سياسەت

مەحمود عوسمان: "پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق وادەیەکی زیاتر دەخایەنێت"

ـ سیاسەتمدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، مەحمود عوسمان رایگەیاند، ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەرییان لەسەر ھەموو شتێک کردووە لە عێراقدا.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 20.08.2018 - نوێکردنەوە : 21.08.2018
مەحمود عوسمان: "پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق وادەیەکی زیاتر دەخایەنێت"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، لیستە سەرکەوتووەکانی پەرلەمان سەرقاڵی کۆبوونەوە و گفتوگۆن بۆ پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی، تاوەکو بە ئەرکی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ راسپێردرێن.

دوێنێ یەکشەممە، ھەریەک لە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، موقتەدا سەدر و سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی و سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، ئەیاد عەللاوی لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێدا گەورەترین ھاوپەیمانیی پەرلەمانییان پێکھێنا.

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نوری مالیکی، ھیشام ریکابی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە مالیکی، ھاوپەیمانیی فەتح، کورد و ژمارەیەک لە لایەنە سوننییەکان، ئەمڕۆ گەورەترین ھاوپەیمانیی پەرلەمانیی رادەگەیەنن.

سیاسەتمدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، مەحمود عوسمان لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەئێستادا لە عێراق دوو بەرەی سیاسی ھەیە، یەکەم بەرەی سەدر و عەبادی و حەکیم و ئەو لایەنانەیە کە دوێنێ کۆبوونەوە و نەیانتوانی گەورەترین لیست رابگەیەنن بە ھۆی ئەوەی کە ھەموویان نەچووبوونە کۆبوونەوەکەوە، بەرەکەی تریان بەرەی مالیکی و عامری و ئەو لایەنانەی ترە کە باس لەوە دەکرێت ئەمڕۆ کۆببنەوە و ھەوڵی خۆیان بدەن، چاوەڕوان دەکرێت بزاندرێت ژمارەی پەرلەمانتاران کام لەم دوو بەرەیە زۆرترە، ئەوکات دەبێت سەرکۆمار ئەو بەرەیە رابسپێرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ".

مەحموود عوسمان کە لە دوو خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتار بووە، پێشبینی دەکات بە ھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان، کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان و راسپاردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت وادەیەکی زیاتر بخایەنێت.

ئەو ھەروەھا گوتی: "ململانێییەکانی ئەمریکا و ئێران لەناو عێراقدا کاریگەری خۆیان ھەیە، لایەنی ئەمریکی خوازیاری سەرکەوتنی کۆبوونەوەکەی دوێنێی بەغدای بەرەی سەدر و عەبادی و حەکیم بوو، بەڵام ئێران دژی بوو، چونکە ئێران لەگەڵ بەرەی مالیکی و عامری و ئەوانی تردایە".

ئەو سیاسەتمەدارە ئەوەشی گوت "تا ئێستا نازاندرێت کورد و لایەنە سونییەکان لەم نێوەندەدا بەرەو کوێ دەڕوات، بەبڕوای من ئەو ململانێیە (ئەمریکا و ئێران) لە عێراق کاریگەری لەسەر ھەموو شتێک کردووە و لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ کاریگەرییان لەسەر دۆخی عێراق ھەیە، بەو پێیەی عێراق لە نێوان ھەردوولا ھەیە و زیانیش دەکات لەو ململانێیانە".

مەحمود عوسمان داوای لە لایەنە کوردییەکانی سەرکەوتووی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد، پێکەوە بە یەکگرتوویی بەشداری پڕۆسەی سیاسی عێراق بکەن و گوتی: "کورد ئەگەر یەک بێت رۆڵی باشتر دەبێت لە عێراقدا، بەپێچەوانەوە ئەگەر پەرتەوازە بێت لاوازتر دەبێت".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın