نەتەوە یەکگرتووەکان.. بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، لانیکەم ٧٥ ھەزار فەڵەستینی دەربەدەربوون
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، لانیکەم ٧٥ هەزار فەڵەستینی دەربەدەربوون.

Geneve
جنێڤ - AA
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، لانیکەم ٧٥ هەزار فەڵەستینی دەربەدەربوون.
گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA)، یانس لارک لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، تا ١٩ی ئایار ٢١٩ فەڵەستینی کە ٦٣یان منداڵن گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٧٠ کەسیش برینداربوون.
یانس لارک باسی لەوە کرد کە لە کەناری خۆرئاوا، ٢٥ کەس کە چواریان منداڵ بوون گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و ٣٠٩ کەسیش برینداربوون لە بەری ئیسرائیلیش، ١٢ کەس کوژراون کە دووانیان منداڵن و ٧٩٦ کەسیش برینداربوون.
گوتیشی: ''دوێنێ شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکان لە کەرتی غەززە لە نۆیەم رۆژدا بەردەوام بوو، بەڵام کەمێک چڕتربوو. لە لایەکی دیکەوە لە کەناری خۆرئاوا بە قودسی خۆرهەڵاتیشەوە پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و فەڵەستینیەکان زیادیکرد. بەگشتیی رەوشەکە بەشێوەیەک بەردەوامە کە مایەی نیگەرانییە''.
گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی، یانس لارک هەروەها داوای کرد کە تا ئاگربەست رادەگەیەندرێت ماوەیەکی مرۆیی رابگەیەندرێت بۆ ئەوەی تیمەکانی هاوکاری مرۆیی بگەنە کەرتی غەززە و بەشێوەیەکی ئارام هاوکاریە مرۆییەکان دابەشبکرێت.
یانس لارک ئەوەشی خستەڕوو لە ١٠ی ئایارەوە تا ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، لانیکەم ٧٥ هەزار فەڵەستینی دەربەدەربوون، لەوانەیش ٤٧ هەزاریان لە ٥٨ خوێندنگەی سەربە ئاژانسی هاریکاریی پەنابەرانی فەڵەستینی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان پەنادراون، ٢٨ هەزار و ٧٠٠ کەسی دیکەش لەلایەن خانەوادەکانی دیکەوە پەنادراون.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن