ماوەی ئەرکی سەربازانی تورکیا لە عێراق و سووریا بۆ سێ ساڵی دیکە درێژکرایەوە
لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا، مۆڵەتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی ڕەوانەکردنی سەرباز بۆ عێراق و سووریا، لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە بۆ سێ ساڵی دیکە پەسەند کرا.

TBMM
ئەنقەرە - AA
لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا، مۆڵەتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی ڕەوانەکردنی سەرباز بۆ عێراق و سووریا، لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە بۆ سێ ساڵی دیکە پەسەند کرا.
لە مۆڵەتنامەدا کە واژووی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە بەردەوامبوونی مەترسیی تیرۆر لەو ناوچانەی ھاوسنوورن لەگەڵ سنوورە وشکانییەکانی باشووری تورکیا و بەرقەرارنەبوونی سەقامگیریی ھەمیشەیی، بەردەوام مەترسی و ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەکەن.
هەروەها لە مۆڵەتنامەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی تورکیا گرنگییەکی زۆر دەدات بە پاراستنی یەکپارچەیی خاک، یەکێتیی نەتەوەیی و سەقامگیریی عێراق و، ھاتووە: "لە لایەکی دیکەوە، بەردەوام بوونی پەکەکە و داعش لە عێراق و ھەوڵەکان بۆ جیاکاری لەسەر بنەمای نەتەوەیی و نەژادیی، ھەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاشتیی، سەقامگیریی هەرێمیی و ئاسایشی وڵاتەکەمان. لە سووریاشدا ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتایبەتی پەکەکە/پەیەدە-یەپەگە و داعش درێژە بە بوونی خۆیان دەدەن و بەردەوامن لە دروستکردنی ھەڕەشە بۆ سەر وڵات، ئاسایشی نەتەوەییمان و ھاووڵاتیانی مەدەنی".
لە مۆڵەتنامەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە چوارچێوەی هەموو ئەم پێشهاتانەدا پێویستە لە چوارچێوەی ئەو مافانەی لە یاسای نێودەوڵەتییەوە سەرچاوەدەگرن، ڕێوشوێنی پێویست بگرێنەبەر دژ بە ھەوڵەکان بۆ سەپاندنی دۆخی نایاسایی بۆ تێکدانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا، شکستپێهێنانی ھەوڵەکانی دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و ئاسایش و ڕێگریی کردن لە ھەر جۆرە مەترسی و ھەڕەشە و کارێک کە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست بکەن. هاوکات چەسپاندنی هەوڵەکانی بنیاتنانی سەقامگیریی لە سووریا لە ڕووی ئاسایشی نەتەوەییەوە گرنگییەکی چارەنووسسازی ھەیە.