگای ئیزمیر، بەلەمێک نوقمی دەریابوو، دواتر تەرمی ١١ کەس دۆزرایەوە کە ٨یان منداڵ بوون، ٨ کەسیش رزگار کرابوو.

لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا خاوەنی بەلەمەکە، کاپتنەکە، ئەو کەسانەی کۆچبەرەکانیان لەماڵەکانی خۆیاندا گلدابوویەوە و چەند کەسێکی تری پەیوەست بە رووداوەوە دەستگیر کران کە ژمارەیان ٦ گومانلێکراوبوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن