
هه‌ولێر - شوان سدیق
كۆبوونه‌وه و دیدار و گفتوگۆی حزبەکان و سه‌ركرده‌کانی سیاسی پێنج لایه‌نه‌كه پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه و هەتا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام.
دوانیوه‌ڕۆی چوار شه‌ممه شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بازانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌و حزبه سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانیان كرد له شاری هه‌ولێر.
دوای نزیكه‌ی دوو سه‌عات له كۆبوونه‌وه، له‌گه‌ڵ شاندی یه‌كگرتووی ئیسلامی كه ئه‌مینداری ئه‌و حزبه محه‌مه‌د فه‌ره‌ج سه‌رۆكایه‌تی كرد شاندی پارتی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌جێهێشت.
سه‌رۆكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند "سوپاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌كه‌ین، له‌وه‌ته‌ی ئه‌م ئه‌زمه‌یه ده‌ستی پێ كردوه ئه‌وان هەتا ئێستا رۆڵێكی گرنگیان هه‌بووه رۆڵی ئه‌مینداری گشتیش له‌سه‌ر ئه‌وه بووه چۆن بتوانرێ سازانێك له‌م وڵاته له‌سه‌ر پرسیه‌كان بكرێت له‌م وڵاته هه‌موومان یه‌ك بین".
بارزانی گوتیشی: "كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆشمان له‌سه‌ر هه‌مان پرس بوو چۆن بتوانین سیغه‌یه‌كی هاوبه‌ش بدۆزینه‌وه، هه‌وڵێك بده‌ین بۆ چاره‌سه‌ر ی ئه‌م كێشه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه".
جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد کە "كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامی و لایه‌نه‌كانی تریش به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌و هیوایه‌ین بگه‌ینه به ئامانجێكی هاوبه‌ش".
نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه کە "هیوادارین بگه‌یه‌نه ئه‌نجام".
هه‌روه‌ها بارزانی درێژه‌ی به قسه‌كانی دا و گوتیشی "ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان كرا ئێمه قبووڵمان نییه ئێمه ده‌مانه‌وێت كێشه‌كان به سازان و ته‌وافوق یه‌كلای بكرێنه‌وه، په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای سازان و ته‌وافوقی سیاسی دامه‌زراندوه، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كتر شكان و ئێسك شكاندنی هه‌یبه‌ت بۆیه پێموایه ده‌بێ له نێو خۆماندا به‌هه‌ر جۆرێك بێت رێك بكه‌وین، پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پرسێك نییه له په‌رله‌مان چاره‌سه‌ری بكه‌ین، پێویسته هێزه‌کانی سیاسی پێكه‌وه دابنیشن و چاره‌سه‌ری بكه‌ن".
پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سیاسی و سه‌ركرده و شه‌قامی كوردی به‌خۆوه سه‌رقاڵ كردوه، هه‌ر چه‌نده 14 رۆژی تر به‌پێی یاسای ژماره ژماره 19ی ساڵی 2013 ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعوود بارزانی له 19ی ئابی 2015 ته‌واو ده‌بێت.
ئه‌و پۆسته‌ش له ده‌ست پارتی دیموكراتی كوردستاندایه چوار لایه‌نه‌كه‌ی تر یه‌كێتی، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو پێداگیری له‌سه‌ر سیسته‌می په‌رله‌مانی ده‌كه‌نه‌وه و چوار پرۆژه یاسایان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایی ژماره یه‌كی ساڵی 2005ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم داوه‌ته په‌رله‌مان به‌ڵام هەتا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان كه خاوه‌نی 38 كورسی په‌رله‌مانییه ره‌تی ده‌كاته‌وه، به‌شداری له‌و گفتوگۆیانه بكات بۆ هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. ده‌یه‌وێت له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان به سازان پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یه‌كلای بكرێته‌وه.
پرۆژه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌وه‌یه بارزانی بۆ دووساڵی تر له پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه هه‌روه‌ها له داهاتووشدا سه‌رۆكی هه‌رێم له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، چوار لایه‌نه‌كه‌ی تریش كۆك نین له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی پارتی.