عەلاوی: "پێویستە هانی کورد نەدەین بۆ جیابوونەوە"
- جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی: "پێویستە هانی کورد نەدەین بۆ جیابوونەوە".

بەغدا
جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی، سەبارەت بە بڕیاری ئەنجامدامی گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوول، رایگەیاند ''کاتی ئەم بابەتە نییە. پێویستە هانی کورد نەدەین بۆ جیابوونەوە".
ئەیاد عەلاوی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە بەغدای پایتەخت سازیکرد، وێڕای ئاماژەدان بەوەی سەبارەت بە دیارییکردنی بەرواری گشتپرسیی لەلایەن هەرێمەوە، چاوەڕێی هەڵوێستی حکوومەت و پەرلەمانی عێراقن، رایگەیاند ''کاتی ئەم بابەتە نییە. لە داهاتوودا کە سەقامگیریی دەستەبەربوو، رەنگە کاتی بێت. پێویستە کوردەکان هان نەدەین بۆ جیابوونەوە. پیویستە کورد وەک بەشێک لە گەلی عیراق تەماشا بکرێن و پەراوێز نەخرێن''.
عەلاوی باسی لەوەشکردووە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، مەسعود بارزانی و بەرپرسانی دیکەی کورد سەبارەت بە ئامانجی گشتپرسیی و پلانی دوای ئەوەیان، زانیارییان لێ وەردەگرێت.
- نزیکبوونەوە لە سەدر
جێگری سەرکۆماری عێراق، سەبارەت بە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەی، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، قسەیکرد و لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانیی رایگەیاند ''هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوون و رووبەری کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا دەکەین. لەوبارەیەشەوە نزیکبوونەوەمان لە هەریەک لە رەوتی سەدر، پارتی فەزیلە (شیعە) و ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییە گرنگەکان، جێگەی باسە''.
ئەیاد عەلاوی سەبارەت بە قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان و دەنگۆی ئەوەی شاندی هەریەک لە تورکیا، ئێران و قەتەر لە بەغدا کۆببنەوە، گوتی: ''پێموایە عێراق کارێکی لەوجۆرە (نێوەندگیریی) لە ئەستۆ دەگرێت، بەم زووانە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبیدا کۆدەبینەوە و تاوتوێی بابەتەکە دەکەین''.
پرسیاری بۆچوونی سەبارەت بە پەلاماردانی پەرلەمانی ئێران و مەزارگەی ئایەتوڵڵا خومەینی لە عەلاوی کرا و لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەکرد لە ئێران یان هەر شوێنێکی دیکە بێت، ئەوان سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکان دەکەن و گوتی: ''پێویستە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش نەک دەستوەردانە کاروباری ناوخۆمان، پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتاندا بەرەوپێش ببەین. پێویستە ئێرانیش چاو بە سیاسەتی خۆی لەبارەی وڵاتانی ناوچەکە بخشێنێتەوە''.