گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستیپێکردەوە
Arbil
سلێمانی - AA
دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دا، دوێنێ شەو، یەکەم گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لە نێوان فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئەنجامدرا، ئەمەش کۆتایی هێنا بە چاوەڕوانییەکی زۆر و، ئومێدێکی نوێی بەخشییەوە بە پەیوەندییەکان و بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکان، بڕیارە هەفتانە چوار گەشتی هاتن و چوار گەشتی چوون لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێرڵاینەوە لە نێوان تورکیا و سلێمانی دا ئەنجام بدرێت، ئەمەش ئاسانکارییەکی بەرچاو دەبێت بۆ گەشتیاران، نەخۆش، قوتابییان و بازرگانان کە پێشتر ناچاربوون ڕێگەی دیکە و گەشتی تڕانزێت بەکاربهێنن.
دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیی، جارێکی دیکە ئومێدی بە ھاووڵاتییانی شارەکە بەخشی وەک بوژانەوەیەک و پتەوترکردنی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانیی و کولتوورییەکانی نێوانیان.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی تورکیا، ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بڕیاری کۆتاییهێنانی بە قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی دا و، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دا کردەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان و بوژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکە.
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە سلێمانی، عەتا ئەنوەر خدر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناوزەند کرد و، ڕایگەیاند: "کردنەوەی هەر هێڵێک لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی شاری سلێمانی و، تەنانەت کۆمپانیا و نووسینگە و بریکارە گەشتیارەکانیش دەست بەکارکردن دەکەنەوە، چونکە دوو ساڵ و نیوە لە زەرەر و زیاندان بەهۆی داخستنی هێڵی تورکیش ئێرڵاین".
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە سلێمانی عەتا ئەنوەر خدر هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەر بۆ هێڵەکانی دیکەی ئاسمانیی کە ڕوو لە سلێمانی بکەن، بەتایبەتی ئەو هێڵە ئەورووپاییانەی کە ئاسمانی تورکیا بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیی.
پێشبینی دەکرێت گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و شارە گەورەکانی تورکیا، ھاتووچۆی خەڵک و گواستنەوەی کاڵاکان ئاسانتر بکات و وەبەرھێنانی نوێ ڕابکێشێت و ھانی ھاوبەشی بازرگانی بدات سەرەڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەو گەشتیارانەی لە هەرێمەوە سەردانی تورکیا دەکەن.
