کودەتاچییەکانی مالی: "لە گونجاوترین کاتدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت"
- هەموو سنوورەکانی مالی داخران و قەدەغەکردنی هاتوچۆ راگەیەندرا.

Dakar
داکار- AA
لە مالی لە رێی کودەتای سەربازیی-یەوە سەرکۆماری ئەو وڵاتە، ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا ناچار بە دەست لە کار کێشانەوە کرا.
کودەتاچییەکان رایانگەیاند کە هەڵبژاردن لە گونجاوترین کاتدا ئەنجامدەدرێت.
جێگری فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی مالی، ئیسماعیل واگو لەگەل چەند سەربازێکدا لە کەناڵی فەرمی حکوومەتی مالی-یەوە بەیاننامەی کودەتاکەی خوێندەوە.
ئیسماعیل واگو دەستپێکی قۆناغی راگوزەری سیاسیی و مەدەنیی راگەیاند و گوتی: "وەک کۆمیتەی نیشتمانیی رزگاریی گەل بڕیارمان دا لە بەردەم گەلەکەمان و مێژوودا بەرپرسیارێتی بگرینە ئەستۆ".
جێگری فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی مالی ئەوەیشی راگەیاند کە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا نەگرتووە و هەوڵی پاراستنی سەقامگیری وڵاتەکەیان دەدەن.
ئیسماعیل واگو ئاماژەی بەوەیش دا کە لە گونجاوترین کاتدا هەڵبژاردنەکان ئەنجامدەدرێت.
ناوبراو راشیگەیاند کە هەموو سنوورەکان داخراون و لە کاتژمێر نۆی شەو تا پێنجی بەیانی هاتوچۆکردن قەدەغەیە.
یەکێتی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا کەمێک پێش خوێندنەوەی بەیاننامەکە لەلایەن ئیسماعیل واگو-ەوە رایانگەیاند کە بەتوندی ئیدانەی کودەتاکەی دوێنێی مالی دەکەن و هەموو سنوورە ئاسمانی و وشکانییەکانیان لەگەل ئەو وڵاتە دادەخەن و سەرجەم ئاڵوگۆڕە بازرگانی و مامەڵە ئابوورییەکانیان لەگەل مالی رادەگرن.
- کیتا دەستی لە کارکێشایەوە
بەیانی دوێنێ جموجۆڵێک لە سەربازگەیەکی ناوچەی کاتی نزیک باماکۆ روویدا و چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بەرەو پایتەخت بە رێکەوتن.
سەربازەکانی ناو سەربازگەکە بۆ دوو گرووپ جیابووبوونەوە، بەشێکیان کودەتاچیبوون و بەشێکی دیکەیان لایەنگری کیتا بوون و دەیانویست لەژێر فەرمانی ئەودا بمێننەوە.
راشگەیەندراوە کە سەرۆکی پەرلەمان، موسا تیمبینی و وەزیری دارایی، عەبدوڵڵا دافی و وەزیری دەرەوە، تیابیلێی درامێی دەستبەسەرکراون.
دوێنێ سەرکۆماری مالی دوای دەستبەسەرکردنی برا بۆ سەربازگەکەی کاتی و لە کەناڵی فەرمی حکوومەتەوە دەست لە کارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
بەرهەڵستکارانی کیتا لە مانگی ئایارەوە تا ئێستا چەندین جار خۆپیشاندانیان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو ئەنجامداوە.
لە ماوەی رابردوویشدا یەکێتی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا پێشنیازی گفتوگۆ و دانوستانی لەگەل کیتا بۆ بەرهەڵستکاران کردبوو، بەڵام رەتیانکردبووەوە.
پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەندین رێکخراوی مەدەنیی رایانگەیاندبوو کە تا کیتا دەست لە کار نەکێشێتەوە لە چالاکییەکانیان ناوەستن.
- قەیرانی سیاسی لە وڵاتی مالی
راگەیاندنی سەرکەوتنی ٣١ پەرلەمانتار بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کە ناویان لە ئەنجامە بەراییەکاندا رانەگەیەندرابوو بووە هۆی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییانەی کە لە مانگی ئایارەوە دژبە سەرکۆماری مالی، ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا دەستی پێ کردووە.
لە خۆپیشاندانەکانی ١٠ی تەمووزدا خۆپیشاندەران دەستیان گرت بەسەر بینای رادیۆ وتەلەڤیزۆنی نیشتمانیی و شەقامەکانی شاریان داخست لە رووداوەکانی ئەم خۆپیشاندانانەدا، ١١ کەس کوژران و ١٢٤ی دیکەیش برینداربوون.