
Arbil
ھەولێر ــ AA
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال کۆچەر رایگەیاند کە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١، ھیچ پەیوەندییەکی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە نییە.
جەمال کۆچەر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق (ina.iq) گوتی:"ھیچ پەیوەندییەک لەنێوان پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەراندا نییە".
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال کۆچەر سەبارەت بە قەرزی کاتی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران گوتی: "حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی ھەیە لە یەک رۆژ تا ٩٠ رۆژ کە قابیلی درێژکردنەوەیە تا ١٨٠ رۆژ قەرزی کاتی بکات، بێ ئەوەی ھیچ یاسایەکی تایبەت لەوبارەیەوە پێشکەش بکات".
گوتیشی: "تا ئێستا، بوودجەی ٢٠٢٠ پەسەندنەکراوە، لەبەر ئەوەی بوودجەی ٢٠١٩ و دابینکردنی مووچە لە رێگەی قەرزەوە بەردەوامە کە دواتر قەرزە کاتییەکان لە چوارچێوەی ئەو قەرزانەی کە خراونەتە ناو بوودجەی گشتییەوە، دەبن بە قەرزی ھەمیشەیی".
چاوەڕان دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ کۆببێتەوە.
پێشتر گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەسەن نازم رایگەیاندبوو کە ئۆمێد دەکەن پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی داھاتوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، یەکلایی بکرێتەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن