فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور جەنگی دەرچوو
- فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لاهور جەنگی دەرچوو.

As Sulaymaniyah
سلێمانی-AA
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ھاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتی، لاھور جەنگی دەرچووە.
سەرچاوەیەکی ھەواڵ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەمڕۆ، بەتۆمەتی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و کۆکردنەوەی ھێزی میلیشیا، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاھور جەنگی دەرچوو.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ ھاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتی، لاھور جەنگی لە پەیامێکدا کە لە تۆری کۆمەڵایەتی و لە ھەژماری خۆی بڵاوی کردبوویەوە، ئاماژەی بەوەدابوو بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان، پەنا دەباتە بەر دادگا و بەپێی زانیارییەکان، بەتۆمەتی تەشھیر و ناوزڕاندن لە دادگای لێکۆڵینەوەی یەکی سلێمانی، دوێنێ لاھور جەنگی سکاڵایەکی یاسایی لەسەر ھاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی تۆمار کردووە.
ھاوکات لەماوەکانی پێشوودا فەرمانی دەستگیر کردن بۆ ھەریەک لە پۆلاد جەنگی و ئاسۆ جەنگی برایانی لاھور جەنگی دەرچوو بوو.
لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ بە سکرتێتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە واژۆی فەرید ئەسەسەرد، نوسراوێکی فەرمی ئاراستەی ھاوسەرۆکی یەکێتی و دەستەی کارگێڕ و مەکتەبی سیاسی کردووە و دۆخی یەکێتی بە مەترسیدار ناوزەد دەکات و ٣ پێشنیاریش دەکات بۆ چارەسەر کردنی دۆخەکە کە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
1- پێویستە دەستبەجێ میدیای فەرمیی یەکێتی دوور بخرێتەوە لە ململانێی ناوخۆ، دەبێت میدیای یەکێتی رۆڵی ھێورکردنەوە و یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی یەکێتی ببینێت.
2- پێویستە بە ھیچ شێوەیەک ھێزی چەکدار بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی ناوخۆی حزب بەکارنەھێندرێت.
3- ئەنجوومەنی سەرکردایەتی باڵاترین دەسەڵاتە، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەنجام بدرێت و کێشەکان لەناو ئەنجوومەن(سەرکردایەتی) رێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە، بەردەوامبوونی کێشەکان بەم شێوەیەی ئێستا، یەکێتی بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات.
لە ٨ی تەمموزەوە دوای گۆڕینی ھەریەک لە سەرۆکی دەزگای زانیاریی و فەرماندەی دژە تیرۆر، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ھاوسەرۆکانی یەکێتیدا روویداو دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە، بڕیار درا بە لێسەندنەوەی تەواوی دەسەڵاتەکان لە لاھور جەنگی وەک ھاوسەرۆک.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، لاھور جەنگی و براکانی، چەند تۆمەتێکیان ئاراستە کراوە، لەوانە ھەوڵدان بۆ خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی حزبی بۆ مەبەستی تاکەکەسی و بنەماڵەیی، سەرانە وەرگرتن، قاچاخچێتی ماددەی ھۆشبەر و چەک، ژەھرخواردکردنی چەند سەرکردەیەک و لە دوایین جاریشدا، ژەھرخواردکردنی ھاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی لەلایەن پۆلاد جەنگی-یەوە لەنێو باخێکی مێرگەپاندا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە لاھور جەنگی و براکانی بەھاوکاری چەند کەسێک لە دامەزراوە سەربازییەکاندا، لەگەڵ گروپیکی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە رێککەوتوون و پلانیان ھەبووە لە مانگی تەمووزدا دەست بەسەر چەند پێگەیەکی حکوومی و سەربازیی نێو سنووری سلێمانی-دا بگرن.