دیندار زێباری: "هەرێم ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە یەك ملیار دۆلارە بۆ ئاوارە و پەنابەران"
- جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دیندار زێباری بە ئانادۆڵوی راگەیاند ژمارەی ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان دوو ملیۆنی تێپەڕاندووە و رۆژانە زیاتر لە 500 كەس ئاوارەی هەرێم دەبن".

هەولێر
دیندار زێباری دەڵێت لایەنی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆیان وەكو پێویست لە بەرامبەر ئاوارە و پەنابەران هەڵنەگرتووە.
جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان د.دیندار زێباری لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای دەكات ژمارەی ئەو ئاوارە عێراقییانەی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوورەوە روویان كردووەتە هەرێمی كوردستان دوو ملیۆن كەسیان تێپەڕاندووە.
لەوبارەیەوە زێباری رایگەیاند: "ئێمە دوو جۆرە ئامارمان هەیە، ئامارێكیان هی نووسینگەی هەرێمی كوردستانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقە كە باس لەوە دەكات لەسەرەتای ساڵی 2014ەوە 286 هەزار خێزان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لە هەرێم نیشتەجێ بوون، ئاماری دووەمیش هی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی"IOM"ە، ئەو ئامارەش روونی دەكاتەوە زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار كەس لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، لەبیریشمان نەچێت پێش ساڵی 2014ش نزیكەی 40 هەزار خێزانی دیكەمان هەبوو كە پێشتر و لە دوای رووداوەكانی ساڵی 2005ەوە روویان كردووەتە هەرێم، ئەوە سەرباری پەنابەرانی رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵاتیش".
زێباری لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی روونكردەوە كە ژمارەكانی لای ئەوان زیاترن لەوەی تۆماركراون، گوتیشی: "پێشبینی دەكەین ژمارەی ئاوارەكان لە دوو ملیۆن كەس تێیپەڕاندووە، هەرچی ژمارەی پەنابەرانی رۆژئاوایە ئەوا بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان 250 هەزار كەس دەبن".
زێباری گوتیشی: "رۆژانە زیاتر لە پێنج سەد كەس لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە دێنە هەرێمی كوردستان و بەدوای پەناگەیەكی ئارامدا دەگەڕێن".
سەبارەت بە ئەگەری نزیكبوونەوەی رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش لە پارێزگای مووسڵ جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كە هاوكات بەرپرسی لێژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونی كردەوە، "ئازادكردنەوەی هەر ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی داعش لەرووی مرۆییەوە كێشەی لێ دەكەوێتەوە، چونكە لایەنی مرۆیی لایەنێكی زۆر گرنگە و دەبێت گرنگیی پێ بدەین، بۆچوونیشمان وایە دەبێت ئامادەكاریی باش هەبێت بۆ ئەو بارودۆخەی دێتە ئاراوە و سوود لەو ئەزموونەی پێشترمان وەربگرین كە لە نەكاو بە سەدان هەزار كەس روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و رووبەڕووی بارودۆخێكی زۆر لە ناوكاو بووینەوە، بۆیە گرنگە ئامادەكارییەكان لەمبارەیەوە بكرێت".
زێباری باسی لەوەشكرد كە پێشوازیی هەرێم لە ئاوارەی دیكە قورسە بەتایبەت كە هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی ئاڵۆزی داراییدا تێدەپەڕێت و داواشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حكوومەتی عێراقیش كرد یارمەتی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێم بدەن.
لەو رووەوە ناوبراو گوتی: "ئامادەكارییەكان بۆ وەرگرتنی ئاوارەی دیكە بەتەنیا بە حكوومەتی هەرێم ناكرێت، لایەنی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ دەبێت بەرپرسیارێتی وەربگرن و بێنە پێشەوە، لەوبارەیەوە چەندین جار داوامان كردووە ئەو دوو لایەنە لەبارەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی وەربگرن".
ئەو بەرپرسە باڵایەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەخنەش لەوە دەگرێت كە هەریەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها حكوومەتی عێراقیش بەرپرسیارێتیی خۆیان نەگرتووەتە ئەستۆ و دەڵێت: "ئێمە گلەییمان لەوەدایە كۆمەكی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارە و پەنابەرانیش باش نەبووە و وەكو پێویست نەبووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەكو پێویست ئەو پارەیەی دابین نەكردووە كە دەبوو بیكات، ئەوە سەرباری ئەوەی حكوومەتی عێراقیش دابینی نەكردووە، ئێستا ئاوارە و پەنابەران بارگرانییەكی زۆرن بەسەر شانی حكوومەتی هەرێمەوە و تاكە چارەسەری ئەوەش تەنها بەگەڕانەوەی ئەوانە بۆ شوێنی خۆیان".
لەبارەی ئەو بارگرانییەشی كەوتووەتە سەر حكوومەتی هەرێم دیندار زێباری روونی دەكاتەوە، "بەشێكی زۆری هاوكارییەكان بۆ ئاوارە و پەنابەران كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە پێشكەشیان دەكرێت لە ئاستی دوو لایەن بووە، یەكەمیان بوودجەی پارێزگاكان بووە و ئەویش تریش بوودجەیەك بووە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دابین كراوە".
گوتیشی: "ژمارەیەكی تەواو ورد و دروستمان لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی بزانیین حكوومەتی هەرێم چەندی لەسەر ئاوارە و پەنابەران خەرج كردووە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ و پلاندانان ئەوەیان بەنزیكی كردووە و بەپێی خەمڵاندنەكان هەرێمی كوردستان ساڵانە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار لەوان خەرج دەكات بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان".
لەكۆتایی قسەكانیدا زێباری راستەوخۆ رەخنەی لە لایەنی نێودەوڵەتی كرد كە زۆر جار رەخنە لە بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران دەگرن، بێ ئەوەی ئامادەبن هیچ پارەیەك بۆ پێداویستییەكانی ئەوان راستەوخۆ بدەن بە هەرێمی كوردستان.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن