یەکێتیی ئەورووپا سزا ئابوورییەکانی سەر ڕووسیای درێژکردەوە
Brussels Hoofdstedelijk Gewest
بروکسل - AA
یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریدا ماوەی ئەو سزا ئابوورییانەی بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون، بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژ بکاتەوە.
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا بڵاویکردەوە، ئەو ڕێوشوێنە ئابوورییانەی بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون بەهۆی کردەکانی کە ناسەقامگیریی لە ئۆکراینا دروستکردووە، تا ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦ درێژکراونەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا دوای دەستپێکی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی ٢٠٢٢دا، بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان کراون.
لە چوارچێوەی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپادا، ڕێگریی بەربڵاو بەسەر ڕووسیادا سەپێندراوە کە بوارەکانی بازرگانیی، دارایی، وزە، پیشەسازی، تەکنەلۆجیا، گواستنەوە، بەرهەمە دوو-مەبەستییەکان و کاڵا بەنرخەکان، زێڕ و ئەڵماس دەگرێتەوە.
قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی خاو و هەندێک بەرهەمی نەوتی ڕووسیا لە ڕێگەی دەریاییەوە بۆ یەکێتیی ئەورووپا، دەرکردنی هەندێک بانکی ڕووسی لە سیستمی پارەدانە نێودەوڵەتییەکانی سویفت و هەڵپەساردنی چالاکی ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا، لەنێو سزاکاندان.
بەهۆی جەنگەکەوە یەکێتیی ئەورووپا تا ئێستا ١٩ پاکێجی سزای دژ بە ڕووسیا خستووەتەکار.
ماوەی سزا ئابوورییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سەر ڕووسیا، هەموو شەش مانگ جارێک درێژ دەکرێتەوە.
