پوتین: "ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیجی ڕووسیا-ئێران، بواری بەرگریی ناگرێتەوە"
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین: "لە ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیجی (نێوان ڕووسیا و ئێراندا) هیچ ماددەیەک لە بواری بەرگرییدا بوونی نییە. هاوڕێیانی ئێرانیشمان داوای ئەوە ناکەن".

Saint Petersburg City
سانت پیتەرزبێرگ - AA
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین بە ئاماژە کردن بەوەی لە ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیجی نێوان ئێران و ڕووسیادا هیچ ماددەیەک نییە بواری بەرگریی بگرێتەوە و، ڕایگەیاند: "لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین، ئەمڕۆش لە پەیوەندیداین، سبەینێ و دواتریش لە پەیوەندیدا دەبین. ئێران داوای جۆرێکی دیکەی پشتیوانی نەکردووە".
لە چوارچێوەی کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی سانت پیتەرزبێرگ (SPIEF)، پوتین وەڵامی پرسیاری بەڕێوەبەرانی ئاژانسە هەواڵییە دیارەکانی جیهانی دایەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئەنادۆڵو، سەردار کاراگۆز بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
پوتین باسی لەوە کرد کە ڕووسیا لە ڕابردوودا پێشنیاری ئەوەی کردووە لەگەڵ ئێراندا بەیەکەوە کار لەسەر سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بکەن و، گوتی: "ئێران گرنگیی بەمە نەدا. لە ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیجی (نێوان ڕووسیا و ئێراندا) هیچ ماددەیەک لە بواری بەرگرییدا بوونی نییە. هاوڕێیانی ئێرانیشمان داوای ئەوە ناکەن".
لە وەڵامی پرسیاری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو کاراگۆزدا، سەبارەت بەوەی ئایا ڕووسیا پلانی پشتیوانی کردنی ئێرانی هەیە یان نا؟ پوتین ڕایگەیاند: "گشت بۆچوونەکانمان لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیادا سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا خراوەتەڕوو. هیچ شتێکم نییە بۆی زیاد بکەم. لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین، ئەمڕۆش لە پەیوەندیداین، سبەینێ و دواتریش لە پەیوەندیدا دەبین. ئێران داوای جۆرێکی دیکەی پشتیوانی نەکردووە".
ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوە کرد شارەزایانی ڕووسی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە ئێران کار دەکەن و، گوتی: "٢٥٠ کەسن، ڕەنگە بگاتە ٦٠٠ کەس. بۆ هیچ شوێنێکیش ناچین. ئایا ئەمە پشتیوانی نییە؟".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ڕابەری ئێران، عەلی خامنەیی، پوتین ڕایگەیاند: "نامەوێت بچمە ناو مشتومڕی ئەگەرێکی لەم شێوەیەوە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن