بەڕێوەچوونی ٣٧هەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال لە گەرمیان
بە شێک لە هاووڵاتیانی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکەدا وێنەی کەسوکاریان بەدەستەوە بوو کە ئەنفال کراون.

As Sulaymaniyah
چەمچەماڵ – AA
کەسوکاری ئەنفالکراوان و هاووڵاتیانی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق، بە بۆنەی ٣٧مین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ ئامادەبوون.
لە ڕێوڕەسمێکدا کە بەو بۆنەیە بەڕێوەچوو و بەرپرسانی حزبی و حکوومی ناوچەکەش ئامادەبوون، بەشداربووان تاجە گوڵینەیان لەسەر مۆنیۆمێنتی ئەنفال دانا و، نزایان بۆ قوربانیان کرد.
بەشێک لە هاووڵاتیانی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکەدا وێنەی کەسوکاریان بەدەستەوە بوو کە ئەنفال کراون.
تریفە مەمەند عەبدوڵڵا، کە یەکێکە لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە و، لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا تەمەنی زۆر بچووک بووە و هەموو کەسوکاری ئەنفال کراوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و باسی لەوە کرد بەشداری کردنیان لە یادکردنەوەی کارەساتی ئەنفال کە کارەساتێکی زۆر ناخۆشە، کەمێک سوکنایی بە دڵیان دەدات.
تریفە باسی لەوە کرد کە دایک و باوک و سێ برا و خوشکێکی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون و شەهید بوون و، ڕایگەیاند: ''دایکم و باوکم لەگەڵ سێ برا و خوشکێکم ئەنفالکراون، کاتێک دێین بۆ ئێرە کەمێ سووکنایی بە دڵماندا دێت''.
گوتیشی: ''یادی ئەنفال یادێکی زۆر ناخۆشە، بەڵام کە دێین و بەشداری دەکەین کەمێک سوکنایی بە دڵماندا دێت، ئەم قوربانیانە هی هەموومانە و جیاوازی نییە لەلامان، لەبەرئەوەی ئازارمان یەکە، هەمووی دایک و باوکی من و، دایک و باوک و کەسوکاری کەسی دیکەیە''.
تریفە ئاماژەی بەوە کرد کاتێک فاتیحە بۆ ڕۆحی قوربانیانی ئەنفال دەخوێنێت بۆ گشتیان بەبێ جیاوازی دەخوێنێت و، گوتی: ''من پار چووم بۆ زیندانی نوگرە سەلمان، ئەو گۆڕانە هەمووی هی هەمووانی تێدایە، بەڵام نازانی کەمەیان هی کێیە، من کە فاتیحە دەخوێنم بۆ هەمووی دەخوێنم''.
شاڵاوی ئەنفال، کۆمەڵکوژیی کوردانی باکووری عێراق بوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی عێراق لە میانی ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا، تیایدا ١٨٢ هەزار کەس بێسەروشوێن و یان زیندەبەچاڵ کران کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
لە ئاکامی شاڵاوی ئەنفالدا چوار هەزار و ٥٠٠ گوند خاپوور کران و، دانیشتوانی زۆرێک لە گوندەکانی باکووری عێراق بە زۆرەملێ ئاوارە و دەربەدەران، ئەوەیش قەیرانێکی گەورەی پەنابەری لە ناوخۆی عێراق و لە وڵاتانی دراوسێ دروستکرد.
هاوکات گوند و قەزا و شوێنە کولتوورییەکان وێران بوون و زیانیان پێگەیشت، سەرچاوە ئابووریی و ئاوییەکان لەناوبران.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق ڕۆژی ١٤ی نیسانی کردووە بە ڕۆژی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژیی ئەنفال و، هەموو ساڵێک لەو یادەدا چەند ڕێوڕەسمێک ساز دەکرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن